کەسی ئەمریکی

3 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ردار عه‌زیز

گار دۆ ئۆرییەنت، ویستگەی سەرەکی شەمەندەفەرە لەشاری لیسبۆنی پایتەختی پورتوگال، بەکوردی یانی ویستگەی رۆژهەڵات، هاوینی پار لەکاتژمێر یانزەی چێشتەنگا، لەفارگۆنی هەشت، مێزی ژمارەی (٢٠) شوێنێکمان گرتبوو لەلیسبۆنەوە بۆ شارۆچکەی ئەلگارف لەباشور.

باربەرای هاوەڵمان لەوێ ماڵێکی کۆنی نۆژەنکردبوەوەو کردبووی بەناوەندێکی زمان و کەلتوریی، ئەوێ شوێنی مانەوەی ئێمەبوو، ویستگەکە جێگایەکی دڵگیرە، لەساڵی ١٩٩٨ لەلایەن ئەندازەناس و ئەندازیاری ناسراوی ئیسپانی سانتیاگۆ کەلاتراڤاوە تەواوکرا، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی بەبێ سەرئێشە بگەینە شوێنەکەی خۆمان، ئەوەندە لەئەندازەی دڵگیری ویستگەکە رانەماین.

کاتێک گەیشتین، هێشتا چارەکێکی مابوو بۆ کاتی رۆشتن. دڵخۆشبووم کە لەوکاتە کورتەدا لەویستگەکە رادەمێنم. ویستگەکە لەشێوەی باخێکی دارخورمایە کەپەلکەکانی بەیەکدا چووبن، یان باخچەیەک لەگوڵی لیلیاک، کاتێک گەیشتینە سەر مێزەکەمان چوار کەسی کەتە لەوێ دانیشتبون، کەداوامان لێکردن ئەوە جێگای ئێمەیە، بەئینگلیزییەکی ئەمریکی، بەوپەڕی دڵنیاییەوە وتیان: جێگەی ئێمەیەو پێشتر گرتوومانە، بەڵام ئێمەش چەند مانگێک لەمەوپێش لەڕێگای ئینتەرنێتەوە گرتوومانە، ناکرێت هەمان جێگا، لەهەمانکاتدا بۆ دوو گروپی جیاواز بگیرێت، بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر دروستی ئەوان و هەڵەی ئێمە، سێ پیاوو ئافرەتێک بوون، خەریکی ساندویچ خواردن بوون، هەر چواریان کەتەبوون، زۆر خواردن، دەنگی گڕ، قەڵەو لەگەڵ سادەیی و خۆشباوەڕیی، ئەو خەسڵەتانەن کەئەمریکییان پێناسراوە لەئەوروپا.

 دڵنیایی ئەوان ئێمەی ناچارکرد بەدوای جێگای تردا بگەڕێین، سەرەتا پێکەوە دانیشتین، بەڵام بەهاتنی خەڵکەکان ناچار دەبووین هەستین و لەئەنجامدا کاتێک کەشەمەندەفەرەکە کەوتە ڕێ، هەریەکەمان لەجێگایەک بووین، هەموو پلانی روانین و بیرکردنەوەم لەویستگەکە لێتێکچوو.

کەلیسبۆنەمان جێهێشت جابییەکە هات، کە گەیشتە لای مێزەکەی ئێمە بەرەو لای چووم و پێیم وت: ئێمە ئەو جێگایەمان گرتبوو، بەڵام ئەو بەڕێزانە دەڵێن جێگای ئێمەیە، ئافرەتە ئەمریکیەکە هەستایەوە وتی: بەڵێ جێگای ئێمەیە، جابیەکە لێیان نزیک بوەوەو داوای تکتەکانی لێکردن، کاتێک لەتکتەکانی ئێمەو ئەوانی روانی، تەماشایەکی ئەمریکیەکانی کردو وتی، شەمەندەفەری ئێوە ئەم شەمەندەفەرە نیە، شەمەندەفەری ئێوە، کاتژمێرێک دوای ئەمەیە، ئەمریکییەکان تەماشای تکتەکەیان کردو دڵنیابوونەوە، ئینجا ناچاربوون هەستان. پیرە پیاوێکیان بەرەو رووی من هات و ویستی داوای لێبورن بکات، ببورە لێبوردن قبوڵناکەم، پێم وت. هەموو سەرنشینەکان تیلەیان لێدەگرتن و ئەوانیش هەتا دەهات بێزارتر دەبوون. کەمێزەکەیان جێهێشت نامۆو میرۆ دایان لەقاقای پێکەنین. هەموو فارگۆنەکە زەردەخەنەیەکیان کردو ئەوانیش هەریەکیان بەجێگایەکدا پەرتەوازەبوون.

