وەزارەتی بازرگانی هەرێم: بۆ مانگی رەمەزان بەنرخی كۆ پێویستییەكان دەفرۆشێتە هاوڵاتیان

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم رایدەگەیەنێت، پلانیان هەیە لە مانگی رەمەزاندا لە رێگەی چەند بازرگانێكەوە خواردنە پێویستەكان بە نرخی كۆ بفرۆشن بە هاوڵاتیان لە هەموو شارەكاندا بازاڕێكی ناوەندی تایبەت دەكرێتەوە.
نەوزاد كامل، بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند:" بە ئامانجی دابەزاندنی نرخ و هاوكاریی هاوڵاتیان شتومەكی خۆراكی رۆژانە لە دەرەوە هاوردە دەكرێن و بە نرخی كۆ بە هاوڵاتیانی بفرۆشێت.
هەروەها راشیگەیاند كە بابەتە پێویستەكانی رۆژانەی هاوڵاتیان وەكو برنج و ئارد و چەند بابەتێكی تر بە نرخی كۆ دەفرۆشرێنەوە و قازانجیان ناخرێتەسەر.
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هاوڵاتیان راستەوخۆ شتومەك بە نرخی كۆ دەكڕن و بە نرخێكی هەرزان و گونجاو پێداویستییەكانیان دەستدەكەوێت.
بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاشكراشیكرد، لە هەموو شارەكاندا بازاڕێكی ناوەندی تایبەت بە وەزارەت دەكەنەوە و ئەو كەلوپەلە خۆراكیانە دەخرێنە بەردەستی هاوڵاتیان.
نەوزاد كامل ئەوەشی روونكردووەتەوە كە لە ئێستادا سەرقاڵی دابینكردنی جێگای بازاڕەكانن و ئامادەكاری دەكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانە.
