بایدن‌و مافەکانی مرۆڤ

سەردار عەزیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

ئیدارەی بایدن زیاتر جەخت لەسەر مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، چونکە ئیدارەی پێشوو هیچ بایەخێکی بەمافی مرۆڤ نەدەدا. ئەمە یەکەم هۆکاری پشت بایەخدانە بەخیتابی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ئەم ئیدارەیەوە، بەڵام پرسەکە هێندە بەسانایی نیە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەهۆی زاڵی مەسیحییە ئایندارەکانەوە ئازادی ئایینی لەسەرووی هەموو مافەکانی ترەوە دادەنا. بەجۆرێک ئازادی ئایینی بە بنەمای هەموو ئازادییەکانی تر دادەنا، کەسانی وەک مایک پێنس و پۆمپیو، سەر بەگروپە ئایینیە ئیڤانجێلیکەکان بوون، لەناوەوەو دەرەوەی ئەمریکا جەختی زۆریان لەسەر مافی ئایینی دەکردەوە، گروپە ئایینیەکان ئەوەیان دەزانی کەدیموکراسی لەسودیان نیە، بۆیە زیاتر بایەخیان بەدادگاکان دەدا، لەم رێگایەوە لەبەشێکی زۆری دادگاکان کەسی نزیک لەخۆیان دانا، کاتێک بایدن لەکۆنفرانسی میونخ هاواری ئەوەی کرد کەئەمریکا هاتەوە، دەیەوێت هاتنەوەی ئەمریکا، تەنها هاتنەوەی هێز یان ئامادەیی وڵاتێک نەبێت، بەڵکو هەروەها هاتنەوەی بەهاکانیش بێت.

مافەکانی مرۆڤ یەکێکە لە ئەو کۆمەڵە نۆرم و بەهایانەی کە ئەمریکا لەپاش جەنگی جیهانی دووەمەوە وەک جۆرێک لەهێزی نەرم خاوەندارێتی کردەوەو بەکاریبردوە،  هەرچەندە رەگی دیاری ئەم دیسکۆرسە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جیمی کارتەر، کارتەر مافەکانی مرۆڤی هێنایە نێو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، ئەوە بەیەکێک لەهۆکارەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی خومەینی دادەنرێت.

دیارە لێرەدا دەبێت ئاگاداری ئەوە بدەین کەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەرگیز یەک رەوت و یەک شێوازو تاک رەهەند نییە، لەساڵی ٢٠٠١ هێنری کیسنجەر کتێبێکی نووسی بەناوی ئایا ئەمریکا پێویستی بەسیاسەتی دەرەوەیە؟ لەوێدا باس لە ئەم فرەییەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات لەدونیادا. دیارە زۆر بەسادەیی، ئەگەر ئەمریکا لەهەموو گۆی زەوی کاریگەری هەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە، هەموو گۆی زەوی وەک یەک نیەو لەهەمانکاتدا هەموو گۆی زەوی وەک یەک گرنگ و بە بایەخ نیە بۆ ئەمریکا.

بۆ ئەوەی باشتر لەم پرسە تێبگەین، میتۆدی تێگەیشتن لەناوەوە، لەپێناو تێگەیشتن لەدەرەوە بەکاردەبەین، بەپێی ئەم میتۆدە، ئەوە دۆخی ناوەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێک دادەڕێژێت، دەکرێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنرێت کە لەنێو هەندێک وڵاتاندا، بەتایبەتی زلهێزەکان، دابڕانێک هەیە لەنێوان ناوەوەو دەرەوەدا، بەڵام لەدۆخی ئێستای ئەمریکادا ئەمە لەهەموو ساتێک راستترە، دۆخی ناوەوەی ئەمریکا بەجۆرێکە کە ناتوانرێت بەئاسانی بەهێند وەرنەگیرێت، بەتایبەتی لەلایەن ئیداریەکی دیموکراتەکانەوە،  دیارە لەهەمانکاتدا ئارگومێنتێک هەیە، بەتایبەتی لای ئەنتۆنی نێگرێ و ئەوان کەدەرەوە نەماوە، ئەوەی هەیە تەنها ناوەوەیە، ئەم ئارگومێنتە لەپێناوی ئەوەدابوو کەبڵێن ئەمریکا ئیمپراتۆریەتە، نەک تەنها سەرزەمینی ئەمریکا بەڵکو هەموو گۆی زەوی جێگای پیادەکردنی دەسەڵاتی ئەوە.

کەسێک کە ئازاد دەبێت، مانای ئەوەنیە ئازادبووە، بەڵکو لەڕووی کارو مافی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی و مامەڵەی سیستەمەوە بەجیاواز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. هەموو ئەمانە کاریگەرییان هەیە لەسەر پارتی دیموکرات، چونکە زۆربەی هەژاران و رەشپێستان کە بەندیخانە نشینین دەنگدەری دیموکراتەکانن

ئەگەر لەسەردەمێکدا، بەتایبەتی لەترۆپکی جیهانگەریدا، وەها دەردەکەوت کە دونیا دەبێت بەیەک، ئەوا ئێمە بەرەو دۆخێکی تر دەڕۆین کەدونیا پەرت و فرە دەبێت، لەناوەوەی ئەمریکا کۆمەڵێک پرس زاڵن بەسەر ئەجیندای وڵاتدا، پرسی وەک رەگەزپەرستی، نایەکسانی، مافی ئافرەت، بەتایبەتی ئافرەتانی رەشپێست، کۆچبەر، ژینگە، هەروەها دادگاکان و دادپەروەریی تاوانباران لەگەڵ خوێندندا، بەتایبەتی قەرزو رێگرییەکانی خوێندن،  یەکێک لەو پرسانەی کە لەناو ئەمریکادا بەردەوام دەوروژێنرێت پرسی بەندیخانەیە، کێ دەچێت بۆ بەندیخانەو کێ لەبەندیخانە دوورە؟ وڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نیە. لەڕۆمانی ژوری مەریخ راچێل کوشنەر، بە شێوازی دیستۆڤیسکی باس لەسیستەمی بەندیخانەی ئەمریکا و کاریگەری لەسەر بەندییەکان دەکات.

 بەکورتی چۆن ئایدۆلۆژیاو سیستەمێک لەسەر رەش و سپی بونیادنراوە بوار بۆ کەسایەتی ئاڵۆز دروست ناکات، لەکاتێکدا مرۆڤ بوونەوەرێکی هێندە سادەنیە بە باش و خراپ یان تاوانبارو بێتاوان یان گوناهبارو بێگوناه مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەندیخانە پێودانگی پاشخانیشی هەیە، کەسێک کە ئازاد دەبێت، مانای ئەوەنیە ئازادبووە، بەڵکو لەڕووی کارو مافی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی و مامەڵەی سیستەمەوە بەجیاواز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. هەموو ئەمانە کاریگەرییان هەیە لەسەر پارتی دیموکرات، چونکە زۆربەی هەژاران و رەشپێستان کە بەندیخانە نشینین دەنگدەری دیموکراتەکانن،  لەم روانگەیەوە بایدن دەڵێت دایک و باوکە رەشەکان دەبێت هەست بەدڵنیایی بکەین کاتێک منداڵەکانیان بەشەقامەکاندا دەڕۆن، لێرەوەیە کە کەمپەینی ژیانی رەش پێستان بایەخی هەیە، پەیوەندی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا هەیە. 

لەئاستی دەرەوەدا ئەم روانگەیە دەکرێت بەسودبێت دەربارەی ئەوەی کێ دەچێت بۆ بەندیخانە و کێ ناچێت بۆ بەندیخانە؟ ئەمە بۆ هەموو چالاکوان و کەسانی سیاسی و رۆژنامەنووسان پرسێکی گرنگە لەئاستی دونیادا. دەکرێت لەکوردستانیش سوودی لێوەربگیرێت. دەبێت یاسایەکی دادوەرانە لەسیستەمی شەرعی و دیموکراسی بڕیاردەربێت لەوەی کە کێ دەچێتە بەندیخانەو کێ ناچێت بۆ بەندیخانە. 

