باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: بەکارھێنانی چەك دژی خۆپیشاندەرانی پارێزگای سلێمانی لە ناخەوە ھەژاندمی
باڵیۆزی بەریتانیا داوا لە خۆپێشاندەران دەکات، بە "ئاشتییانە" خۆپێشاندان بکەن و داواش لە دەسەڵاتداران دەکات رێزی خۆپیشاندەر بگرن

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پەیامێکی لەبارەی خۆپێشاندانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات "رێز لە خواستی خۆپێشاندانی ئاشتییانە بگرن و دان بەخۆیاندا بگرن".
ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە پەیامەکەیدا کە لە توویتەر بڵاوکردووەتەوە دەڵێت "راپۆرتی تووندوتیژی و قوربانییەکانی سلێمانی و بەکارھێنانی چەك لە ناخەوە ھەژاندمی؛ داوا لە دەسەڵاتی ئەمنی دەکەم رێز لە خواستی خۆپێشاندانی ئاشتییانە بگرن و دان بەخۆیاندا بگرن".
هەر لەو پەیامەیدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق داوا لە خۆپێشاندەران دەکات، بەشێوەیەکی "ئاشتییانە" خۆپێشاندان بکەن.
ماوەی چەند رۆژێکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەشێک لە هاونیشتمانیان خۆپێشاندان ئەنجامدەدرێت و گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتووەتەوە، بەشێک لە خۆپێشاندەران لە چەند قەزا و ناحیەیەک بنکە و بارەگای حیزبییەکانیان سووتاندوون.
هاوکات جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی هەبووە و بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار کەوتوونەتەوە و تاوەکو ئێستاش خۆپێشاندانەکان بەردەوامن.