لەڕێگادا زۆر باسی ئەوەمانکرد: ئایا ئەو دڵنیاییە بێگومانەی ئەمریکییەکان لەکوێوە هاتوە؟ لەڕۆژی شەشی ئەم مانگە لەهێرشەکانی سەر کۆنگریس هەموو دونیا بەشێوازێکی زۆر زەق رووبەڕووی ئەو دڵنیاییە ساویلکەیەی زۆرێک لەئەمریکییەکان بووەوە، من ئەمریکام نەدیوە، بەڵام ئەمریکیم زۆر دیوە، دەزانم مرۆڤ لەدەرەوەی وڵاتی خۆی بەتەواوی کەسێکی جیاوازە، لەماوەی پانزە ساڵی رابردوودا بەردەوام مامەڵەم هەبووە لەگەڵ ئەمریکیدا بەهەردوو رەگەزی نێرو مێ و لەئاستی جیاواز، لەخوێندکارەوە هەتا دیپلۆمات، بەگشتی ئەمریکی مرۆڤی سادەو خۆشمەشرەب و چاکن، هاوڕێیەتی و مامەڵەیان خۆشە، دیارە ئەستەمە بڵێی ئەمریکی، چونکە ئەمریکا لانکەی دەیان و سەدان کەلتورو شوناس و کەسایەتی جیاوازە، بەڵام سەرباری ئەمە کۆمەڵێک هاوبەشی و خەسڵەت دروستبووە لەمیانەی دوو سەدەی رابردووی مێژووی ئەمریکادا.

چەمکێک لەڕۆژانی رابردوودا جارێکی تر سەریهەڵداوەتەوە بۆ تێگەیشتن لەجوڵانەوە سیاسی و رەگەزپەرستییەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا، چەمکی سیاسەتی-خەونە، ژنە ناسکنووسی ئەمریکی جوان دیدیون لەکتێبی ئەلبومی ئەمریکیدا وتارێکی ڕۆژنامەیی هەیە، بەناوی سەرنج لەسەر سیاسەتی خەون، کەباسی گروپێکی ئاینی قیامەتی دەکات لەکالیفۆرنیا کەبڕوایان وەهایە بەم نزیکانە قیامەت دێت و پێیان وتراوە کە بنەو باریان بپێچنەوە بۆ تینەسی. جوان لەگفتوگۆیەکی ئەدەبی ناسکدا ئەمانباتە ناو دونیای تایبەتی ئەو گروپەوە. ئەمە شەستەکانی ئەمریکایە، ئەمرۆ گروپە توندڕەوەکانی ئەمریکا بەهەمانشێوەی گروپە ئاینیەکان لەدونیایەکی تایبەتی داخراوی دابڕوادا دەژین.

 دابڕان و داخرانی دونیا هەمیشە کاری گروپە ئاینی و ئایدۆلۆجییەکانە. سنورەکانی باش و خراپ، کوفر و ئیمان، دۆست و دوژمن، هەموو بەشێکن لەئەندازەسازی سنوربەندکردنی ئەندامان و دروستکردنی دونیایەکی تایبەت بۆیان. وەک کارل شمتی نازیی پێمان دەڵێت سیاسەت یانی ناسینی دوژمن، هەرچەندە ئەوەی دەگوزەرێت سیاسەت نیە، بەڵام دوژمنایەتیەکی خێڵکەییە، ئەو گروپانەی هێرشیانکردوە سەر کۆنگریس هەڵگری کۆمەڵێک ئاماژەو سیمبوڵن، دڵنیام لەمانگان و ساڵانی داهاتودا دەبنە مایەی دەیان و سەدان تووێژینەوە. یەکێک لەو گروپانە گروپی پەیمان پارێزییە کەگروپێکی میلیشیایی سپی پێستە، لەگەڵ گروپی سێ لەسەد، کەگروپێکی پاتریوتن، پاتریوت ناوێکی ترە بۆ ناسیونالیست، ئەم گروپە کەسیمبولەکەیان ژمارەی سێی رۆمانییە،III  لەهەڵە تێگەیشتنێکی مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێت کەگوایە تەنها سێ لەسەدی خەڵکی ئەمریکا دژ بەبەریتانییەکان بوون. ئەم گروپە دژە حکومەتن، کەنەرێتێکی دێرینی ئەمریکییە، پشتیوانی مافی چەکهەڵگرتنن، کە لەئەمریکا وەها دەبینرێت فەراهەمکەری ئازادی بێت.

 ئەگەر شەڕی ناوخۆی ئەمریکی و شۆڕشی ئەمریکی پاشخانی ئەفسانەسازی هەندێک گروپە، ئەوا هەندێک گروپی تر دەگەڕێنەوە بۆ سیمبوڵ و ئاماژەکانی پێش ئاینییەکان، بۆ دروستکردنی ئەفسانەو کاریگەریی دانان لەسەر هەست و سۆز، دیارە ئەفسانەسازی لەدونیای ئەمڕۆدا ئاسانترە، چونکە بەئاسانی زمان و وێناو هەقایەت دەهۆنرێتەوە. رۆلان بارت وتارێکی دەگمەنی هەیە، دەربارەی ئەفسانەسازی لەدونیای ئەمڕۆدا، هەندێکی تر لەم سیمبولانە یان ئەوەی بەزمانی ئینگلیزی بەمیم ناسراوە، بەرهەمی دونیای تاریکی ئینتەرنێتە، وەک پیپی بۆق. هەموو ئەمجۆرە یارییانە بنەماکەیان باوەڕە، وەک لەهەموو ئاینەکاندا بوونی هەیە، سیمبول و وێناو حەکایەتەکان دونیایەکی تایبەت بۆ ئەندامەکانیان دروستدەکەن و هەست و سۆزییان کۆنترۆڵ دەکەن.

 ئەم جۆرە لەکۆنترۆڵکردنە، وەهایان لێدەکات کە ناسینەوەو ڕێکخستن و خۆجیاکردنەوەیان بۆ بەرهەم بێت، هەموو ئەمانە دەچێتە ناو پرۆسەی ئابوری سەخت و پڕ لەململانێی ئەمریکییەوە، کەتیایدا سامانێکی زۆر هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی ئێجگار نادادپەروەرانە بڵاوەیکردووە.

لەکوردستان زۆر خەسڵەتی هاوشێوە دەبینین. دونیای خەیاڵ و تێگەیشتنی کوردی بەشێوەیەکی سەرسوڕمان لەژێر کاریگەریی لێکدانەوە ئەفسانەیی و پیلانگێڕیی و دوژمانیەتی و پەرتەوازەیی و کینەدایە، هەموو ئەمانە نیشانەی بێدەسەڵاتبوونی خەڵکی سادەن. لەکاتێکدا ئەم لاوازبون و بێدەسەڵاتبوونە لەڕووی واقیعەوە بەرجەستە دەبێت، بەڵام لەئاستی ئەفسانەیی و سیاسییدا هەتابێت زیاتر توڕەیی کینە دەبێتە ئامرازی سیاسی، وەک جیل لیوپۆر لەتوێژینەوەیەکی قوڵیدا دەربارەی دۆخی کارکردن لەئەمڕۆی ئەمریکادا باسی دەکات، کارکردن لەئەمریکا سەختەو کارکەریی ئەمریکی زۆر زیاتر لەخەڵکی وڵاتانی تر کاردەکات و پشوو هۆڵیدەی کەمترەو لەهەمانکاتدا ژیان و ژیاری ناخۆشترو سەختترە. لەناوەڕاستی حەفتاکانەوە سامان بەجۆرێکی زۆر نایەکسان دابەش دەبێت لەنێوان کارکەرو خاوەن کاردا.

 زۆرجار خاوەن کار موچەکەی ملیونێک جار لەکارکەران زیاترە، ئەوەی پێی دەوترێت ئابوری گیگ، زیاتر ئەمەی تۆخکردووەتەوە، لەدۆخی سەختدا مرۆڤ زۆر ئامادەسازترە بۆ ئەوەی بڕوا بەو ئەو دونیابینیانە بێنێت کەئەفسانەیی و دوور لەواقیعن. وەک مارکس دەڵێت: ئاین دڵی دونیایەکی بێدڵە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار