جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوا لەحکومەتی ھەرێم دەکات رێز" لە خۆپیشاندان بگرێت

حەسەن کەعبی داوادەكات بەغدا راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشبکات

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد "رێز لە ئازادی رادەربڕین بگرێت" و بەجیدی كار لەسەر چارەسەركردنی قەیرانی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بكات، هەروها بەستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ بە حکومەتی ناوەندەوە وەکو چارەسەرێک بۆ مووچەی فەرمانبەران دیاریدەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 8/12/2020 حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد پشت بە سیاسەتی هێوركردنەوە ببەستێت و رێز لە ئازادیی بیروڕا و خۆپێشاندانی ئاشتیانە بگرێت كە مافێكی رەوای هەموو تاكێكی عێراقییە.

حەسەن كەعبی پێیوایە مانەوەی رەوشەكە بەو شێوەیە و "گوێنەگرتن" لە خۆپێشاندەران كە بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیان خۆپێشاندانیان دەستپێكردووە، قەیرانەكە "زۆر قوڵتر دەكات" و دەیانگەیێنێتە دووڕیانێكی سەخت.

هەروەها دەشڵێت "كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نوێ نییە و بەهۆی دانەنانی بڕگەیەكی تایبەت بە ئەوان نییە لە نێو یاسای كورتهێنانی دارایی كە بەمدواییە لە نێو هۆڵی پەرلەمان دەنگی لەسەردرا، بەڵكو ماوەی چوار ساڵە ئەو كێشە هەیە".

لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێنراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریبکات. 

هەروەها حەسەن کەعبی ئاماژەی بەوە كردووە، ژمارەیەك رێگە هەیە كە دەكرێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی پەنای بۆ ببەن، لەوانە گرێدانەوەی دۆسیەی دابەشكردنی مووچەی هەرێم راستەوخۆ بە بەغدا بەگوێرەی یەكە كارگێڕییەكان، ئەمەش هاوئاهەنگی و هاوكاری زیاتری نێوان بەغدا و هەولێری پێویستە، سەرەڕای دروستكردنی داتایەكی دروست كە بتوانرێت لەو بابەتە پشتی پێ ببەسترێت.

دوای گەڕانەوەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندەکە کۆبووەوە. لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجەی 2021، هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە هیچ شێوەیەک سازش لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناکەین".  

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت "پرسی مووچەی فەرمانبەران تەنیا پەیوەستە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەوەش ئێمە داوایان لێدەكەین دەرگای دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بكەنەوە لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ سەرجەم دۆسییەكان لە چوارچێوەی دەستوور بەتایبەتیش پرسی مووچە بەو پێیەی پەیوەستە بە بنەماكانی قوتی خەڵكەوە كە دەبێت دووربێت لە ناكۆكییە سیاسییەكان، چونكە لە سەرەتا و كۆتایی ئەوان بەشێكن لە دامەزراوەی كارگێڕی دەوڵەت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار