ئاسۆ حه‌وێزی: پابەندنەبون بەرێكارەكانی خۆپارێزی قەدەغەی هاتووچۆ دوبارە دەکاتەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر پابه‌ندبون به‌رێكاره‌كانی خۆپارێزی وه‌ك پێویست نه‌بێت، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ یه‌كێك له‌ئه‌گه‌ره‌كان ده‌بێت.

ئاسۆ حه‌وێزی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌فه‌یسبوكی خۆی نووسیویه‌تی، "ئەگەر پابەندبون بەرێكارەكانی خۆپارێزی وەك پێویست نەبێت قەدەغەی هاتووچۆ بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان یەكێك لەئەگەرەكان دەبێت، ئەگەر گشتیش نەبێت ئەوا بەسنوورداری دەبێت".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی تكا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكار بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، خوازیاریشه‌ "بڕیارەكانی لێژنەی باڵا وەك خۆی جێبەجێ بكەن، تا نەگەینە قۆناغی كەرەنتینی گشتی یان سنووردار".

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا کۆبوەوەو لەکۆبونەوەکەدا لیژنەکە ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد.

لەگرنگترین بڕیارەکانی کۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا:
- داخستنی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بەردەوامبێت بە هەموو دامودەزگاکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تاوەکو رۆژی 10-04-2021، لەو ماوەیەدا تەنیا تاقیکردنەوەکان ئەنجامدەدرێن بە رێکاری تەواوی تەندروستی.
- راگرتنی هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانس و فیستیڤاڵێک تاوەکو سەلامەتیی هاووڵاتییان بپارێزرێت.
- هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و پرسەی ماتەمینی لەناو ماڵان و گەڕەکەکان و سەردان و بەسەرکردنەوەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان لە هەر شوێنێک و بە هەر ناونیشانێک بێت، رێگەپێدراو نییە.
- داخستنی تەواوی هۆڵی بۆنەکان و ئاهەنگ و رێوڕەسمەکان و فیستیڤاڵەکان و شانۆکان، هەروەها هۆڵەکانی وەرزش، تەنانەت لەناو هۆتێلەکان و شوێنە گشتییەکان.
- هۆڵی سینەماکان بە داخراوی دەمێننەوە لە گشت شوێنە گشتییەکان، لەناو بازاڕ و مۆڵەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
- هاتووچۆ بە تەواوەتی لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق لە رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە رادەگیرێت. تەنیا رێگە بە هاتووچۆی بازرگانی و شاندە فەرمییەکان دەدرێت بە رێکاری تەندروستی.
- یانە و کافتریا و هۆڵە وەرزشییەکان و خزمەتگوزارییەکانی پێشکێشکردنی نێرگەلە و لەدوای کاژێر 09:00ی شەو تاوەکو 06:00ی بەیانی دادەخرێن.
- کافتریا و یانە و چێشتخانە و خزمەتگوزارییەکان، ئەوانەی رێگەپێدراون لە 06:00ی بەیانی تاوەکو 09:00ی شەو، پێویستە ئەگەر شوێنی دەرەوەی هەبێت لە شوێنی کراوە خزمەتگوزارییەکانیان پێشکێش بکەن، لەکاتی نەبوونی شوێنی کراوە، واتە باخچە و پارک، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی مێزەکانیان بەتەواوەتی سنووردار بکرێت و بۆشاییەکی تەواو لەنێوان میوانەکانی هەبێت و پەنجەرەکانی بکاتەوە بۆ هەواگۆڕکێ، دەشبێت ماسک ببەستن.
- تووندکردنەوەی سەپاندنی سزا بەسەر هەر کەس یان خاوەنی شوێنێک کە دەبێتە هۆکار بۆ نەبەستنی ماسک یان کۆبوونەوەی هاووڵاتییان تێیدا، خاوەنی ئەو شوێنە بەرپرسیارە لە نەبەستنی ماسک لەو شوێنەدا کە هاووڵاتییانی تێدا کۆدەبێتەوە، لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەش لە هەموو شوێنەکان ئەگەر ماسک نەبەستن لەلایەن تیمە هاوبەشەکان لە پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکانەوە رێکارەکان بەرامبەری جێبەجێ دەکرێن.
- بەردەوامی لە پشکنینی سەرجەم ئەو کەسانەی کە دەگەڕێنەوە ناو هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی دەروازەکان و فڕۆکەخانەکان.
- قەدەخەکردنی قەرەباڵخی و کۆبوونەوەی هاووڵاتییان و فەرمانبەران لەناو فەرمانگەکانی کەرتی گشتی و تایبەت، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگانە بەرپرسیاری یەکەمن لەم رووەوە.
- راگرتنی دەوام لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە، واتە لە رۆژانی یەکشەممە تاوەکو چوارشەممە دەوام دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار