بەڕێزان بەرهەم ساڵەح و مستەفا كازمی دەست بەجێ داوای لێبوردن بكەن لە یادی هەڵەبجەو ئەنفالدا
4 ساڵ لەمەوپێش
عەلی مەحمود محەمەد
عێراقیەكان توڕەن لەوەی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا ترامپ, لەبەر ئەوەی 4 لە بلاك وتەری ئازاد كرد, كە تۆمەتبار بوون بە كوشتنی 14 هاووڵاتی سڤیلی عێراقی لە گۆڕەپانی نسور لە سەپتەمبەری 2007, هەرچەندە كۆمپانیاكە بۆ هەر كوژراوێك جگە لە یەكیان 100000 دۆلارو بریندارەكانیش هەر یەكەی 50000 دۆلار قەرەبووی ژماردووە.
لەسەر دانانی ئاڵای كۆنی عێراقی لە كۆبونەوەی نێوان شاندی حكومەتی ئوردن و عێراق, وەزیری كشت و كاڵی عێراقی محەمەد خەفاجی داوای لە حكومەتی ئوردنی كرد, داوای لێبوردن بكات. كەچی حكومەتی ئێستا كە میراتگیری حكومەتی بەعسە, وەلێ ئامادە نییە داوای لێبوردن لە قوربانیانی تاوانەكان رابردوو بكات, كە 16 كەس نین, بەڵكە دەیان هەزاری ئەو ژمارەیەیە, وە نە ئاڵایەكی بە هەڵە داناوە, بەڵكە 4049 گوندی لە گەڵ زەوی تەخت كردووە, 185 گوندو شاری كیمیابارانكردووە, نزیك ملیۆنێك هاووڵاتی كۆمەڵكوژ كردووە, ژێر بیابانە پان و بەرینەكانی عێراقی تژی كردووە لە روفاتی قوربانیان, لە كوێوە هەڵدەكۆڵیت ئێسك و پرۆسكی مرۆڤت بۆ دەرەكەوێت, وڵات بۆتە گۆڕێكی بە كۆمەڵی پان و بەرین.
كلتوری داوای لێبوردن كردن, كلتورێكی مرۆڤدۆستانەی مۆدێرنە, كلتوری كۆتایی كەلە رەقی سستەمی دەرەبەگایەتی پیاوسالارییە, هەست كردنە بە هەڵەی رابردوو, دان پێنانە بە تاوان, پاككردنەوەی ویژدان و رزگاربوونە لە دڕندەیی, هەموو كەس ناتوانێت خۆی لە دڕندەییەكان رابردوو پاك بكاتەوە.
18 ساڵه لە هەمبەر ئەو تاوانانەی لە رابردوودا دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان ئەنجامی داوە، داوا دەكرێت سەرۆك كۆماری عێراق وەك رەمزی باڵای وڵات داوای لێبوردن بكات.
ئەركی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی و فوئاد مەعسوم بوو پێشتر ئەم كارە بكەن،" بارزانی مانگێك بووە سەرۆك كۆمار" دەبوایە ئەو ئەركەیان جێبەجێ بكردبایا، دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو رویان كرایەوە، كەچی وەڵام نەبوو، ئەوان نەیانتوانی بە ئەركی ئەخلاقی خۆیان هەڵبستن و سەروەریەك بۆ مرۆڤایەتی و مێژوو تۆمار بكەن، داواكارییەكە تەنها بۆ كورد نەبوو بەڵكە بۆ مرۆڤایەتی بوو، ناویان لە ریزی ئەوانەدا تۆمار دەكرا لە وڵاتانی خۆیان بەو شێوە هەڵوێستە مرۆیانە هەڵستاون، مێژوو لە یادیان ناكات, چەندین بۆنەیە هەمان داوا لە دكتۆر بەرهەم ساڵحیش دەكرێت, جارێكی دیكە بە جوتە هەمان داواكاری دەخەینە بەردەست دكتۆر بەرهەم سەرۆك كۆماری عێراق و مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی, لەكاتێك ئێوە باش دەزانن ئەركە بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە بەم كارە هەڵبستن, ئێمە پێویستمان بە وتەی سۆزداری و كردەی پۆپۆلیستی نییە, ئێمە دەمانەوێت لە گەڵ مێژووی ئەم وڵاتە ئاشتمان بكەنەوەو هاوكات دڵنیاشمان بكەنەوە ئەوجۆرە تاوانانە لە داهاتوودا دوبارە نابنەوە, بەوەی داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكرێت, بەڵگەنامە شاراوەكانی رابردوو ئازاد بكرێن, تۆمەتباران دادگایی بكرێن, عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, قەرەبووی قوربانیان بكرێتەوەو مۆنمێنتی یاداوەری بۆ سەرجەم قوربانیان دروست بكرێت.
لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە كە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە كە ناوی كوردستانە، شوێنێك پنتێك نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەكان، روباری خوێن، دنیایەك هەڵە، وەحشیەت, بونەتە بەشێك لە كلتوری هەرێمەكە, بۆیە دان نان بە راستییە تاڵەكان رابردوو و ئێستا و داوای لێبوردن كردن بەشێكە لە ساڕێژی برینەكان, هەنگاوێكە رو لە ئایندە.
مێژوویەك ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە كە لە ناو خوێن و ئێسك و پروسكدا غەرق بووە، بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە دادپەروەرییە، لێ دادپەروەری و ئاشتەوایی پێكەوە گرێدراون، بە بێ یەكەم ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و هەرگیز بەدی نایات، وەك ئەوەی سیاسیەكانی كورد دەیكەن، لێبوردەیی هەموو كات دوای دان نان بە راستیەكانی تاوانەكان و دادپەروەرییەوە دێت، تاوانبار و قوربانیەكان لە ئاوێنەی دەرخستنی هەقیقەت و راستیەكانی رابردوەوە وەك ئەوەی هەن دەردەكەون نەك وەك ئەوەی لە تاوانەكانی رابردوو بشورێنەوە، كارێكی زۆر ناشایستەو ناڕەوایە داوا لە قوربانیانی تاوانەكان بكرێت ئاشتەوایی بكەن، لە كاتێكدا هێشتا دادوەری بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەسابێت و دان بە راستیەكان و هەقیقەتی تاوانەكان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەكرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دكۆمێنت كردنی تاوانەكان و دەرخستنی راستیەكان و نووسینەوەی روداوە تاڵەكان !!.
لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە فێر بین كە"باسكردنی سەرچاوەی تاوانەكان، دانپێنان، قەرەبووكردنەوە، دان نان بەو تاوان و ئەو كارەساتانەی لە رابردوو روویان داوە، هەندێك جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەكانی بابەتەكە، ئەگەر چی مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی كە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن كردن هەبێت بەشێوەیەكی ڕەسمی تا ناكۆكیەكان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە، لێكۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی "كۆمسیۆنی حەقیقەت و پێكهاتنەوە لە باشووری ئافریقا" ئەوە پیشان دەدات كە قەبوڵكردنی سەرەنجامەكان تا ئەندازەیەكی زۆر زیاد دەكات، كاتێك قوربانیانیان كەسوكاری قوربانیەكان دانپێنانێك و داوای لێبوردنێكی شەرعییان پێ دەگات. "پێكهاتنەوە چارلس ڤیلا ڤیسیستۆ".
قەرەبووكردنەوە تەنها پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان كەوتووە, بەڵكە خۆی لە پاداشتی مادی یان ڕەمزی یان پێكەوە دەبینێتەوە, ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنكردن بێت لە قوربانیان یاخود هەردووكیان پێكەوە, نابێت لە یادمان بچێت كە بژاردن هەم قەرەبووكردنەوەیە و هەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەكردنەوەی تاوانەكانی ڕابردوو لە ئایندە, ئێمە لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاترە كە روداوەكان رابردوو دوبارە نەكرێنەوە, جارێكی دیكە نەمان بەنەوە بۆ ناو قەسابخانەكانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و شانزەی سێ, وەك دەبینین بەردەوام لەناو بازنەكەداین, لە كاتێكدا نە قەرەبو كراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێكراوە, نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆیە روداوە تاڵەكان رابردوو لە ژینگەیەكی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە, وەك بەردەوام دوبارە دەبنەوە لە شەنگالەوە بۆ دوز و لە داهاتووشدا بۆ ناوەكانی دی, راستە ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە, وەلێ ژیان بۆ داهاتوو دور لە تاوان مسۆگەر دەكەن, قوربانیان هەست بەوە دەكەن گوێبیستی داواكارییەكانیان بوونە.
قەرەبووكردنەوە كەرامەتی مرۆڤایەتی و هەندێك لە زیانە مادیەكان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان, بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل كراوە, بۆیە مافی قەرەبوو مافێكی بێ ئەملاو ئەولای سازش هەڵنەگرتووی قوربانیانی كوردستانە, كەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بكات ئەگەر لە ترۆپكی دەسەڵاتیش بێت, دەبێت تەنها خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم كارە هەڵبستن.
دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان كە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی كارەكانی ڕابردووی تاوانەكان هەڵبێت, عێراقی ئێستا كە داوای لێبوردن دەكات و قەربووی قوربانیان دەكاتەوە, لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و هەڵەكان ڕابردووی سەدام, بەڵكە لە بەر پابەند بوونیەتی بە بەرژەوەندی گشتییەوە و كاركردنیەتی بۆ دووبارە تێكەڵكردنەوەی قوربانیەكانە بەكۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی كەرامەتە بۆیان و متمانەیان دەداتێ بەوەی عێراقی داهاتوو ئەوەی رابردوو نییە, لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش هێنانەوە, لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە هاتۆتە سەر واژۆكەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەكانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەكان, تا ئەمانە نەكات یانی دوبارە بونەوەی تاوان لەكات و ساتدایەو هیچ گۆڕانكاریەك نەكراوە, وەك تا ئێستا لە ناو بازنەی رابردووداین.
بە داوی لێبوردن كردن بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون, تاكە زەمانەتی هاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانكاران, دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و كاری فەرمانڕەواكانی پێشووی خۆی, ئەو بەرپرسیارییەتیە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت, بەڵكە خۆ پاككردنەوەو شۆردنەوەیە لێی, پاككردنەوەی دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە كە لەم وڵاتە رویانداوە, شۆردنەوەی وڵاتە لە شوێنەوارەكانی تاوان دڕندەیی رابردوو, ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانكاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیزم ئاپارتاید و دیكتاتۆریەت پەیرەو كرا, كوردیش چاوەڕوانی دەكات لە ئێراقی دوای سەدام حوسێن كە ئێستا ئێوەی بەڕێز سەرۆك و سەرەك وەزیرانین ببێتە پرنسبێكی دەسەڵاتداریەتی داهاتوو, ئەوەی لە عێراق كراوە كەمتر نییە لەوەی لەو وڵاتانە كراوە.
سەرۆكی شیلی Ricardo Lagos هەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو هێنانەوەی كەسی یان داوای لێبوردنكردن بۆ سەرجەم كەسوكاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی پێشوو بە سەركردایەتی بینۆتشە, ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1996 ەوە بۆ 2008 درێژەی كێشا, كەچی سەرۆك كۆمار خۆی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوو كە تاوانی ئەنجام دابوو, ئەو نامانەی ناردی بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەكردە تاوانبار, بەڵكە نامەكانی وڵاتی لە تاوانەكانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو ناشرینیەكانی پاككردەوەو خۆشی بردە ریزی سەركردە مەزنەكانەوە, بۆیە دەبێت عێراق لە تاوانەكانی سەدام حوسێن بشۆردرێتەوە, بۆ ئەوەی ئەوكارە بكرێت پێویستمان بە مرۆڤە بۆ مێژوو.
قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش, لە پاڵ قەرەبووی مادی, هەر یەكەیان نامەی سەرۆك كۆمار یوهانز راو" 1931-2006" لە پارتی سۆسیال دیموكرات یان پێگەیشت, كە لەساڵی 1999 ەوە بۆ 2004 سەرۆك كۆماری وڵات بوو, لە نامەكەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی نازی هیتلەر كردبوو."تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی", لە دوا هەڵوێستیشدا بڕیار درا جووە جەزائیریەكان كە زۆرینەیان لە فەرەنسا دەژێن, ئەوانەی لە مەحرەقە رزگاریان بووە, هەر یەكەیان بە 2300 ئیرۆ قەرەبوو بكرێنەوە, هەروەسا سەرۆكی ئەڵمانیا یواكیم غاوك 1940, سەرۆك لە ماوەی 18-3-2012 بۆ 18-3-2017 دانی بەوەدا نا كە ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی بەشێك لە جینۆسایدی ئەرمەنی دەكەوێتە ئەستۆ.
ساڵی 2008 ئەنغێلا مێركل داوای لێبوردنی لە ئیسرائیل كرد بەرامبەر بە هۆلۆكۆست, وتی ئەڵمانیا هەست بە شەرمەزاری دەكات, وە ساڵی 2004 غێرهارد شرۆدەر داوای لێبوردنی لە گەلی روسیا كرد بەرامبەر بە تاوانەكانی نازیەت.
هەرچەندە ئەڵمانیەكان هێشتا زۆر برینی گەلان ماوە ساڕێژی بكەنەوە, لە نیسانی 1941 نازیەكان یۆنانیان داگیركرد, ئاڵای خۆیان لەسەر ئەكرۆبۆلیس هەڵكرد, لە دوای سێ ساڵ و نیو داگیركاری وڵاتیان بە كەلاوەیی بۆ یۆنانیەكان جێهێشت, لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە, یۆنانیەكان داوای قرەبوو دەكەنەوە لە دەسەڵاتداری ئەڵمانەكان وەك جێماوی یاسایی رژێمی هیتلەر, حكومەت و پەرلەمانی یۆنانی داوای 300 ملیار دۆلار قەرەبوكردنەوە دەكات, تا ئێستا یۆنانیەكان تەنها 115 ملیۆن مارك و 25 ملیۆن دۆلاریان وەك قەرەبوو وەرگرتووە, كە پێی رازی نین, پۆڵۆنیەكانیش هەمان داواكارییان لە ئەڵمانەكان هەیە.
لە تەیموری ڕۆژهەڵاتیش گەل داوای قەرەبووی ماوەی داگیركاری كردووە لە دەسەڵاتی ئەندەنوسی لە پاڵ قەرەبووی پێشێلكارییە گەورەكان, ئەمەش بۆ گەلی كوردستان جێگای هەڵوێستەیە و پێویستە وانەی لێ وەرگرێت, لەوكاتەی كاتی سزادانی بكەرانی داگیركاری وەك كۆیلەداری ئێستا دوای دیاردەی جۆرج فلۆید لە ئەمەریكا هاتە پێشەوە, لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر كراوەو سامانەكەی تاڵان كراوە, دەبینین هەنووكە وڵاتانی كاریبی تەنها بە داوا لێبوردنكردن رازی نابن, لە پاڵیدا داوای قەرەبووكردنەوەش دەكەن لە وڵاتانی بەریتانیاو فەرەنساو پورتوگال لە هەمبەر سەردەمی كۆیلەداری.
شیراك سەرۆكی كۆچكردوی فەرەنسا داوای لێبوردنی كرد لە بەرامبەر دەستگیركردنی 13 هەزار جولەكە لە پرۆسەی ئەلفیل دیف لە ساڵی 1942 لە میانی جەنگی جیهانی دووەم و پاشان بە كۆمەڵ كوشتنیان لە لایەن هیتلەرەوە, هەرچەندە ئەو وەك بیروباوەڕ و پرۆسە لێی بێبەرییە, لێ بەرامبەر كۆمەڵكوژی جەزائیرییەكان نكۆڵی كرد, لێ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا سەبارەت بە جەزائیر وتی نە نكۆڵیكردن وە نە داوای لێبوردن كردن, وەلێ ئەنجومەنی یاسایی فەرەنسا لە 8ی شوباتی 2018 بڕیاریدا هەموو قوربانیانی جەنگی نێوان ساڵانی 1954 بۆ 1962 كە لە جەزائیر ژیاون لەو كاتەدا قەرەبو بكرێنەوە, هەرچەندە هێشتا فەرەنسا دانی بە هەقیقەتی یاسایی تاوانەكانی خۆی لە جەزائیر نەناوە كە ملیۆن و نیوێك قوربانی لێكەوتۆتەوە, تەنانەت جەزائیریەكان نەك داوای لێبوردن و قەرەبووی تاوانەكانی سەردەمی داگیركاری دەكەن, بگرە داوای قەرەبووكردنەوەی روداوی تاقیكردنەوی چەكی ناوكی لە ناوچەی رقانی وڵاتیش دەكەن, بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژماریان كردووە كەلە لایەن فەرەنسیەكانەوە ئەنجامدراوەو قوربانی سڤیلی لێ كەوتۆتەوەو ژینگەی تێكداوە.
هەروەها رواندیەكانیش چاوەڕوانی داوای لێبوردنن لە فەرەنساوە, لەسەر كۆمەڵكوژی توتسیەكان لە لایەن هۆتسیەكانەوە, تۆمەتبارە بە دەست تێكەڵكردن لە گەڵیان كە لە 6ی ئەبرێلی 1994 كۆمەڵكوژییەكە تا 4ی تەموزی هەمان ساڵ بەردەوام بوو, رۆژانە 10 هەزار تۆتسی دەكوژران, لەم كۆمەڵكوژییەدا 70%یان كوژران.
لە ساڵی 2008 عەبدالعەزیز بلخادم ئەمینداری گشتی بەرەی ئازادیبەخشی جەزائیری داوای لە فەرەنسا كرد داوای لێبوردن بكات وقەرەبووی 132 ساڵ داگیركاری و كۆمەڵكوژیان بكاتەوە, كە لە رێكەوتی 19-3-1962 شەڕ كۆتایی هات, تەنانەت فەرەنسا تاكو ساڵی 1999 دانی نەنا بە بوونی شەڕەكەش, هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر رابردووی داگیركاری جەزائیر سەختە بۆ سیاسییەكان, چونكە لەناو فەرەنسا 7 بۆ 8 ملیۆن كەس پەیوەندی راستەوخۆیان بە شەرەكەوە هەیە, ئەمانەش لە هەڵبژاردندا هێزێكی مەزنی دەنگدەران پێك دەهێنن, بەسەر نەیارو لایەنگردا دابەش بوونە.
لە سیرالیۆنیش لە ساڵی 2010 سەرۆكی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لەو ژنانە كرد كە قوربانی ململانێ چەكداریەكان بوون, لە كەمبۆدیا سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی كەمبۆدی بڵاو كرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێكرا.
لە 23ی نۆڤەمبەری 2011 ەش ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورك بە شێوەی زارەكی داوای لێبوردنی كرد, بەڵام داوای لێبوردنەكان پێویستە بە نووسراوبن و بڕیاری فەرمییان بۆ دەربچێت و هەڵوێستەكان دوربن لە بەرژەوەندی سیاسی, لە ویژدانەوە دەرچوبێت, ئەگەر مامەڵە وەك تاوان دەكات ئەوا پێویستە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنیەكانیش بنێت و كۆتایی بە سەردەمی نكۆڵی كردن بهێنێت, كۆتایی بهێنێن بەو جەنگە سەختەی لە بەرامبەر دەرخستنی حەقیقەتی یاسایی كۆمەڵكوژی ئەرمەن گرتویەتیە بەر, ملكەچی حەقیقەتە مێژوییەكان بێت,تەنانەت ئەردۆگان بە توندی رەخنەی گرت لە نامەی 200 ئەكادیمی و رۆژنامەنووسی توركی كە لە ساڵی 2008 كە داوای لێبوردنیان لە ئەرمەنەكان كردبوو.
تۆنی بلێر سەرەك وەزیرانی پێشوی بەریتانیا داوای لێبوردنی لە سەردەمی كۆیلەداری كرد, ساڵی 2016 بەریتانیا داوای لێبوردنی لە هیند كرد.
ماندێلا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی كردارە سەربازییەكان سەردەمی خەبات دژ بە ئاپارتاید كرد.
لە ساڵی 1998 دا بیل كلنتۆن لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا داوای لێبوردنی لە رواندییەكان كرد, بەهۆی هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكاەوە لەو گەل كوژیانەی لەو وڵاتە رویان دا, هەروەها بەرامبەر شەڕی قڕێژ لە ئەمەریكای ناوەندیش داوای لێبوردنی كرد, ئۆباماش دانی نا بە شەڕی قڕێژ بەرامبەر بە كوبا, پیرۆ, ئەرجەنتین, هەروەها جۆرج بۆشی باوك داوای لێبوردنی لە ئەمەریكیە بنەچە یابانییەكان كرد كە لەسەر بنچینەی ژاپۆنی بوون دەستگیر كرابوون لە كاتی جەنگی جیهانی دووەم, وە قەرەبووشیانی كردەوە, دوای لێدانی بیرل هابەر لە لایەن ژاپۆنیەكانەوە, 110 هەزار ژاپۆنی لە ئەمەریكا نێردران بۆ زیندانەكان وەك تێكدەر و سیخوڕ, وێڕای نەیاری وەزارەتی دادی ئەمەریكی , بەڵام هێشتا لەسەر هیرۆشیما داوای لێبوردن نەكراوە, كەچی ئیدارەی ترامپ پێی وابوو دان نان بە هەڵە لایەنی لاوازی ئەمەریكا دەردەخات, وتیان ئێمە شانازی بە مێژوومانەوە دەكەین, راستگەرای نەتەوەیی سپی پێستی باڵا كۆیلەی رابردووە ناشرینەكانە.
حكومەتی ژاپۆنی داوای لێبوردنی كرد لە كۆری و چینیەكان, هەموو دەیەیەك سەرۆك وەزیرانی ژاپۆنی داوای لێبوردنەكەیان دووبارە كردۆتەوە لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە جەنگی جیهانی دووەم ژاپۆن بەرامبەر دراوسێكانی ئەنجامی داوە.
ساڵانە برینی چینی و كۆرییەكان دەكولێتەوە, كە قوربانی لەسەر مۆنمێنتی یاسۆكۆنی دەكرێتەوە, یاسۆكۆنی هێمای نەزعەی رابردووی سەربازی ژاپۆنیەكانە.
شینزۆ ئەبی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن, رەتی كردەوە سەبارەت بە دۆسیەی ژنانی رابواردن داوای لێبوردن لە كۆریەكان بكات, وەلێ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن تۆمیشی مۆرایاما لە 15ی ئۆگستسی 1995 بە بۆنەی 50 ساڵەی كۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبوردنی لە هەموو ئەوانە كرد چ وڵاتەكەیانی داگیر كردووە وە یان وڵاتەكەی لە میانی جەنگدا زیانی پێ گەیاندوون, ژاپۆن و كۆریای باشور پەیوەندی بەرزی ئابووریان هەیە, بەڵام شەڕیان لەسەر یادەوەریەكانی رابردووە, ئەمەش كاری لەسەر ئەو پەیوەندییە ئابوورییە زەبلاحە داناوە, كێشەی ژنانی رابواردن بەردەوام سەر هەڵدەداتەوە, هەرچەندە لە ساڵی 1965 لەسەری رێكەوتوونە و ژاپۆن بە بڕی 9,3 ملیۆن دۆلار قەرەبویانی كردۆتەوە, كۆریەكان داوای قەرەبوو بۆ ئەو كرێكارانەش دەكەن, كە ژاپۆنیەكان بە سوخرە كاریان پێكردوون, هەرچەندە ئەو كرێكارە كۆریانەی بردران بۆ كاری زۆرە ملێ لە ژاپۆن, دواجار بونە ناوكی گەشەی ئابووری كۆریا.
