مەملەکەتی هێڵە سورەکان!
دلێر محمد نوری
4 ساڵ لەمەوپێش
دلێر محمد نوری
گوزارشتی (هێڵی سور) مێژوویەکی هەیە لەسیاسەتدا، بۆ یەکەم جار ئەم گوزارشتە لەنێوان سەرۆکی وسی خرۆشۆف و سەرۆکی ئەمریکی جۆن کەنەدی لەساڵی 1963دا بەکارهات. هێڵی سور بەو ئامێری (تلکس)ە دەوترا کە لەنێوان ئەم دوو وڵاتە دامەزرا بۆ پەیوەندی کتوپڕو بڕیاری خێرا لەمەڕ ئالینگاری و کێشمە کێشە کتوپڕەکان، لەپێناو ڕێگریکردن لەهەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی، بەڵام ئەو هێڵی سورەی ئەمڕۆ لەهەموو سێکتەرو ئاستەکانداو لەنێو کۆمەڵگا جیاوازەکان ناوی دەهێنرێ زۆر جیاوازە لەو هێڵە سوورەی نێوان روسیاو ئەمریکای ساڵی 1963.
هەڵبەتە ئەم گوزارشتە بەتەواوی مانا بنچینەییەکەی لەدەست داوەو بۆ مانایەکی دیکەی جیاواز بەکاردێت، ئەو هێڵی سورەی ئەمڕۆ کەدونیای سیاسەت هێنایە ئاراوە. دواتر پەلی کێشا بۆ دونیای ئایین و تەنانەت تاکی نێو کۆمەڵگاکانیش بەجۆرێک لەجۆرەکان بەکاریدەهێنن.
ئەو هێڵە هێڵێکی نوێیە کە مەرج نیە لەزەویدا بوونی هەبێت، زیاتر هێڵێکی گریمانەییەو دەکێشرێ بەدەوری هەندێ بەهاو هەندێک پیرۆزی کە بۆ خاوەن هێڵ پیرۆزەو پێی وایە کە نابێت ببەزێنرێت. بەڵام مەرج نیە بۆ کەسانی دیکەی هەمان کۆمەڵگا پیرۆز بن و رەنگە لەمپەریش بن کە پێویست بکات قسەیان لەسەر بکرێت یان هەڵبگیرێن. کێشەی جەوهەری لەدانانی هێڵە سورەکان ئەوەیە کێ دیارییان دەکات و کێ بڕیار لەوە دەدات ئەم شتانە هێڵی سورن یاخود نا؟ ئەگەر هەر کەس و لایەن و ئایین و کۆمەڵەو رێکخراوێک کۆمەڵێک هێڵی سور بەدەوری پیرۆزییەکانی خۆیاندا بکێشن، بێگومان ئەم هەموو هێڵە سوورە دواجار یەکتر دەبڕن، کاتێکیش هێڵەکان یەکتریان بڕی ئیتر کۆمەڵگا دابەش دەبێت بەسەر کۆمەڵەی بچووک بچووک لەنێو بازنەی سوری بچووک بچووکدا، بەجۆرێک بچووکترین جوڵە هێڵێک لەهێڵەکانت پێ دەبەزێنێ و تووشی کێشە و تەنانەت دەست دانەیەخەی یەکتری و خوێنڕشتنیشی لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە گەر تۆ یاسایەک لەپەرلەمانەوە بڕیار لێبدەی بەوەی سزایەک بۆ هەر کەسێک دانێی کە قسە لەسەر رەمزە نەتەوەییەکان بکات، بەمە تۆ هێڵێکی سوری گەورەت دانا، بۆیە گرنگە لەوەها هەنگاوێک بپرسیت سیمبولی نەتەوەیی کێیەو چیە لێرەداو دەبێت شی بکرێتەوە؟ بۆ ئەوەیش کەهێڵی سور بۆ تەواوی کۆمەڵگا دابنێی پێویستە دەنگی زۆرینەی رەهای خەڵکی لەسەر بێت و لەگەڵ پرینسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین یەک بگرنەوە، ناکرێ تۆ کۆمەڵگایەکی فرە ئایین بیت و خواو پەیامبەرو سەرکردەو پیاوانی ئاینی سەردەست بەهێڵی سور دەور بگری و لەولاشەوە رۆژ نەبێت لەکەناڵی جیاوازەوە قسەو تانە و تەنانەت تۆمەت و گاڵتەجاڕی بە خواو پەیامبەرو کەسایەتی نێو ئایینەکانی دیکە نەکرێت. کەواتە یان دەبێت پیرۆزییەکانی هەموو ئایینەکان هێڵی سور بن یاخود دبێت قسەکردن لەسەر خواکان و ئایینەکان بچنە خانەی ئازادییەوە.
بۆیە لێرە گرنگە کەڕێکەوتنێکی نشتیمانی بێتە ئاراوە کەهێڵی سور چیەو کێیە؟ سەرکردەیە؟ سەرۆکە؟ حزبە؟ بۆنە نشتیمانی و حزبییەکانە؟ ئاڵای کوردستانە؟ ئایینەکانە؟ خواکانە؟ پەیامبەرەکانە؟ یاخود ئازادی تاک و مافی تاک و قووتی تاک و تەندروستی تاک و بەرژەوەندی گشتی هێڵی سورن؟ ئاخر ناکرێت لەسەر رەخنە لەگەندەڵی رۆژنامەنووس بەتیرۆریست بکوژرێ و زیندان بکرێت و مافی رەخنەگرتنی لێ زەوت بکرێت، هێڵی سورت نەبێت بۆ ئەمە، لەولاشەوە لەبەر تیشکی هەتاو نەوت بەقاچاخ بەریت و دەرمانی ئێکس پایەر بێنیت و بازاڕ قۆرخ بکەی بۆ حزب و قسەکردن لەسەریان هێڵی سور بێت!! دواجار ناشکرێ خەڵکی لەسەر گومان خستنەسەر سەرۆک پڕ فیشەک و شەق بکەیت یان بوتڵ بگریتە پارلەمانتار بەتۆمەتی ناوهێنانی سەرۆک و پرسیارکردن لەکردەوەی نایاسایی سەرۆک، تۆ لێرەدا بێیت و بڵێی سەرۆک هێڵی سورەو نابێ ناوی بهێنرێت، لەولاشەوە سەرۆکێک بەئاشکرا خیانەتی نشتیمانی بکات و یەکێکی دیکەش تاوانباری جەنگ ئازاد بکات و هیچ هێڵێکی سوریان بۆ نەکێشیت!! ناشکرێ بێین رێگە بەمەلاو بانگخواز بدەین و هێڵێکی سوری بۆ دانەنێین. ئەو بێت پڕ بەزاری بڵندگۆکان و لەسۆشیال میدیاو لەسەتەلایتەکاندا لەژێر پەردەی ئاییندا قسەی نەشیاو بەژنی سفورو بەمەیخۆرو بەهونەرمەند بدات، لەولاشەوە یەکێ بڵێ سەڵاحەدین جێ شانازیم نیە یان خەلیفە خواروخێچ بوو، قیامەت هەستێ چونکە هێڵی سوری ئایینی دەستڕۆشتوو بەزێنراوە، ئەگەر بەتەنها دەسەڵات و ئایین و کلتور هێڵی سور بن ئەوە بەمە تۆ بەشێکی گرنگی ئازادی رەخنەکردن و قسە لەسەر مێژووکردن و دەست خستنەسەر برینەکان و سیحری گومانکردنت کووشت، ئەوجا هەموو ئەم قسانە لەفەزای ئازادەوە دەچنە نێو خەباتی ژێرزەمینی یان سۆشیال میدیای بێ دەرگاوان، یاخود دیواری ناو تەوالێت و کوچەو کۆڵان.
هەربۆیە لەدانانی هێڵی سور گرنگە کەسانی شارەزا و بەئەزموون و ئازادیخوازو یاساناسی نێودەوڵەتی پێناسەی پیرۆزییەکان بکەن و لەیەکدییان جیابکەنەوە، ئەمە ئەگەر بەنیازی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازادو دیموکرات بین، دەنا بەئاسانی هێڵێکی سوری گەورە بەدەوری تەواوی کۆمەڵگا بکێشەو باسی ئازادیش هەر مەکەو بەئازادی و لەبەرژەوەندی خۆت یاری بەیاساو رێسای دەسەڵاتپارێزی هێڵە سورەکان بکە، ئەگەر بێین ئێمە لەنزیکەوە تەماشای وڵاتێکی ئەسکەندەناڤی وەکو نەرویج بکەین، کە بەڕاستی لەسەر بنەمای ئازادی تاک و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و هەڵبژاردنی پاک و بێگەردو ئازادی راگەیاندن و رادەربڕین و جیاکردنەوەی ئایین لەکایەی بەڕێوەبردن دامەزراوە، دەبینین کەهێڵە سورەکانی ئەم کۆمەڵگایە چڕبۆتەوە لەتاک نەک کۆمەڵ و گروپ!! لێرە ئازادی تاک هێڵی سورەو ناکرێ بیبەزێنیت، نەک حزب و ئایین و دەوڵەت. لێرە یاسا وەکو یەک هێڵی سورە بۆ ژێردەست و سەردەست، بۆ ئایینزا و بێ ئایین، تۆ هەرچیت هەیە بەحزبی بڵێ، بەئایینی بڵێ، بەپێغەمبەرانی بڵێ، بەدەوڵەتی بڵێ، بەڵام کەس بۆی نیە ئازادی رادەربڕین زەوت بکات لەکەس.
مرۆڤەکان هەر لەمناڵییەوە ئازادی رادەربڕینیان لەهەڵکشاندایە پلە بەپلە، ئەوان لەتەمەنی (18) ساڵیدا ئیتر ئازادی رەهای خۆیان هەیە، ئەوانی دیکەش وەکو تۆ هەمان مافیان هەیە، بەواتایەکی دیکەش تۆ بۆت هەیە بەرانبەر بەکەسێک بوەستیت و پێی بڵێی ئایینەکەت خوارە! خوداکەت ستەمکارە! حزبەکەت گەندەڵی کردووە! سەرۆکەکەت خیانەتی کردووە! ...هتد. ئەمانە هیچیان هێڵی سور نین، بەڵام بۆت نیە ئیهانەی خودی خۆی و خێزانی بکەیت، لێرەدا هێڵی سوری ئەو دانراوە، بۆ نموونە جارێکیان راستڕەوەکان لەشارێکی نەرویج خۆپیشاندانیان کرد دژ بەموسوڵمانان، یەکێ لەڕاستڕەوەکان لەسەر لافیتەیەک نووسیبووی بەپیتی لاتینی (اللە تیرۆریستە) هەر دوو مەتر بەرانبەریان موسوڵمانەکان و نەرویجییە ئاکتیڤیستە ئازادیخوازەکان وەستابوون کە ئەیانقیژاند ئێرە نەرویجە جێگەی رەگەزپەرستی تیا نابێتەوە...دەبینین لێرەدا نە رەگەزپەرستەکان بۆیان هەیە راستەوخۆ بە لەچک بەسەرەکان بڵێن ئێوە تیرۆرستن و نە موسوڵمانەکانیش بۆیان هەیە راستەوخۆ بڵێن ئێوە رەگەزپەرستن، هەر ئەمەشە کە گرفت بۆ موسوڵمانان دروست دەکات لەکۆمەڵگاکانی رۆژئاوا کاتێ قسە دێتەسەر ئایین و پەیامبەری ئیسلام. هەم موسوڵمان و هەم رۆژئاواییەکەش تووشی شۆک دەبن لەکاردانەوەی یەکتری. نەرویجییەک هێچ هێڵێکی سوری لەبەردەم دانەنراوە بۆ پیرۆز راگرتنی خوداو پەیامبەرو ئایینەکان، بەهۆی ئەوەش کە مناڵەکانم لەباخچەی مناڵانەوە لێرە خوێندوویانە ئاگاداری فەلسەفەی پەروەردەیانم، لەوانەی ئاییندا هەموو ئایینەکان دەخوێنن بەبێ جیاوازی و دەرگای رەخنەو گومانیش بەکراوەیی بۆ قوتابی بەجێدەهێڵن. هەر ئەمەشە مرۆڤەکان لێرە دەستکراوەن لە بەکۆمێدی یان بەکاریکاتێر نیشاندانی پەیامبەران و وەکو پەیڕەوکردنی ئازادی رادەربڕینی خۆیان تەماشای دەکەن نەک ئیهانەی موسوڵمانان.
کاتێکیش کاردانەوەی توندی موسوڵمانان دەبینن شۆک دەبن لەوان کەئەوانیش پێشتر شۆک بوون لەوەی دەست بۆ پیرۆزییەک براوە کە لەوەوپێش لەوڵاتی دایک کەس دەستی بۆ نەبردوون چاویان بەبینینی دیمەنی وەها رانەهاتووە. ئەو وەکو مناڵێکی ئەوروپی وێنەی مەریەمی عەزرای نەبینیوە چاو لەخەڵکی دابگرێ، یان حەزرەتی عیسا بەگاڵتەجاڕی کێشرابێت، بەشێوەیەکی گشتی جۆری هێڵە سورەکان بەهەشت و دۆزەخ بۆ مرۆڤەکان دادەمەزرێنن، بەجۆرێک گەر هێڵی سور بۆ بە پیرۆزڕاگرتنی خوداو پەیامبەران و پیاوانی ئایینی و سەرۆک و سەرکردە و حزب و مێژوو و ...هتد دابنرێت، ئەوا دۆزەخ و نائارامی بۆ مرۆڤەکان دادەمەزرێت و جووڵەو هەنگاوەکانیان کەم دەکاتەوەو دەنگیان کپ دەکات و کارێکیان پێدەکات کە بۆ هەر هەڵوێستێک و هەنگاوێک هەزار لێکدانەوە بکەن نەبا پێیان بخەنە ئەودیو هێڵە سورەکانەوە و تووشی بەرپرسیارێتی ببن و بکەونە بەر تانەی پیاوانی ئایین و کۆمەڵگاو سەرۆک و سەرکردەو حزب. لەولاشەوە پیاوانی ئایینی و سەرۆک و حزب و دەسەڵاتدارانیش دەبن بەداپڵۆسێنەرو چاودێر بەسەر جووڵە و دەنگ و چپەی زۆرینەی رەهای خەڵک.
دانانی هێڵی سور بەلایەنی پۆزەتیڤ بەهەشتی ئازادی دەبەخشێتە زۆرینەی خەڵکی و بەرپرسیارێتی یاسایی و ویژدانی دەخاتە ئەستۆی پلە باڵاکانی کۆمەڵگا، دانانی ئەو هێڵە سورانەش بەدیوە نێگەتیڤانەکەشی زۆرینە دەخاتە قەفەسی تاوانەوەو کەمینەی باڵاش دەکات بەدیکتاتۆرو خۆسەپێن
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر هێڵە سورەکان لەدەوری تاک و بەرژەوەندی گشتی و یاساو سروشت و مافەکاندا بکێشرێت ئەوا نەخێر و گومانی مرۆڤەکان هەڵدەکشێن و دەنگییان زوڵاڵتر دەبیسترێ و جووڵەو هەنگاوەکانیشیان فراوانتر و ئازادتر دەبێت. لەولاشەوە پیاوانی ئایینی و سەرۆک و حزب و دەسەڵاتدارانیش بەوریاییەوە مامەڵە لە گەڵ کۆمەڵگاو تاکەکان دەکەن و دستکراوە نابن لەمامەڵەی نادروست و خۆسەپێن و گەندەڵکار دەرهەق بەزۆرینەی رەهای خەڵکی. بەگشتی دانانی هێڵی سور بەلایەنی پۆزەتیڤ بەهەشتی ئازادی دەبەخشێتە زۆرینەی خەڵکی و بەرپرسیارێتی یاسایی و ویژدانی دەخاتە ئەستۆی پلە باڵاکانی کۆمەڵگا، دانانی ئەو هێڵە سورانەش بەدیوە نێگەتیڤانەکەشی زۆرینە دەخاتە قەفەسی تاوانەوەو کەمینەی باڵاش دەکات بەدیکتاتۆرو خۆسەپێن، لەسەر تیشکی ئەوەی راگوزەر، گەر تەماشای دۆخی ئەمڕۆی کوردستان بکەین بۆمان دەردەکەوێت کەکوردستان بووە بەمەملەکەتی هێڵە سورەکان. بەجۆرێک گەر تۆ مرۆڤێکی ئازاد بیت لەبیرکردنەوە لەکوردستان، ئایینی نەبیت و حزبی نەبیت و سیاسی نەبیت و سەر بەچینی دەسەڵات نەبیت، دەبێت دەست بەکڵاوەکەی خۆتەوە بگریت توند، نەبا هێڵێک لەهێڵە سورەکان ببەزێنیت و کڵاوت با بیبات و سەری خۆشتی لەسەر دابنێی. چونکە دواجار بەتەنها تۆی مرۆڤی ئاسایی هێڵی سورت نیەو هێڵی سوری ئەوانی دیکە هەمووی بەرانبەر بەتۆ کێشراوە. کەهێڵە سورەکانیش هێندە زۆربن، وەکو تەونی جاڵجاڵۆکە پێت لەیەکێ لەو هێڵانە هەر دەگیرێت. ئەمڕۆ مرۆڤی لەو جۆرەی خاوەن هەست و سۆزو بیروباوەڕی تایبەتی، دوور لەتەوژمی ئایین و حزب، یان دەبێت بێدەنگی هەڵبژێرێت یاخود رێگە دادگاکان و زیندان یان گۆڕستان هەڵبژێرێت، چونکە ئێرە کوردستانە، مەملەکەتی هێڵە سورەکانە نەک ئازادی. بڕینی ئەو هێڵە سورانەش لەهەندێ دۆخدا بەخشینی خوێنی سورە.