هەرێم: مێژوویەکی گلۆباڵ

4 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ردار عه‌زیز

چەمکی مێژووی گلۆباڵ لەگەڵ دیاردەی گلۆبالیزەیشن یان جیهانگیریی لەبرەودایە، بەڵام مێژووی گلۆباڵ وەک دیسیپلینێک یان بوارێکی لێکۆڵینەوە، هێشتا نوێیە. چیە ئەگەر لەڕوانگەی مێژووی گلۆباڵەوە هەرێمی کوردستان ببینین؟ بەگشتی ئەو قسانەی کە لەسەر هەرێم هەیە یان لۆکاڵە یان هەرێمیی، بەمانایەکی تر ئیقلیمی، بەدەگمەن باس لەڕەهەندی گلۆباڵ دەکرێت، دەکرێت مێژووی گلۆباڵی هەرێم بەپرسیارێکی وەها دەستپێبکەین: ئایا ئەو رووداوو دیاردەو دۆخە گلۆباڵە چی بوو، کە وەهایان کرد هەرێمی کوردستان دروست بێت؟ لێرەدا ناڵێم مێژووی جیهانی، چونکە مێژوی جیهان چەمکێکی جودایە. دیارە بیرنەکردنەوە لەئەم رەهەندە کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، بەکورتی ئاماژەیان پێئەدەین:

یەکەم، نەبوونی زانیاری و سەرچاوەی پێویست لەمبارەوە. دووەم، ئەوانەی دەیانەوێت لەهەرێم تێبگەن، بەتایبەتی بیانییەکان، دەیانەوێت لەڕەهەندە لۆکاڵییەکەی تێبگەن بۆ ئیدارەدانی. سێیەم، شتێک نیە بەناوی مێژوونوسی کورد یان بیرمەندی کورد.  ساڵی لەدایکبوونی هەرێم ١٩٩١ە. ئەم ساڵە لەئاستی گەردووندا کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتی هەیە. یەکەم، شەڕی سارد تەواوبووە. دووەم، رێککەوتنی سەفوان واژۆکراوەو عێراق چووەتە قۆناغی نادەوڵەتەوە. سێیەم، لەدونیادا باس لەنیزامێکی نوێ دەکرێت. چوارهەم، شەپۆلی چوارهەمی دیموکراسی لەدونیادا روویداوە، کە لەئەنجامی رووخانی سۆڤیەت و دیموکراسیبووسنی ئەوروپای رۆژهەڵات، هاتەئاراوە. 

