زیاتر لەیەک ملیۆن ئاوارەو پەنابەر لەھەرێمدا ماون
.jpg)
5 ساڵ لەمەوپێش
ماردین نورەدین
دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند زیاتر لەیەک ملیۆن ئاوارەو پەنابەر لەھەرێمی کوردستان ماون کەزۆرینەیان پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و باکورو رۆژھەڵاتی کوردستانن، ئەمە جگە لەزیاتر لە (750) ھەزار ئاوارەی پارێزگاکانی تری عێراق.
سیروان مەحەمەد سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی وتی "ژمارەی ئاوارەکان نزیکەی (750) هەزار کەسن و پەنابەریش نزیکەی (254) هەزار پەنابەرمان هەیە، بەهەموویانەوە کە خەڵکی سوریاو ئێرانی و کوردی تورکیان".
دەستەى ئامارى هەرێمى کوردستان، دوێنێ یەکشەممە، نەخشەى پێشبینیکراوى ژمارەى دانیشتوانى هەرێمى کوردستانى بۆ ساڵى (2020) بڵاوکردەوەو بەپێى نەخشەکە ژمارەى دانیشتوانى هەرێم بریتییە لە شەش ملیۆن و (171) هەزار و (83) کەس. ئەو نەخشەیەش بەپێی سەرژمێری نەبووە، بەڵکو بەپێی خەمڵاندن بووە.
سیروان مەحەمەد وتی کە لەو ئامارە نوێیەدا ژمارەی ئاوارەو پەنابەریان داخڵ نەکردووە، کە زیاترن لە یەک ملیۆن کەس.
روونیکردەوە کەئامارەکە بەپێی راپۆرتێکی ساڵی 2013 ئامادەکراوە کە باسی ژمارەی دانیشتوان دەکات.
بەپێى نەخشەکە ژمارەى دانیشتوانى هەرێم بریتییە لە شەش ملیۆن و (171) هەزار و (83) کەس، لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و (254) هەزارو (422) کەس دانیشتوى هەولێرى پایتەختن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ژمارەى دانیشتوانى سلێمانى بریتییە لە دوو ملیۆن و (152) هەزار و (595) کەس و پلەى دوەمى گرتووە، لەپلەى سێیەمیش پارێزگاى دهۆک دێت بە یەک ملیۆن و (648) هەزار و (611) کەس.
بەپێى نەخشەکە، ژمارەى دانیشتوانى پارێزگاى هەڵەبجە پێکهاتوە لە (115) هەزارو (455) کەس.