ساڵانە لە 13ی دیسەمبەر, چینیەكان یادی كۆمەڵكوژی 300 هەزار هاووڵاتی سڤیلی نانجینگ لە ساڵی 1937 دەكرێتەوە بە دەستی ژاپۆنیەكان, لە نانجینگ وێڕای كۆمەڵكوژی 300 هەزار هاووڵاتی 20 بۆ 80 هەزار ژنیش لاقە كراون .
كۆری و چینیەكان وێڕای پەیوەندی ئابووری زەبلاحیان لە گەڵ ژاپۆنیەكان بەڵام لە بیرنەكردنی رابردوو وەك پاراستنی كەرامەتی ئەمڕۆ سەیر دەكەن.
لە فبرایری 2008دا سەرۆك وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا كیفن رود داوای لێبوردنی كرد لە هەمبەر تاوانێك كرد كە بەرامبەر هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیا بە تایبەت دزینی 17000 لە منداڵەكانیان,
بەڵام سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رەتی كردەوە داوای لێبوردن لە هاووڵاتیانی رەسەنی وڵاتەكەی بكات, وتی نابێت نەوەی ئێستا لێپرسینەوەی بەرامبەر بە كاری نەوەی رابردوو لە گەڵدا بكرێت.
لە كەنەداش پەیكەری یەكەم سەرەك وەزیرانی وڵات جۆن مەكدۆناڵد شكێنرا, بەهۆی سیاسەتی پڕ لە زەبرو زەنگی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی رەسەنی كەنەدا, كە لە نێوان 1863 بۆ 1896 سەرەك وەزیرانی كەنەد بووە, بە زۆر 150000 منداڵی لە هاووڵاتیانی رەسەنی كەنەدی لە خێزانەكانیان سەندووەو ناردویانیەتە 130 قوتابخانەی تایبەتەوەو لە بەشی ناوخۆیی زیندانیانی كردووە, زۆربەیان لەو ماوەیەدا ئەشكەنجە دراون, تەنانەت هەندێكیان مردوونە, ناوی 2800 كەسی لەو قوربانیانە ئاشكرا كراوە, زمانی رەسەنیان لێ قەدەغە كراوە و كلتوریشیان یاساغ كراوە, ساڵی 2008 سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی كەنەدا ستیفن هاربەر داوای لێبوردنی لێیان كرد, هاوكات قەرەبووی قوربانیانیش لە روی مادیەوە كرایەوە بە 2,3 ملیار دۆلار, لە ساڵی 2017 سەرۆك وەزیران جاستن ترۆدۆ داوای كرد پاپای ڤاتیكانیش هاوشێوە داوای لێبوردن بكات, بەهۆی هەڵوێستی ئەوكاتی كەنیسەوە, لێ سەرۆك وەزیرانی نەمسا سیباستیان كۆرتز داوای لێبوردنی كرد سەبارەت بە پێشوازیكردنی وڵاتەكەی لە سوپای هیتلەر.
بە پێچەوانەی نموونەكانی سەرەوە حكومەتی راستگەرای پۆڵەندا سزای 3 ساڵی دانا بۆ ئەوانەی پۆڵەندیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست و دان دەنێن بە رۆڵیان لە تاوانەكە, ئەمەشیان بە داكۆكی لە كەرامەتی نیشتمانی دانا, بۆخۆی ئەمەش داكۆكییە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت, برلسكۆنیش داوای لێبوردنی لە گەلی لیبیا كرد بەرامبەر بە تاوانەكانی رابردوو, سەرۆكی مەكسیك ئەندریس مانۆیل لۆبیز داوای لە ڤاتیكان و ئیسپانیا كرد دان بە پێشێلكاریەكان رابردوو بنێن و داوای لێبوردن بكەن بەرامبەر بە هاووڵاتیانی رەسەنی مەكسیك زیاتر لە 500 ساڵ لەمەوپێش كۆمەڵكوژیكران بە شمشێر و خاچ, هەرچەندە پاپا داوای لێبوردنی لە هاووڵاتیانی رەسەنی ئەمەریكای لاتین كردووە لە بەرامبەر كۆمەڵكوژكردنیان.
تشارلز میشیل سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا و كەنیسەی كاسۆلیكی داوای لێبوردنی كرد بەرامبەر رفاندنی بە زۆری زیاتر لە بیست هەزار منداڵی بە بنەچە تێكەڵ لە ژنانی وڵاتانی بۆرندی و روانداو كۆنگۆی دیموكراتی و پیاوانی بەلجیكی, تەنانەت دوای رفاندنیان زۆرینەیان ناسنامەی بەلجیكیشیان پێ نەدرا, تا هەنووكە دایك و باوكی خۆشیان نەدۆزیوەتەوە, دوای سێ چارەكە سەدە, هێشتا بەلجیكا داوای لێبوردنی بەرامبەر كوشتنی 10 بۆ 15 ملیۆن كۆنگۆیی نەكردووە.
ئەمەو نموونەی زۆری دیكە لە بەردەستدان و نموونەكانیش هەمیشە لە زیادبوندان چونكە سەردەم سەردەمی داوای لێبوردن كردنە لە رابردووە تاڵەكان, سەردەمی بە مرۆڤ بوونە بەرامبەر بە دڕندەییەكان رابردوو, سەرەمی ساڕێژكردنەوەی ئازارەكانە.
ئەو قەرەبووە مادیانەی بە بێ یاسا و ئاشكراكردنی ڕاستیەكان و داوای لێبوردنكردن لە لایەن دەوڵەتی بكەری تاوانەوە دەبەخشرێت وەك خوێن بایی و هەوڵی كڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەكرێت لە بڕی سڕینەوەی رابردووی خوێناوی, كورد پێویستی بە خوێن بایی عێراق نییە, بەڵكە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بكەری تاوان بە فەرمی لە رێگای بەرپرس و سەرۆكەكەیەوە بە بڕیاری رەسمی داوای لێبوردنی لێ بكات, بەڕێز بەرهەم ساڵەحیش كە هەنووكە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە و كازمیش سەرۆك وەزیرانە ئەركە لەسەریان بەمكارە هەڵبستن, وەك ئەو سەرۆك وەزیران و سەرۆكانەی ئاماژەمان بە ناوەكانیان دا, بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە نامە بۆ یەك بە یەكی قوربانیانی جینۆساید و پێشێلكارییە زەقەكانی رابردوو لە كوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی بنێرن, ئەمە وەك تاك وەك نەتەوەش داوای لێبوردن لە كورد و توركمان و ئاشور و كلدان و شیعە و كریستان و ئێزیدی و سائیبە .... بكرێت, هیوادارم بەم ئەركە هەڵبستن و هەڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی و مەعسوم و عەلاوی و عەبادی و مالكی و عادیل مەهدی دوبارە نەكەنەوە.
چاوەڕوانین هەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلكاری گەورە لە كوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆك و سەرۆك وەزیرانەوە نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات لە زوترین ماوەدا, لە یاداوەری 33 ساڵی تاوانی جینۆسایدی كوردستاندا, ئەوە گەورەترین پەیام و بەرزترین دڵنەوایی و چاكترین هەنگاوی پاككردنەوەی رابردووە, ئەگەر بەو ئەركە هەڵنەستن بە ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی خۆتان هەڵنەستاون لە كاتێكدا زانیاری تەواوتان لەسەر ئەو نموونانەی هەژمارم كردو مافی قوربانیان و رۆڵی قەرەبووكردنەوەو داوای لێبوردنكردن لە ساڕێژكردنی برینەكان رابردوو هەیە.
داوای لێبوردنكردن بەشێك لە برینەكانی قوربانیان سارێژ دە كات, چاككردنی پەیوەندی تەنها بە داوای لێبوردن كردن و دادگاییكردنی تاوانباران و قەرەبووكردنەوەو زەمانەتی دووبارە نەكردنەوەی تاڵیەكان دەبێت, نەك بەناوچەوان ماچكردن و وتەی سۆزداری هەنووكەیی.
فەرموون لە یاداوەری 33 ساڵەی تاوانی ئەنفال و هەڵەبجەدا, داوای لێبوردن بكەن.