لەئەم ساتەوەختەدا ئەمریکا هەست دەکات کەزیادەیەکی هەیە لەڕووی ئاشتییەوە. چەمکی ئاشتی زیادە، جێگای سەرنجە، بەڵام کات و بوارمان نیە بۆی لێرەدا. ئەم ئاشتیە زیادەیە دەبێت بقۆزرێتەوە بۆ نەهێشتنی نەیاری ئەمریکا لەسەر رووی زەوی. ئەم دیدە لەدۆکیومێنتێکدا بەزەقی بەرجەستە دەبێت کەپۆل وڵفەویتز دەینووسێت بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا. دۆکیومێنتەکە کە بەدۆکترنی ۆڵفەویتز ناسراوە لەساڵی ١٩٩٤ دزە دەکات بۆ میدیاکان.  عێراق وەک پێگە، رۆڵێکی تایبەت دەبینێت لەپرۆسەی رێگریی لەسەرهەڵدانی نەیاری ئەمریکی لەدونیادا، بەپێی پلانەکە. لەم ماوەیەدا، ئەمریکا بە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانی دەڵێت دەتوانن، هەڵبژاردن بکەن و پەرلەمان دروست بکەن. ئەم پێوتنەی ئەمریکا بۆ کورد چەند مانایەکی هەیە. یەکەم، رێگرییکردن لەتورکیا بۆ دەستورەدان وەک هێزێکی نەیارو هەروەها بە توانا بۆ رێگرییکردن. هەرچەندە لای کەسێکی وەک ئۆزال دۆخەکە وەها دەبینرا کەکوردستان لەئەنجامدا دەبێتە بەشێک لەتورکیا. دووەم، پشتیوانی ئەمریکی دەچێتە خانەی پرۆسەیەکی فراوانەوە کەپێی دەوترێت بەدیموکراسیکردن. کە یانی دروستکردنی هێز یان حکومەت لەمیانەی پرۆسەی دیموکراسیدا بەچەند قۆناغێک. ئەم قۆناغبەندییە جودابوو لەقۆناغبەندی پێشووی پرۆسەی بەدیموکراسیکرد. لەشەپۆلی چوارهەمدا، سەرەتا بەلیبراڵکردن، پاشان بەدیموکراسیکردن، ئینجا قایمکردنی پرۆسەکە. بەڵام لەپاش شۆرشی فەرەنسییەوە سەرەتا سیستەمەکە بە پەرلەمانی دەبوو، کەمەرج نیە بەمانای بەدیموکراسی بوونی بێت، پاشان بەدیموکراسی دەبوو، ئینجا پتەوکردنی سیستەمەکە دەستی پێدەکرا.  پێکەوە گرێدانی لیبراڵ و پەرلەمانی خێراکردنی پرۆسەکەیە. لەمیانەی لیبراڵکردندا، فرەیی، تاکێتی، جودایی، پێکەوەیی، رێکخستن،  هەروەها گۆڕینی هێز بۆ ئارگومێنێت دێتە ئاراوە. هەموو ئەم پرۆسانە بەبێ بوونی هیچ پاشخانێکی فیکریی و بیرمەندی کوردی تایبەت لەم بوارەو بێنرخ بوونی مەعریفە لەکایەی دەسەڵاتدا، هەتا ئەمڕۆش بەهاو نرخیان نازانرێت.  کەواتە بەکورتی، هەرێم دروستبوونی لەساتەوەختێکی جیوپۆلەتیکی تایبەتدایە لەمێژووی دونیادا. ئەم ساتەوەختە تایبەتە، ئەو ساتەوەختەیە کەدونیا ململانێی زلهێزی تیادا نامێنێت. یەک جەمسەر دروست دەبێت. ئەم جەمسەرەش خولیای ئەوەی لەلا دروست دەبێت کە بۆ هەمیشە بەبێ نەیار بمێنێتەوە. بیرمەندانی ئەم جەمسەرە کە ئەمریکایە، بەئاگان لەوەیە کەساتەوەختەکە دەگمەنەو بێوێنەیە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا. ڕەنگە ئەوەندە نەخایەنێت مرۆڤایەتی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی، کە دۆخی ململانێی زلهێزەکانە. بەشێک لەدونیابینی ئەم تێڕوانینە ئەوەیە کەدەوڵەت بەبازاڕ بکرێت. بازاڕ یان مارکێت دەبێتە چەمک و فرەیمێکی هەرە سەرەکی بۆ داڕشتنی دونیا. بازاڕ چەمکێکی سادەی بازاڕیی نیە، بەڵکو ئێجگار ئاڵۆزە. لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژە بەهەندێک خەسڵەتی دەدەین. بازاڕ وەها دەبینرێت کەسیستەمێکی هاندان و ئاڵوگۆڕو بەڕێوەچوونە، کەخۆی خۆی رێکدەخات. ئەم توانای خۆڕێکخستنە بەمانای ئەوەدێت کەنابێت حکومەت دەستوەردان لەکاروبارەکانیدا بکات. ئەم بەدوورگرتنەی حکومەت بەمانای ئەوە دێت کەدەبێت حکومەت بچووک بکرێتەوە. لەزۆر شوێندا کاری ببێتە ئەوە زەمینە بۆ بازاڕ بسازێنێت لەڕووی یاساو ئاسایشەوە. ئەمە ئەو بڕوایە دروست دەکات کەبازاڕ ئەو شێوازەیە کەهەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر دەکات. چیدی چەمکی هاووڵاتی نامێنێت، ئەوەی جێگای دەگرێتەوە، چەمکی بەکاربەر یان بەرخۆرە. دەکرێت هاندانی کورد بۆ حوکمی خۆی بەشێک بێت لەپرۆسەی بچوککردنەوەو لامەرکەزیکردنی دەوڵەتەکان لەدونیادا. ئەم قۆناغە لای هەندێک رەخنەگری چەپ بەقۆناغی دژە دەوڵەت لەقەڵەم ئەدرێت. بەڵام دروستکردنی پەرلەمان، بەشێکە لەپرۆسەی بونیادنانی دەزگاو حکومەت و نەتەوە، بەڵام کورد وەهای لێتێنەگەشتبوو، بەئێستاشەوە.  لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار دروستدەبێت.

