کازمی: پەیوەندم لەگەڵ سەرکردەکانی کورد نوێ نییە و پەیوەست نییە بەبودجەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد نوێ نییە و پەیوەست نییە بە پەسەند کردنی بودجەوە، دەشڵێت: "كاک مەسعود بارزانی برامە و کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نزیکترین هاوڕێمە، بەمزووانەش سەردانی هەولێر دەکەم".

مستەفا کازمی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودی، رایگەیاند: "پەیوەندیم لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم نوێ نییە، ئەو پەیوەندییانەش تەنیا پەیوەست نین بە بودجەوە، بەڵکو پەیوەستن بە هەموو بوارێکی فراوانکردنی هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن لە نێوان سەرکردایەتیی هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا".

کازمی باسی پەیوەندی خۆی و مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەکات و دەڵێت: "بەردەوام لە پەیوەندیدام لەگەڵ برا و دۆستم سەرۆک مەسعود بارزانی. هەروەها سەرۆکی هەرێم کاکە نێچیرڤان بارزانی، کە هەمیشە بە نزیکترین هاوڕێی خۆمم داناوە، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم برازام مەسرور بارزانی".

هەروەها کازمی ئاشکرای کردووە بە مەبەستی ئاڵوگۆرکردنی بیروڕا سەبارەت بە قۆناغی داهاتوو، کە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت نزیکمان دەکاتەوە، سەردانی هەولێر دەکات.

سەبارەت بە دانوستاندنی شاندی دانوستاندکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی دەنگدان لەسەر بودجەی فیدراڵی 2021، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکردووە، "هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان تێبینییان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە و هەموارەکانی پرۆژەکە و بڕگەکانی تایبەت بە هەرێم هەبوو، هەمووانیش بە ئاستی جیاجیا هاوکاربوون بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و گەیشتن بەو دەقەی کە پەسەند کرا، بێگومان نابێ رۆڵی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەشی لەبیر بکەین، شاندی دانوستاندکاری هەرێمیش بە درێژایی سێ مانگ دانوستاندنی کرد لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان و سێ سەرۆکایەتییەکە بۆ گەیشتن بەو دەقەی کە پەرلەمان پەسەندی کرد".

مستەفا کازمی کە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا سەردانی ئیمارات و سعودیەی کرد جەختی کردەوە،  "عێراق هەوڵدەدات بۆ ئەوەی ببێتە خاڵی بەیەکگەیشتن و تەواوکار لە ناوچەکەدا، کە زۆر بەهۆی ئاستەنگەکان ناڵاندی، ئێستاش هەلێک هەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لەو ناوچەیە لە رێگەی پەرەپێدان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار