رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران: تۆڵەی هەوڵە تیرۆریستییەکەی بنکەی نەتەنز دەکەینەوە

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت، بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە باشووری تاران کراوەتە ئامانجی هێرشی "تیرۆریستی" و بە مافی خۆیان دەزانن تۆڵەی "هێرشەکە" بکەنەوە.
عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، بە مافی خۆیان دەزانن تۆڵەی "هێرشەکە" بکەنەوە. لە راگەیێندراوێکدا، ساڵحی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکات "رووبەڕووی هەوڵە تیرۆریستییەکان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان ببنەوە."
میدیای ئیسرائیلیش لەزاری بەرپرسێکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە گواستیەوە کە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد ئەنجامدەری "هێرش"ـەکەی سەر بنکەی ئەتۆمی نەتانز بووە و زیانی گەورەیشی بە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنکە ئەتۆمییەکە گەیاندووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش، هاوشێوەی زۆرجاری دیکە لەبارەی ئێران قسەیکرد. بنیامین نەتەنیاهوو لە ئێوارەخوانێکدا قسەیکرد و وتی، "زۆر ئەستەمە بتوانین قسە لەسەر ئەو سەرکەوتنانە بکەین کە لە ئیسرائیل بەدەستمان هێناون. جاران هێندە بێ دەسەڵات بووین وێنەی نەبوو؛ ئێستاش بووینەتە زلهێزێکی جیهان."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "شەڕی دژی ئێران، شەڕەنگێزییەکانی و خۆپڕچەککردنی کارێکی ئێجگار گەورەیە". چەند رۆژێک پێش ئێستاش کەشتییەکی ئێرانی لەکەنداو هێرشیکرایەسەر.
میدیای ئەمریکی بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان بڵاویکردەوە، ئیسرائیل دەستی لە هێرشی سەر کەشتییەکەی ئێران هەبووە؛ بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، ئەو هێرشە لە تۆڵەی چەند هێرشێکی ئێران بووە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە سنوورە ئاوییەکان.
ئەمە یەکەمجار نییە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز رووبەڕووی کێشە و هێرش دەبێتەوە. لە تەممووزی 2020 دا بڵاوبووەوە کە بنکە ئەتۆمییەکە ئاگری تێدا کەوتوەتەوە، میدیای ئەمریکی ئەو کاتە بڵاویکردەوە، ئەوەی روویداوە لە لایەن ئیسرائیلەوە بووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای راپۆرتەکەی میدیای ئەمریکی هەڕەشەی تووندی لە هەر "لایەنێک" کرد دەستی لە ئاگرکەوتنەوەکەی نێو بنکەی ئەتۆمی نەتەنز هەبووبێت.
دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز دەکەوێتە 320 کیلۆمەتر باشووری تاران و بەشێکی لەژێر زەویدایە.
