فراكسیۆنی پارتی: چاوەڕوان دەكرێت روداوی تەقەكردن لە بارەگای پارتی دوبارەببنەوە

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان داوایكرد، لێكۆڵینەوەی ورد روداوی تەقەكردن لەبارەگاكانی حزبەكەی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بكرێت و راشیگەیاند:"چاوەڕواندەكرێت ئەو روداوانە دوبارە ببنەوە".
ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی نیسانی 2021، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمان رایگەیاند، ریز لەدامودەزگاكانی دەوڵەت و ئاسایش و پارێزگار دەگرین و هاتوین بەشێوازێكی مەدەنیانە بابەتی تەقەكردن چارەسەر بكەین، پارتی ئەمە بەجدی وەردەگرین، ناڵێین تەقە بە تەقە وەڵام دەدەینەوە بەڵام ناكرێت لە ساڵێكدا 76 جار تەقە لە بارەگاكانی پارتی كراوە.
هەروەها وتیشی:"هەندێكجار خەڵك دەستگیركراوە لەسەر تەقەكردن و یەك دوو شەوێك بەند كراون و بەكەفالەت ئازاد كراون، یەكێك لەو كەیسانە چوار ساڵە یەكلا نەكراوەتەوە، لە كاتێكدا بەڵگەی ڕون و سەلمێنەر هەیە كە تەقەیان لە بارەگای پارتی كردوە لە سلێمانی".
هاوكات، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشكرد، لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجەی شەهید، زیاتر لە 14 جار و لقی 4ی سلێمانیش چەند جارێك تەقەیان لێكراوە و خەڵك بریندار بوە و ئۆتۆمبێلەكان گولەیان بەركەوتوە و بە گشتی زیاتر لە 76 جار تەقە لە بارەگاكانی پارتی كراوە، بۆیە ئەو بابەتە دەبەنە پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی ناوخۆ كاری ورد و جدی لەسەر دەكات.
ئەوەشی ئاشكراكرد: "بەڵگەكان خراونەتەڕو، خەڵكانێك دەستگیر كراون و ناسنامەیان دیارە، جۆری چەك و قەوانی گوللـەكانیشیان دیارە، بەڵام تا ئێستا هیچ كەسێك نەهێندرایە بەر شاشەكان و بوترێت لەسەر تەقەكردن لە بارەگای پارتی دەستگیركراوە".
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی باسی لەوەشكرد: "ئەو كارانە ناتوانن پارتی و سلێمانی لەیەكتردور بخەنەوە، یان لەیەكتریان جیا بكەنەوە".
