راوێژکارێکی پێشووی سەرۆککۆماری ئێران: کۆماری ئیسلامی دەڕوخێت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

راوێژکارێکی پێشووی مەحموود ئەحمەدی نژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران رایگەیاند، ئەحمەدی نژاد پێیوایە کۆماری ئیسلامی دەڕوخێت و دەسەڵاتی ئێران لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە.

عەبدولڕەزا داوەری، راوێژکاری پێشووی مەحموود ئەحمەدی نژاد لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕێکی ناوخۆی ئێران رەخنە لە سیاسەتەکانی ئەحمەدی نەژاد دەگرێت و دەڵێت، ئەحمەدی نژاد ئێستا خۆی وەکو "نێردراوی خوا" یان "جێگری تایبەتی ئیمام مەهدی لەسەر زەوی" دەبینێت. 

بە وتەی داوەری، ئەحمەدی نژاد پڕۆژەیەکی لە مێشکدایە کە پێیوایە کۆماری ئیسلامی بەزوویی دەڕوخێت و ئێران تووشی چارەنووسێکی هاوشێوەی سۆڤیەت دەبێت. دەشڵێت، ئەحمەدی نژاد پێیوایە  ئەگەر سێ رووداو رووبدەن، کۆماری ئیسلامی دەڕوخێت، کە یەکەمیان مردنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامیی ئێرانە.

عەبدولڕەزا داوەری دەڵێت: "یەکێك لەو هەواڵانەی کە لە کۆبوونەوە تایبەتییەکانی مەحموود ئەحمەدی نژاددا بە تایبەتی باسی دەکرێت،  تەندروستیی رێبەری کۆماری ئیسلامییە، چونکە پێیوایە بە مردنی خامنەیی، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە".

بەوتەی داوەری، ئەحمەدی نژاد هەروەها پێشوازی لە هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکات و پێیوایە  "ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات و ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە بکاتە ئامانج، ئەو کارە دەبێتە خاڵی دەستپێکی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی کۆماری ئیسلامی".

راوێژکارەکەی پێشووی ئەحمەدی نژاد هەروەها دەڵێت، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران چاوەڕێی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی دەکات و پێیوایە بە پشتیوانی هەندێک وڵاتی بیانی دەتوانێ ببێتە ئاڵاهەڵگری گۆڕانکاری لە ئێران و دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.

مەحموود ئەحمەدی نژاد لەنێوان ساڵەکانی 2005 تاوەکو 2013 سەرۆککۆماری ئێران بوو و دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لەلایەن خامنەییەوە کرایە ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی. 

عەبدولڕەزا داوەری بە چالاکوانێکی سیاسی و میدیایی نزیک لە مەحموود ئەحمەدی نژاد دەناسرێ و لە سەردەمی سەرۆککۆماری ئەودا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکومەتی ئێران بوو، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا عەلی ئەکبەر جەوانفکر، راوێژکاری میدیایی ئەحمەدی نژاد رایگەیاند، داوەری لە ئەحمەدی نژاد نزیک نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار