سێ حزب داوای خۆپیشاندان دەکەن لە ھەولێر

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
ھەریەکە لە حزبی شیوعی، زەحمەتکێشان، بزوتنەوەی دیموکراتی، داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەکەن لە ھەولێر بەڵام لیژنەی ئەمنی شارەکە داواکەیان رەتدەکاتەوەو ھەر سێ حزبەکەش لیژنەیەکی ھاوبەش پێکدێنن بەرامبەر ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانیان.
کاوە مەحمود سکرتێری حزبی شیوعی لە کۆنگرەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر پەیامی هاوبەشی لایەنەکانی خوێندەوە.
لە پەیامەکەدا ھاتووە "ئێمە وەکو سێ لایەنی سیاسیی کە لیژنەی هاوبەش و هەماهەنگی چەپی کوردستانیمان پێکهێناوە، بە نیازبووین ڕۆژی چوارشەممە خۆپیشاندانێکی مەدەنیی ئەنجام بدەین، بەڵام بەداخەوە ئیدارەی پارێزگای هەولێر ڕێگایان نەدا".
ھەروەھا ھاتووە "ئەمەش دەچێتە خانەی ئەوپێشلکارییانەی هەیە دەربارەی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان، کە ئەم دیاردەیە پەیتاپەیتا تەشەنە دەسێنێت، دوێنێ و پێرێش هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنیان داخستووە".
کاوە مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد، کە تا ئێستا هیچ حزبێکی سیاسیی داوای خۆپیشاندانی نەکردووە لە دەسەڵات، ھەروەھا وتی "کاتێک ئێمە داوامان کردووە بە ئاشکرا بووە و نەک لە پشتەوە ئیشی لەسەر بکەین، بڕیار بوو ئێمە یاداشتێک لە خۆپیشاندانەکە پێشکەشی حکومەتی هەرێم بکەین”.
دەربارەی یاداشتەکە کاوە مەحمود ناوەڕۆکەکەی خوێندەوە، کە تێیدا باس لە قەیران و دۆخی هاوڵاتیان کرابوو چ لەڕووی سیاسیی یان ئابووریی، هەروەها ئاماژە بەوەکرابوو، کە هۆکاری دۆخەکە خراپی ئیدارەدان و قاچخاچێتی لە دەروازەکان و دوو ئیدارەیی بووە.
حزبی شیوعی کورستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، ڕاشیانگەیاند، نەبوونی مووچە و تەواویی دۆخەکە، لایەنە بەشدارەکانی حکومەت و دەسەڵات لێی بەرپرسن.
هەروەها داوایان کرد، کورد بە یەکدەنگی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادا بکات، بەتایبەت دەربارەی بودجە، مووچە، ماددەی ١٤٠ و تەعریب.
داواشیان کرد، کە ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان بۆ تەواویی هاوڵاتیان دەستبەربکرێت و لەسەر ئەو مافانە هیچ هاوڵاتییەک دەسبەسەر نەکرێت، “ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات پێشلکردنی ئازادیی ڕادەربڕینە”.

