لەبەر خراپی دۆخی سلێمانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئۆفیسی كردەوە

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە مەبەستی ئاگاداربون و سەرپەرشتی كردنی دۆخی كۆرۆنا بەشێكی تایبەت بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەناو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی كرایەوە، لێپرسراوی رێكخراوەكەش هۆشداری لە بارودۆخی پەتاكە دەدات.
دكتۆر نەجمەین لێپرسراوی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لقی سلێمانی لە لێدوانێكدا وتی: داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی كردبو ئۆفیسێكمان لە ناو بەڕێوەبەرایەتیەكە بۆ بكاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی رۆژانە بیروڕا بگۆڕینەوە سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا.
رونیشیكردوەتەوە: لە ئێستا رێژەی توشبون لە سلێمانی روو لە زیادبونە و پێشتریش رامانگەیاندبو لە ناوەڕاستی مانگی سێدا رێژەكە بەرز دەبێتەوە و هەرواش دەرچو، بەداخەوە خەڵك پابەند نین بە رێنماییەكانەوە و خەڵك لە ئاهەنگی نەورۆزدا دەمامكیان بەكارنەهێنا و ئەمەش وای كرد كە رێژەی توشبون زیاد بكات.
بەرپرسەكەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی هێمای بۆ ئەوەشكردوە، پێشتر لە هەفتەیەكدا تەنها 129 توشبو تۆمار دەكران بەڵام لە ماوەی 28ی 3 بۆ 3ی 4 753 توشبو تۆمار كراون واتا رێژەكە 15 هێندەیە، هەروەها لە 15 هەفتەدا 105 كەس گیانیان لەدەستدابو بەڵام لەم هەفتەیەدا 22 كەس گیانیان لەدەستداوە، ئەو ئامارەش مەترسیدارە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەكات پابەندی رێنماییەكان بن.
هاوكات سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە ئاكرێ، هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا دا و ئاشكرای كرد: "لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 1045 كەسی دیكە لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە و 16 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە".
وتیشی: "لێرەوە جارێكی دیكە بە ھاووڵاتییان دەڵێین ئەوانەی نیشانەیان ھەیە یان بەركەوتەن پشكنین بكەن".
بهپێی دوایین ئاماری وهزارهتی تهندروستی ،تا ئێستا 126 هەزار و 191 کەس له ههرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 111 هەزار و 494 کەس چاکبوونەتەوە و سێ ههزار و 731 کەسیش بههۆی ڤایرۆسهكهوه گیانیان لەدەستداوە.
