مامۆستایان سەرپشك دەكرێن لەچ بابەتێك تاقیكردنەوەی قوتابیان بكەن

پارێزگاری سلێمانی: خوێندنی وانەكان لەناو پۆلەكاندا راگیراون، بەڵام پڕۆسەی خوێندن رانەگیراوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی، ماردین نورەدین

وەزارەتی پەروەردە مامۆستایانی پۆلە ناكۆتاكان سەرپشك دەكات لەوەی تەنها لەو بابەتە تاقیكردنەوەی قوتابیان بكەن كەخوێندوویانە، ئەوەش بەهۆی تەواونەكردنی تەواوی پرۆگرامەكانی خوێندن بەهۆی كۆرۆناوە. بەڵام ئەم بریارە پۆلی (١٢) ناگرێتەوە.

بەهۆی تەشەنەسەندنی كۆرۆناوە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بە راگرتنی دەوامی پۆلەكانی (١-١١) تا ٨ی مانگی چوار، بەڵام قوتابیانی قۆناغی (12)ی ئامادەیی بەردەوام دەبن لەخوێندن،  خوێندنی وانەكان بۆ پۆلە ناكۆتاكان لەناو پۆلەكاندا راگیراون بەڵام پڕۆسەی خوێندن رانەگیراوە.

عومەر مەحەمەد جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند «خوێندنی ئەلكترۆنی هەر بەردەوامە لەهەموو خوێندنگەكاندا، ئەم ماوەیە بەڕێوەبەری خوێندنگەكان سەرپشككراون بۆ ئەوەی تاقیكردنەوەی نیوەی وەرز ئەنجامبدەن، ئەوەی كە وانەكانی خوێندووە تاقیكردنەوە دەكەن لەم كاتەدا لەژێر تەندروستیەكی توندوتۆڵدا».

وتیشی: «ئەم بڕیارە خوێندنگە ئەهلیەكانیش دەگرێتەوە فەرقیان نیە هەمان بڕیاریان بۆ دەردەچێت، بەڵام پۆلی دوانزە بەردەوام دەبێت لەخوێندن».

بەرپرسانی پەروەردە دەڵێن قۆناغی دوانزە لەبەرئەوەی تاقیكردنەوەی وزاریان هەیەو هەڵسەنگاندیان بۆ دەكرێت، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەكە راستەوخۆ دەچنە زانكۆ، بۆیە دەبێت لەخوێندنی پرۆگرمەكان بەردەوامبن.

وەزارەتی پەروەردە ئەمساڵ بریاری دا كە تابەرواری 30/6و تەنها  وەرزێك بخوێنرێت بۆ پۆلە ناكۆتاكان، دوای پشوویەكیش لەورزی هاوین. دواتر وەرزی دووەم دەستپێدەكاتەوەو وەرزی دووەمیش لە 14/12 تەواو دەبێت و 20/12 خوێندنی ساڵی تازەی ٢٠٢١-2022 دەستپێدەكات.

عومەر محەمەد وتی «بەڵام پۆلی دوانزە وانیە تەنها پۆلن كە ئەمساڵ دەبێت تەواو ببێت لەكات و ساتی خۆی لە مانگی نۆو (10)دا ئێمە نمرە تەواو بكەین بینێرین بۆ خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی ئەوانیش لەڕێگەی زانكۆ لاینەوە وەریانبگرن».

جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەبارەت بەبڕیارەكان دوای بەرواری 8/4 بە هاوڵاتی وت «هیچ بڕیارێك لای ئێمە نییە، بڕیار لای لیژنەی باڵی ئۆپەراسیۆنەكانەو تەندروستی تەقیمی بارودۆخەكە دەكات بزانێت باشە یاخود باش نییە، ترسناكە یان نالەبارە یاخود لەبار نییە، ئەوان كە بڕیاریان دا دەوام دەسپێبكرێتەوە ئێمە دەوام دەستپێدەكەینەوە، بڕیار وەك جاران نییە تەنیا وەزارەتی پەروەردە دەسەڵاتی هەبێت، بۆیە لیژنەی ئۆپەراسیۆنەكان بریتییە لە پەروەردە، تەندروستی، وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی ناوخۆ، ئەمانە بڕیار دەدەن لەكردنەوەی دەوامی خوێندنگاكان».

پاریزگاری سلێمانی رایدەگەنەێت كە راگرتنی خوێندنی وانە لەناو پۆلەكان بەمانای راگرتنی پڕۆسەی خوێندن ناگەیەنێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند: «ئەم داخستنی دەوامە تەنیا كەرتی خوێندن دەگرێتەوە، ئەویش خوێندن رانەگیراوە تاقیكردنەوەی (20) و هەڵسەنگاندنی وەرزی دەكەن، بەڵام خوێندنی وانە لەناو پۆلەكانی خوێندن راگیراوە نەك پڕۆسەی پەروەردە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار