بەرھەم ساڵح داوای لەھێزە ئەمنییەکان دەکات دور له توندوتیژی پارێزگاری لە خۆپێشانده‌ران بکه‌ن

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێکدا داوای لە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم کرد به‌گوێره‌ی یاسا و دور له توندوتیژی پارێزگاری لە خۆپێشانده‌ران بکه‌ن و رێگه‌ش بدرێ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ئازادانه کاری خۆیان بکه‌ن.
دەقی پەیامەکە:
هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش ئەوەی ئێستا لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی روودەدات مایەی نیگەرانیمانە.
خۆپیشاندانی مەدەنی خەڵك سه‌باره‌ت بە نەبوونی مووچە و خراپی خزمەتگوزارییەكان، مافێکی رەوایە، بۆیە پێویستە لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بەدەنگ ئەو داخوازیانەوە بێن و چاره‌سه‌ری ریشەیی مووچه و بژێوی خه‌ڵک بکه‌ن و هه‌نگاوی خێرا بۆ گێڕانەوەی داھاتی گشتی بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان له رێگای چاکسازیه‌کی راسته‌قینه بگرنه‌به‌ر.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لەپێناو خزمەتی خەڵک بکرێتە کاری هه‌ره سه‌ره‌کی و تاڵانی و قاچاخچێتی و زیاده‌ڕه‌وی بۆ سه‌ر داھاتی گشتیش بەڕێوشوێنی یاسایی دەسبەجێ کۆتایی پێ بھێنرێت.
لێره‌وه دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه توندوتیژی چارەسەر نییە، پێویستە رێز لە ئیرادە و خواستی خۆپیشاندەران و خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه بگیرێ، هاوکات لایه‌نه پێکھێنەرەکانی حکومه‌ت کاری جددی و به‌په‌له بکه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی قه‌یرانه‌کان و جێبه‌جێکردنی خواستی هاووڵاتیان.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا داواکارین ھێزە ئەمنییەکان به‌گوێره‌ی یاسا و دور له توندوتیژی پارێزگاری لە خۆپێشانده‌ران بکه‌ن رێگه‌ش بدرێ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ئازادنه کاری خۆیان بکه‌ن.
توندوتیژی و ته‌قه‌کردن رێکاری نادروستن، لەلایەکەوە ناوبانگی ھێزە ئەمنیەکان کە پارێزەری ئارامی و سەر و ماڵ و بازاڕ و کەسابەتی ھاونیشتیمانیانن لەکەدار دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە ناوبانگی مەدەنیانەی خۆپیشاندەرانیش دەشێوێنێت و له ئه‌نجامیشدا خواسته‌کانیشیان به‌لارێدا ده‌برێن، بۆیه وێڕای مافی رەوای خه‌ڵک لە خۆپیشاندان و بوونی داواکاری ره‌وا، پێویستە رەچاوی ئارامی گشتی و پاراستی دامودەزگاکان و رێزگرتنی هێزه ئه‌منییه‌کان بکرێت.
له‌کۆتایدا وێرای هاوخه‌می بۆ خێزانی قوربانیان داوا له هاووڵاتیانی خۆپیشانده‌ر و هێزه ئه‌منییه‌کان ده‌که‌ین دوور له‌توندوتیژی و گرژی ره‌فتار بکه‌ن و رێگه نه‌ده‌ن روداوی نه‌خوازراو رووبدات.