بوارێکی تر کەجێگای بایەخە، مافەکانی ئافرەتە، ئافرەتان بەگشتی هەژار و بێدەرامەت و بێکارو ئەرک قورسن، بەتایبەتی ئافرەتانی رەش پێست، ئەم پاشخانە ناوەکییە دەبێت پاڵنەری ئەوەبێت کە ئەمریکا لەدەرەوەش بایەخ بەمافەکانی ئافرەت بدات، بە پێگەی ئافرەت لەناو کۆمەڵگاو کارو سیاسەتدا. چالاکوانانی ئافرەتان دەتوانن سوود لەپەیمانەکانی بانگەشەی بایدن ببینن بۆ ئاوڕدانەوەی ئەمریکا لەپرسەکەیان،  بەڵام پرسی مافەکانی مرۆڤ تەنها لەبواری گروپە تایبەتەکاندا کاریگەریی نیە، بەڵکو لەئاستی جیوپۆلەتیکیشدا کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە،  ئەمە زۆر بەتایبەتی لەدونیای ئەمڕۆدا. مافی مرۆڤ بەشێکە لەخیتابی سیستەم یان شارستانیەتی لیبڕالی رۆژئاوایی، بنەماکانی لەسەر بەها ڕۆژئاواییەکان بونیادنراوە، وەک تاکگەرایی، ئازادی، رێگریی نەکردن، مافی دەربڕین، جووڵە، کارو زۆر بواری تر، بڕێکی زۆری ئەم بوارانە لەزۆر جێگای دونیا رووبەڕووی تەنگوچەڵەمەی زۆر دەبێتەوە.

 ئەمڕۆ لەدونیادا بەرەیەک لەهەڵکشاندایە کەئامانجیان ئەوەیە رێگریی بکەن لەباڵایی و دەستوەردانی ڕۆژئاوا بۆ کارەکانیان، ئەم بەرەیە لەژێر ناوو پۆلێنی جیاوازدا خۆیان ناوزەد دەکەن، یەکێک لەو پۆلێنانە دەوڵەتی شارستانییە، ئەم جۆرە دەوڵەتە بانگەشەی ئەوە دەکات کەدەوڵەتی نەتەوەنیە، بەڵکو دەوڵەتی شارستانییە، بەو مانایە وەک دەوڵەتێک، حوکم و نوێنەرایەتی شارستانیەتێک دەکات. هەندێک ئەمە بەبێ بنەماو ئەفسانە دادەنین. چونکە دەوڵەت و شارستانیەت پێکەوە ناگونجێن، لەکاتێکدا دەوڵەت ئامانجی رێکخستن و هاوشێوەکردن و کۆنترۆڵە، ئەوا شارستانیەت بەپێچەوانەوە لەسەر بنەمای فرەیی و بێناوەندیی و گۆڕان و هەمەچەشنەیی بونیادنراوە، بۆیە هەتا ئاستێکی زۆر دەوڵەت و شارستانیەت پێچەوانەی یەکترن، بەڵام سەرباری ئەمە وڵاتی وەک چین، ئێران، روسیا، تورکیا، لەگەڵ هیند بانگەشەی ئەوە دەکەن کە جۆرێکن لەدەوڵەتی شارستانین، ئەم بوارە نوێیەو خەڵکی کورد دەبێت لێی بەئاگابێتەوە، چونکە راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر وردو دڕشتی ژیانی، لە ڕوانگەی ئەم وڵاتانەوە مافەکانی مرۆڤ، تەنها ماف نین، بەڵکو ئامرازو ئایدۆلۆژیان کەڕۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت بۆ دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە، بەڵام ئەو وڵاتانە ناتوانن لەم رێگایەوە دەست لەکاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە بدەن، بە ئایدۆلۆژیا بینینی مافەکانی مرۆڤ، دەرخەری هاتنی سەردەمێکی نوێیە، سەردەمێک کە تیایدا چیدی بەئاسانی بەها مرۆیی و گەردوونییەکان بوونیان نیە و لەلایەن هێزە رکەبەرەکانی رۆژئاواوە دژایەتییان دەکرێت، هەندێک لەبیرمەندانی جیوپۆلەتیک بڕوایان وەهابوو کە لەگەڕانەوە بۆ ململانێی زلهێزەکان مافەکانی مرۆڤ پشتگوێ دەخرێت، بەڵام وەها دیارە بەهۆی بوونی پاڵنەری ناوەکیی و دەرەکی ئەم دیدە ئەوەندە راستی بەپێکی،  لەئاستێکی تردا، ئیدارەی ترەمپ زیانێکی زۆری لەدەسەڵاتی نەرمی ئەمریکا دا، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت لەلایەن دۆست و رکەبەرەکانیەوە بەهێند وەربگیرێت ئەوا دەبێت بایەخ بە بەهاکان بدات زیاتر لەجاران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار