تەندروستی عێراق: ڤاكسینی فایزەر گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى ‌

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی پێکوتەی فایزەری دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11-04-2021 دکتۆر سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکەم کاروانی پێکوتەی فایزەری دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، کە بریتییە لە 49 هەزار ژەمە پێکوتە".

دکتۆر سەیف بەدر وتیشی: "بڕیارە لە چەند کاژێری داهاتوودا کاروانێکی دیکەی پێکوتەی سینۆفارمی چینی کە بریتییە لە 200 هەزار ژەمە پێکوتەی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا بگاتە عێراق".

گەیشتنی ئەم کاروانەی پێکوتەی فایزەری دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا 50 هەزار ژەمە پێکوتەی سینۆفارمی چینی و 336 هەزار ژەمە پێکوتەی ئەسترازێنیکای دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتوونەتە عێراق و بەردەوام دەدرێنە هاووڵاتیان، بەڕادەیەک بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق تائێستا 133 هەزار و 47 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێکوتەی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە.

هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا بووەتەوە و ژمارەی تووشبووان و ئەوانەی بە ڤایرۆسەکە گیان لەدەستدەدەن روو لە هەڵکشانە. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کە دوای نیوەڕۆی شەممە 10-04-2021 بڵاوکراوەتەوە. تائێستا 131 هەزار و 141 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و سێ هەزار و  776 کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، تاوەکو ئێستا 918 هەزار و 155 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 809 هەزار و 663 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، هاوکات 14 هەزار و 678 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار