زمانی دایکو مرۆڤایەتی!
ئارێز عهبدوڵڵا
4 ساڵ لەمەوپێش
زمان ئەو بەهرە خوداییەیە، کەمرۆڤەکان بەهۆیەوە لەیەکتری تێدەگەن و ژیان بەرەوپێشەوە دەبات. کەس بە ئارەزووی خۆی زمانی خۆی هەڵنەبژاردوە، بەڵکو لەخواوە داندراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەیرو سەرسووڕمانە هەموو کەس ناتوانێ وەکو مافێکی خوایی - ئینسانی بەکاری بێنێ!
بێبەشکردن یاخود بێ زمان کردن لەناوچەیەکە، کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکەکەی موسوڵمان و دەسەڵاتدارەکان سەری زمان و بنی زمانیان شانازی بەدینەکەیان و خواپەرستییە! .. کەچی، لەهەرسێ وڵاتی موسڵمانی ئێران، تورکیا و سوریا فێربوون و پەروەردە بوون بەزمانی کوردی واتە ئەو زمانەی خوا پێی داوین قەدەغەیە. حکومەتی ئیخوانی تورکیا، عەلەوی سوریا و شیعی ئێران گەلی کوردیان لەو زمانە بێبەشکردوە، لە کاتێکدا خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ:
(وجعلناکم شعوبا و قبائل لتعارفوا....) هەروەها دەفەرموێ (ومن ایاتە خلق السماوات والارض و اختلاف السنتکم والوانکم.......)
بەڵام بەداخێکی گرانەوە دەسەڵاتدارانی ئەو سێ وڵاتە موسوڵمانە نەک هەر مافی کورد، بەڵکو دەستوری خوداش فەرامۆش دەکەن!
یونسکۆ ئەو رێکخراوە جیهانیەیە، کە ئەمڕۆی کردۆتە رۆژی زمانی دایک، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بتوانێ بەزمانی خۆی قسە بکا، بخوێنێ و پێبگا، لە کۆتاییشدا زمانەکان بەزیندویی بمێننەوە، کەچی ئەو دەوڵەتانە گوێ لەو بڕیارە جیهانیەش ناگرن!
من باسی ئەو وڵاتانە دەکەم کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام لەوڵاتە مەسیحەکانی ڕۆژئاوا ئەگەر پازدە خوێندکاری کورد داوای فێربوون بەزمانی دایکیان بکەن ئەوا دەوڵەت خوێندنگا و مامۆستایان لەسەری ئەرکی خۆ بۆ دابین دەکا.
لەم رۆژە پیرۆزەدا پێویستە هەموومان بەراورد بکەین و بپرسین ئایا بۆچی لە ئێرانێکی برا موسڵمان نزیکەی دە ملیۆن کورد، لەتورکیایەکی برا موسڵمان نزیکەی بیست و پێنج ملیۆن کوردو لە سەریایەکی برا موسوڵمان نزیکەی سێ ملیۆن کورد لەو مافە خوداییە بێبەش دەکرێن و هەوڵدەدەن ئەو دەستکردە خوداییە بسڕنەوە؟!
دەپرسین بۆچی پازدە خوێندکار بۆیان هەبێ لەوڵاتێکی بێگانەی ناموسوڵمان خوێندنگەیان بەزمانی دایک بۆ دابیندەکرێ، بەڵام بەملیۆنان کوردی موسڵمان لەسەر خاکی خۆیان ئەو مافەیان لێ زەوتدەکرێ؟
ئەوە تاکەی؟
پیرۆزبێ رۆژی زمانی دایک و هەر درەوشاوەبێ پەیڤی کوردی...