پرسیاری یەکەم، ئایا هاندانی کورد بۆ خۆڕێکخستن و دروستکردنی حکومەت و ناوەندو سیستەم، دژ بەپرۆسەی نیولیبرال ناوەستێتەوە کەدژایەتی هەموو رێگرییەک دەکات لەبەردەم بازاڕو جوڵەو شمەک و کاڵاو زانیاریدا؟ ئەم مەتەڵە چۆن چارەسەر دەکەیت؟

دووەم، ئایا بەرژەوەندی کۆمپانیاکان لەکوێدایە؟ کۆمپانیا گەورەکان، بەتایبەتی کۆمپانیا نەوت، رەوتێکی جودایان هەیە لەدەوڵەت و دەسەڵات. بۆ نموونە، ئەگەر ئامانجی دەوڵەتان و حکومەتەکان، وەک دەزگایەکی مۆدێرن، ئەوەبێت کە وەیەکچون، هۆمۆجینیویەتی دروست بکەن، ئەوا کۆمپانیای نەوتی ئەم ئامانجەی نیە. ئەمە یەکێکە لەو رەخنە جدییانەی لەبیرمەندێکی گەورەی وەک جەیمس سکۆت دەگیرێت. بەم پێیە کۆمپانیای نەوتی حەزی لەلاوازی سیستەم و پەرتەوازەیی و نەبوونی دەزگای بەهێزە. ئەمە بنەمای ئەو دیدەیە کە هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن کە هێزی زۆر لەکوردستان هەیە کە نایەوێت کوردستان یەکگرتو و خاوەن دەزگا و سیستەم و ناوەندبێت چونکە ئەوە لە سودی بازاڕدا نییە. بەڵام ئێمە بڕوامان وەهایە کە پەرتبوونی کوردی لەنێوان سودو زیانی بازاڕو هێزەکاندا جۆلانی دەکات.  کورد بۆ ئەوەی ببێت بەیەک پێویستی بەفیکرو مەعریفەو خەڵکی بەتوانایە لەو بارەوە. ئەمڕۆ کورد خۆی زەمینەی ئەوە دەسازێنێت کە بەپەرتبو بهێڵدرێتەوە، یان وەها ببینرێت کە توانای پێکەوەیی نیە. کەمنین ئەو راوێژکارە بیانیانە کەکاریگەرییان لەسەر کۆمپانیای نەوتی و سەربازی و دەوڵەتان هەیە، بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کەیەکێتی و پارتی، یان پەکەکە و پارتی هێندە دوژمنی یەکتر، تەنها بەدوور لەیەکتر دەتوانرێت سەقامگیری هەبێت و مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ یەکخستن یان نزیکبوونەوەیان دەبێتە مایەی ناسەقامگیریی. ئەم دیدە هەرچەندە ئۆریەنتالیستە لەزۆر ئاستدا، چونکە وەها دەبینێت کەسروشتی ئەم خەڵک و هێزانە هەمیشەیی و نەگۆڕە، بەڵام لەزۆر رووەوە ڕاستی تیادایە. پەرتەوازەیی کورد بازرگانییەکی گەورەیە بۆ زۆر کەس. خەڵکێکی زۆریش لەخوارەوە بەردەوام دنەی دەدەن. بەڵام خەڵکێکی زۆر زیاتر لەئێستا و داهاتوودا باجی دەدەن.  ئەمریکا ئەمڕۆ چیدی بیر لەبونیادانانی دەزگاو سیستەم و دەوڵەت و نەتەوە ناکاتەوە. ئەوانەی کەخاوەنی ئەم باوەڕەبوون ئەمڕۆ لەئەمریکا گوێیان لێناگیرێت. سەردەمانێک ئەو تێزە بڕەوی هەبوو کەهەموو گەلان و کەلتورەکانی دونیا توانای دیموکراسیی بوونیان هەیە، بەڵام ئەمڕۆ، ئەم تێزە بەگومانەوە تەماشا دەکرێت. لەپەرلەمانەوە بۆ پێشمەرگە سەرەتاو کۆتایی ئەم چیرۆکەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار