ئەمریکا پیرۆزبایی رێککەوتن لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بە بۆنەی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرۆژەیاسای بوجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021، دەڵێن، پەسندکردنەکە دەبێتە هۆی پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان هەولێر و بەغدا.
لە راگەیهندراوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هاتووە، "ئێستا عێراق دەتوانێت هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیی ئابووری کە ئەوەش دەبێتەهۆی سەقامگیریی و خۆشگوزەرانیی زیاتر."
ئەمریکا بەپێی راگەیهندراوەکەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق، بە پەرۆشەوە بۆ بەردەوامیی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و خەڵکەکەی.
لە پەیامی کۆنسوڵخانەی ئەمریکاش لە هەولێر هاتووە، بەبۆنەی پەسندکردنی بودجەوە، "پیرۆزبایی لە تیمی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکردایەتی دەکرد."
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا نووسیویەتی، "بەخۆشحاڵییەوە تێپەڕاندنی ئەم پرۆژەیاسایە دەبێتە هۆی پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان هەولێر و بەغداد و ئابوورییەکی جێگیرتر بۆ وڵاتەکە."
