مستەفا كازمی وردەكاری كۆبونەوەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئاشكرا دەكات

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەشاری بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوەوە و هەردولا گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێك كرد، كازمی هیوای خواستووە، پڕۆژەیاسای بودجە و ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا وەك خۆی و بە وردی جێبەجێبكرێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە و لە كۆبونەوەیەكدا چەند مەلەفێكی گرنگ باس كراون.
هەروەها ئەوەش هاتووە، لەوانەش هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدراڵ و حكومەتی هەریمی كوردستان بەپێی دەستور، ئەوەش سەرەڕای گفتوگۆكردن لەسەر هەوڵەكان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و تاوانی ڕێكخراو و كەیسی شنگال لەنێوان بەغدا و هەرێم.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی تەندروستی تایبەت بە كۆرۆنا و زیادبونی توشبووان و هەوڵە بەردەوامەكان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ توشبووان و دابینكردنی ڤاكسین كراوە.
ئەوەش هاتووە، كازمی ستایشی ئەو پێشكەوتنەی كردووە لەبواری دامەزراندنی ئالیەتە دەستورییە ناوخۆییەكان بەدەست هاتووە، كە بوونەتە هۆی ڕێكەوتن لەسەر دادگای فیدراڵی و پەرلەمانیش توانی پرۆژە یاسای بودجە تێپەڕێنێت، هیواشی خواستووە كە پرۆژە یاساكە بە وردی جێبەجێ بكرێت و بە جۆرێك خوێندنەوەی بۆ نەكرێت كە دژ بێت لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی عێراق، ئەوەش بەپێی مەبدەئی دادپەروەری لە دابەشكردنی سەروەت و ساماندا.
مستەفا كازمی هەر لە كۆبونەوەكەدا ئاماژەی بەوەداوە، پێویستە تەواوكاریی ئەمنی لەنێوان بەغدا و هەولێردا بەهێز بكرێت بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری ناوخۆیی و ڕێگەگرتن لە دروستبونی هەر كەلێنێك كە تیرۆر و تاوانی ڕێكخراو بیقۆزنەوە، لە ناوچە جێناكۆكەكان و ناوچەكانی تریش.
سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیلەوەشكردووەتەوە، سەردانە بەردەوامەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا نامەیەكی دروست ئاڕاستەی سەرجەم عێڕاقیەكان دەكات و هاوكار دەبێت لە بنیادنانی متمانە و ئاماژەیە بۆ نیازپاكی و هاندانی ڕۆحی هاوكاری و هاوبەشیی و هەماهەنگی لە سەرجەم بوارەكان لە بەرژەوەندی وڵات.
بەپێی هەمان بەیاننامە، لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كردووە و ستایشی هەوڵەكانی كازمی كردووە لە ڕووی سیاسی و ئابوریی و دبلۆماسییەوە، وتوشیەتی كە هەوڵە دبلۆماسیە عێراقیەكان لەماوەی ڕابردوودا و سەردانەكان و كۆبونەوەكان پێگەی عێراقی بە گشتی بەرز كردووەتەوە و گەڕاندویەتیەوە بۆ ڕۆڵی سروشتی هەرێمیی و نێودەوڵەیی خۆی.
هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان ستایشی ڕێچكەی دانایی بۆ چارەسەركردنی كەیسە ناوخۆییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی ئەمنی و پێویستی گەشەپێدان كردووە، پشتگیری خۆشی بۆ حكومەتی عێڕاق دەربڕیوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشێوەیەك كە بتوانێت ئاڵنگاریەكان چارەسەر بكات.
نێچیرڤان بارزانی، ستایشی ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی كردووە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە و جەختیلەوەشكردووەتەوە، كە پێویستە چارەسەركردنی كەیسە هەڵواستراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر ڕێگە خۆش بكات بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتری عێراق.
