شۆڕش ئیسماعیل: کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم موچەی پێشمەرگە چارەسەر کراوە

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ڕاوێژکاری سەنتەری هەماهەنگی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان وەزارەتەکەیانی دڵنیاکردەوە کە هاوکاری و یارمەتییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم ئەو پرسە چارەسەرکراوە.
لەمیانی کۆبوونەوەی وەزیری پێشمەرگە و راوێژکاری سەنتەری هەماهەنگیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمی هاوپەیمانانەوە، وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاکرایەوە کە کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم پێویستییە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە چارەسەرکراوە و پێویستییە دارایی و لۆجستییەکانی ئەو هێزەش لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەردەوام دەبێت.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی سێشەممە 30ی ئاداری 2021 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت، ئەمینداری گشتی و سەرۆکی هەیئەی ئەرکان و راوێژکارانی وەزارەت لەگەڵ کۆڵۆنێل دەیڤد ولیام، راوێژکاری سەنتەری هەماهەنگی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری کۆبوەوە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کردووە لە پاڵپشتی و هاوکاریەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و گوتیشی "بەردەوامیی پاڵپشتییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات بە هێزێکی پێشکەوتووی ئەکادیمی و سەربازیی سەردەمییانە".
