دەستەی بەهەرێمكردنی سلێمانی هەڵوەشایەوە

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەستەی بەهەرێمكردنی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند و ئاشكراشیكرد، نزیكەی 150 هەزار واژۆیان كۆكردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی نیسانی 2021، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەیار عومەر ئەندامی دەستەی بەهەرێمكردنی سلێمانی رایگەیاند، ئەوەی لەسەریان بوە بەرێژەی 2%ی دەنگدارەكانی سلێمانی كۆبكەنەوە، بەڵام لەئێستادا رێژەی كۆكردنەوەی واژۆكانیان گەیشتوەتە 10% و سەرجەم ئەو واژۆیانەش ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەن بەمەبەستی ئەنجامدانی راپرسی بەهەرێمكردنی سلێمانی.
هەروەها وتیشی:"لەئێستا بەدواوە دەستەی بەهەرێمكردنی سلێمانی هەڵدەوەشێتەوە و تەنها چەند كەسێكی خۆبەخش لە دەستەكە كارەكانی رادەستكردنی واژۆكان بەكۆمسیۆن جێبەجێدەكەن، تاوەكو راپرسی ئەنجامبدات و سندوقی تایبەت بۆئەو مەبەستە لەسلێمانی دابنێت و هاوڵاتیان بەشداری بكەن بۆ بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی".
هاوكات، ئەوەشی خستەڕوو، ئاگاداری ئەوەن كە ئاستەنگ لەبەردەم كارەكانیان دروستدەكرێت، هەربۆیە ئامادەكاری پێویستیان كردوە و تیمێكی پارێزەریان پێكهێناوە بەمەبەستی بەرگریكردن لەداواكاریەكانیان.
بەیار عومەر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بە هەرێمكردنی سلێمانی تاكە رێگای رزگاربونی پارێزگای سلێمانیە، پێویستیشە پەرلەمانتارانی سلێمانی لە پەرلەمانی عێراق رۆڵی خۆیان لەوبارەیەوە بگێڕن.
