باڵیۆزی ئەمریکا: بەردەوام دەبێت لەهاوكاری هێزەکانی پێشمەرگە

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە روبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی نیسانی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە دیدارەکەدا کە رۆب واڵەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، تیشکی خستە سەر دیالۆگی ستراتیجیی ئەمریکا و عێراق و ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ روبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئەمریکا ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەتایبەتی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
هەروەها مەسرور بارزانی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە دووپاتکردووەتەوە و داوایکردووە حکومەتی فیدراڵی ئەرکەکانی خۆی لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجە جێبەجێ بکات.
