نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی نەفڕین ڕێگەی لە دوبارەبونەوەی كۆڕەوی خه‌ڵكی كوردستان گرت

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕینی 30 ساڵ بەسەر پرۆژەبڕیاری 688ـی ئەنجومەنی ئاسایش پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئه‌و بڕیاره مرۆییه بۆ گه‌لی كوردستان وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو تا رێگه له كۆڕه‌وی ملیۆنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ره‌و سنووره‌كانی ئێران و توركیا بگرێت كه به‌و كۆڕه‌وه ره‌تیكرده‌وه جارێكی دیكه بگه‌ڕێته‌وه ژێر ركێفی سته‌م و دیكتاتۆری".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 5ی نیسانی 2021، پەیامێکی لە 30ـیەم ساڵیادی دروستکردنی هەرێمی نەفڕین لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: دوای بڕیارەکە دابینكردنی ئارامی ده‌ستی پێكرد و نه‌وای ئارام و ناوچه‌ی نه‌فڕین دروست بوو كه دواتر بووه هۆی پاراستنی به‌شێكی زۆری هه‌رێمی كوردستان. ئیدی هێزه‌كانی رژێمی ئه‌وسای عیراق نه‌یانتوانی نه له‌سه‌ر زه‌وی و نه له ئاسمانه‌وه هێرش بكه‌نه سه‌ر گه‌ل و خاكی كوردستان.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راشیگەیاند: بێگومان هه‌رێمی كوردستان له ئه‌زموونی سی ساڵی رابردوویدا ده‌یتوانی نموونه‌یه‌كی باشتر پێشكه‌ش بكات، وێڕای هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كان، هه‌ڵه و كه‌موكوڕی هه‌بووه و هه‌یه، به‌ڵام كه‌میش نین ئه‌و كێشه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ی بۆی دروست كران.
لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و یەکڕیزی لایەنەکان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "ته‌نیا بژارده‌مان ئه‌وه‌یه به ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی، به سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی رابردوو، به گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵیی عیراق و به پشتیوانی و هاوبه‌شی و هاریكاریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌نگاو به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باشتر بنێین".
ده‌قی په‌یامه‌كه:
ئه‌مڕۆ یادی سی ساڵه‌ی ڕۆژێكی پرشنگدار له مێژووی هاوچه‌خی گه‌لی كوردستاندا ده‌كه‌ینه‌وه. به‌رله سی ساڵ وه‌ك ئه‌مڕۆ 5/4/1991، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری (688)ی ده‌ركرد. به‌و پێیه پرۆسه‌ی دابینكردنی ئارامی ده‌ستی پێكرد و نه‌وای ئارام و ناوچه‌ی نه‌فڕین دروست بوو كه دواتر بووه هۆی پاراستنی به‌شێكی زۆری هه‌رێمی كوردستان. ئیدی هێزه‌كانی ڕژێمی ئه‌وسای عێراق نه‌یانتوانی نه له‌سه‌ر زه‌وی و نه له ئاسمانه‌وه هێرش بكه‌نه سه‌ر گه‌ل و خاكی كوردستان.
ئه‌و بڕیاره مرۆیییه بۆ گه‌لی كوردستان وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو تا ڕێگه له كۆڕه‌وی ملیۆنیی خه‌ڵكی كوردستان به‌ره‌و سنووره‌كانی ئێران و توركیا بگرێت كه به‌و كۆڕه‌وه ڕه‌تیكرده‌وه جارێكی دیكه بگه‌ڕێته‌وه ژێر ڕكێفی سته‌م و دیكتاتۆری. پاشان بڕیاره‌كه ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌منی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی وه‌رگرت، تا دوایین جار ڕه‌هه‌ندێكی تازه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی 1992 و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و ئه‌زموونی دیفاكتۆی هه‌رێمی كوردستانی لێكه‌وته‌وه.
چه‌مكی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی كه له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌دا هاته ئاراوه، وێڕای پێشكه‌شكردنی یارمه‌تیی گه‌وره‌ی مرۆیی، ده‌رگای ژیان و ئه‌زموونێكی تازه‌ی دیموكراسی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا كرده‌وه. ده‌رفه‌تی ڕه‌خساند تا ئاوه‌دانی و چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی هاوبه‌ش و ئه‌زموونێكی نوێ له ناوچه‌كه‌دا پێشكه‌ش بكات و وه‌ك هاوبه‌شێكی دیار له‌گه‌ڵ جیهانی پێشكه‌وتوو په‌ره به به‌ها شارستانییه‌كانی سه‌رده‌م بدات و ببێته پارێزه‌رێكی دیموكراسی و مافه‌كانی
مرۆڤ، كولتووری یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی قووڵتر بكاته‌وه.
بێگومان هه‌رێمی كوردستان له ئه‌زموونی سی ساڵی ڕابردوویدا ده‌یتوانی نموونه‌یه‌كی باشتر پێشكه‌ش بكات. وێڕای هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كان، هه‌ڵه و كه‌موكوڕی هه‌بووه و هه‌یه، به‌ڵام كه‌میش نین ئه‌و كێشه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ی بۆی دروست كران و ڕێگه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی زیاتریان لێگرت. ئێستاش ته‌نیا بژارده‌مان ئه‌وه‌یه به ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی، به سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی ڕابردوو، به گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرأڵی عێراق و به پشتیوانی و هاوبه‌شی و هاریكاریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌نگاو به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باشتر بنێین.
له‌م یاده‌دا سڵاو و ڕێز و پێزانینمان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه سی ساڵ به‌رله ئه‌مڕۆ بڕیارێكی ڕاست و دروستیان دا، گه‌لی كوردستانیش سه‌لماندی ئه‌گه‌ر ئازادی و ده‌رفه‌تی هه‌بێت، ده‌توانێت نموونه‌یه‌كی باش و جیاواز پێشكه‌ش بكات. داواكارین پشتیوان و هاوكارمان بن تا هه‌نگاوی گه‌وره‌تر به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باشتری هاوبه‌ش و ئارامی و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق و ناوچه‌كه و جیهاندا بنێین، تا پێكه‌وه به هاوبه‌شی و هاریكاری، به‌ها باڵاكانی مرۆڤایه‌تی و جیهانی پێشكه‌وتوو بپارێزین و پێكه‌وه به‌ره‌نگاری توندوتیژی و توندڕه‌وی و تیرۆر ببینه‌وه.
زۆر سوپاسی ئێران و توركیا ده‌كه‌ین كه پێشوازییان له سه‌تان هه‌زار په‌نابه‌ری كوردستان كرد. زۆر سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت به‌شدارییان له ده‌ركردنی بڕیاری (688)ی نێوده‌وڵه‌تی و پرۆسه‌ی دابینكردنی ئارامی و دامه‌زراندنی ناوچه‌ی نه‌فڕین و نه‌وای ئارام و دابینكردنی یارمه‌تیی مرۆیی‌دا كرد و ئیراده‌ی سیاسی‌یان بۆ پاراستنی گه‌لی كوردستان نیشان دا. سوپاس بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه ناحكوومییه‌كان. سوپاس بۆ ڕای گشتیی جیهان كه حكوومه‌ته‌كانیان هان دا تا گه‌لی كوردستان بپارێزن. هه‌رگیز ئه‌و پشتگیری و یارمه‌تییه‌ی ئێوه له‌بیر ناكه‌ین و چاومان له به‌رده‌وامیی هاوبه‌شی و پشتگیری و هاوكاریتانه.
سوپاس بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و وێنه‌گرانی جوامێر و ئازا و بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن كه ڕۆڵیكی گه‌وره‌یان له گه‌یاندنی ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستاندا گێڕا و وێنه و دیمه‌نی مه‌ینه‌تی و ئازاره‌كانی پیر و منداڵان و نه‌خۆش و په‌ككه‌وته و ژنان و پیاوانی بێده‌ره‌تانی ئاواره‌ی له ناوچه سنوورییه سه‌خت و شاخاوییه‌كانه‌وه، بۆ هه‌موو جیهان گواسته‌وه و پشتگیرییه‌كی گه‌وره‌ی مرۆیی‌یان بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌سته‌به‌ر كرد. سوپاس بۆ پشتیوانیی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی و هونه‌رمه‌ندان و ده‌زگا و ڕێكخراوه كوردستانییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات. سڵاو، ڕێز و پێ‌زانین بۆ هه‌مووان.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
2021/4/5
