بنكەیەكی ئەتۆمی ئێران تەقێنرایەوە

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
رێکخراوی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، روداوێک لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، یەکێک لە بنکە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، رویداوە، بەڵام کوژراو و برینداری لێنەکەوتووەتەوە هاوكات سەرەتای هاوینی ساڵی رابردووی ئەم بنكەیە جارێكیتر تەقێنراوەتەوە .
رۆژی شەممە 10-4-2021 بەبڕیاری حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران تێستی سێنتریفیوچ لە جۆری IR-9، کە جۆرێکی زۆر پێشکەوتووی سێنتریفیوچە و هەروەها ناوەندی مۆنتاژی نەوەی نوێی سێنتریفیوچ دەستی پێکرد.
بێهرووز کەمالوەندی، وتەبێژی رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران بە ئاژانسی فارس نزیک لە سوپای پاسدارانی وتووە، رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەشی تۆڕی کارەبای دامەزراوەی پوختەکردنی یورانیۆمی ئەحمەدی رەوشەن روویداوە.
بێهرووز کەمالوەندی روونکردنەوەی لە بارەی چۆنیەتی روودانی رووداوەکە نەداوە، بەڵام وتوویەتی: رووداوەکە زەرەر و زیانی مرۆیی لێنکەوتووەتوە. کەمالوەندیی دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە رووداوە دەکەن.
ئاژانسی فارس لە هەواڵەکەیدا ئاماژەی بە تەقینەوەکەی سەرەتای هاوینی ساڵی رابردووی ناوەندی ئەتۆمیی نەتەنز کردووە، کە ئەمە گومانی ئەوەی دروستکردووە، رووداوەکەی ئەمڕۆش تەقینەوە بووبێت.
لەو تەقینەوەیەدا کە رۆژی 3ی تەممووزی 2020 لە هۆڵی بەرهەمهێنانی سێنتریفیوچەکانی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنزدا روویدا، بەرپرسان سەرەتا ئاماژەیان بە روودانی رووداوێک کرد، بەڵام دواتر دەرکەوت تەقینەوەیەکی گەورە بووە و زەرەر و زیانی زۆریشی بە ناوەندی بەرهەمهێنانی سێنتریفیوچی نەتەنز گەیاندووە.
بەرپرسانی ئێران وتیان تەقینەوەکە بەهۆی خراپەکارییەوە بووە، بەڵام لەبەر باری ئەمنی ناتوانن باس لە وردەکارییەکانی بکەن.
عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران رۆژی 10ی نیسانی 2021 لە رۆژی نیشتمانیی پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێراندا وتی: "چەند مانگێک لەمەوبەر دوژمن هۆڵی مۆنتاژی نەوەی نوێی سێنتریفیوچی تەقاندەوە، بەڵام هۆڵێکی نوێمان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو رووداوە دروستکرد".
عەلی ئەکبەر ساڵحی وتی: شەو و رۆژ لە هەوڵدان شاخەکانی نزیک نەتەنز هەڵکۆڵن، هۆڵی لێدروست بکەن و بەشە هەستیارەکانی ناوەندی ئەتۆمیی نەتەنزی تێدا جێگیر بکەن.
وێستگهی ئهتۆمی نهتهنز له باكووری پارێزگای ئیسفههان ههڵكهوتووه.
