قایمقامی سلێمانی: لە رەمەزاندا رێگە بە ساغکردنەوەی خواردن و کاڵای زیانبەخش نادەین

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
قایمقامی سلێمانی رایگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا چاودێرییەکانیان چڕتردەکەنەوە و رێگە بە گرانکردنی نرخ و ساغکردنەوەی خواردن و کاڵای زیانبەخش نادەن. دەشڵێت، "ئەو شوێنانەی پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی نەبن و سەرپێچی بکەن شوێنەکانیان دادەخرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، بەشی راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئاوات محەمەد قائیمقامی شارەکە لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنە ھاوبەشەکان کۆبووەتەوە و پلانی لیژنەکان بۆ مانگی رەمەزان دانراوە.
راشیگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا لیژنە چاودێرییەکانیان چڕتر دەکەنەوە و بەرۆژ و شەو سەردانی ھەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە خواردن و پێداویستی تێدا دەفرۆشرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، رێگە بە گرانکردنی نرخ و ساغکردنەوەی خواردن و کاڵای زیانبەخش نادەن و ھەر کەسێک پابەند نەبێت روبەڕوی سزای توندی یاسایی دەکرێتەوە.
هاوکات، لیژنە ھاوبەشەکانیشی راسپارد لەپێناو تەندروستی و بەرژەوەندی گشتی خەڵک بە وردی بەدواداچون بکەن و رێگە بە ھیچ جۆرە سەرپێچییەک نەدەن.
دەشڵێت، لە پاڵ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن، لیژنەھاوبەشەکان بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە ھەموو ئەو شوێنانەی کە بە مەرج رێگە بە کارکردنیان دراوە دەکەن.
باسی لەوەشکرد، لە ئەگەری پابەندنەبونی شوێنەکان بە رێکارەکانەوە، ئەوا روبەڕوی سزای توندی یاسایی دەبنەوە و لە ئەگەری بەردەوامبوونیان لەسەر سەرپێچی شوێنەکانیان دادەخرێت.
