ئه‌مریکا راپۆرتى ساڵانه‌ى له‌باره‌ى ڕه‌وشى مافه‌کانى مرۆڤ له هه‌رێمى کوردستان بڵاوکرده‌وه
ڕاپـۆرته‌که‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌باره‌ى عێراق له 59 لاپه‌ڕه پـێکهاتووه

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا راپۆرتى ساڵانه‌ى له‌باره‌ى ڕه‌وشى مافه‌کانى مرۆڤ له عێراق و هه‌رێمى کوردستان بڵاوکرده‌وه و رایگه‌یاند، هێزه‌کانى حکومه‌تى عێراق و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌و خۆپیشانده‌ر و چالاکوانانه‌یان ده‌ستگیرکردوه، که ڕه‌خنه‌یان لێگرتون و له گرتوخانه و زیندانه‌کاندا هێڵدراونه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 13ى نیسانى 2021، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌به‌شێکى راپۆرتى ساڵانه‌ى خۆیدا باسى له‌وه‌شکردوه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چه‌ندین راپۆرتى نێوده‌وڵه‌تى باسیان له‌وه‌کردوه له زیندانه‌کانى هه‌رێم هێزه ئه‌منییه‌کان پێچه‌وانه‌ى یاساکان کاریانکردوه و زیندانه‌کان له‌ڕوى ژماره‌ى زیندانیان و ره‌چاوکردنى مافه‌کانیان له‌ئاستى پێویستدا نیه، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕێگه‌یه‌کى گونجاوى نه‌گرتوه‌ته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و قسه و باسانه‌ى هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلکاریانه‌ى ئه‌فسه‌ره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم یان ئاسایش ده‌یکه‌ن.
ئاماژه به‌وه‌شکراوه، "زۆربه‌ى جار ده‌سه‌ڵاتداران که‌سوکارى گیراوه‌کانیان ئاگادار نه‌کردوه‌ته‌وه له‌وه‌ى که که‌سێکیان گیراوه یان ئه‌وه‌ى له چ گرتوخانه‌یه‌ک هێڵراونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌هاى کردوه گیراوه‌کان له جیهانى ده‌ره‌وه داببڕێن، هه‌روه‌ها ڕێکخراوه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ، ڕاپۆرتیان داوه و ده‌ڵێن له زۆر دۆسیه‌دا ده‌سه‌ڵاتداران به گیراوه‌کانیش ناڵێن بۆچى ده‌ستگیرکراون یان گوناهبارکردنه‌که‌یان چییه، گیراوه‌کانیش نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌کانیاندا دابنیشن تا ڕۆژى دادگایی‌کردنیان".
کورته‌یه‌ک له‌ڕاپـۆرته‌که‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌باره‌ى عێراق له 59 لاپه‌ڕه پـێکهاتووه:
عێراق به‌پێى ده‌ستورى وڵاته‌که کۆمارێکه له‌سه‌ر بنچینه‌ى سیسته‌مى په‌رله‌مانی. هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى ساڵى 2018 بۆ په‌رله‌مانى وڵاته‌که؛ ناکرێت بگوترێت له هه‌مو ڕویه‌که‌وه هه‌ڵبژاردنێکى ته‌واو بوه، به‌ڵام به گشتى له سۆنگه‌ى پێوانه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه، هه‌ڵبژاردنێکى ئازاد و ڕه‌وا بووه و ئاڵوگۆڕێکى ئاشتیانه‌ى ده‌سه‌ڵاتى به دواى خۆیدا هێنا و ده‌سه‌ڵات له حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادى گواسترایه‌وه بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی.
خۆپیشاندانه به‌رفراوانه‌کانى عێراق له مانگى ده‌ى ساڵى 2019 ده‌ستیانپێکرد و له ڕۆژى 1ى مانگى دوازده‌ى هه‌مان ساڵدا حکومه‌ته‌که‌ى عه‌بدولمه‌هدى ناچار به ده‌ست له کار کێشانه‌وه کرد.
موسته‌فا ئه‌لکازمی، سه‌رۆکى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌وکاته‌ى عێراق، ڕۆژى 6ى مانگى پـێنجى ساڵى 2020، توانى متمانه‌ى په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنێت و ببێته سه‌ره‌ک وه‌زیرى عێراق پاش ئه‌وه‌ى وابه‌سته‌یى خۆى ڕاگه‌یاند بۆ ژماره‌یه‌ک دۆسێى گرنگ، له‌وانه؛ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت له ساڵى 2021دا، به‌رپرسیارکردنى یاسایى ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان له توندوتیژییه‌کاندا هه‌بووه به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌رانى ساڵانى پێشوو و هه‌روه‌هاش چاره‌سه‌رکردنى دۆسێى گه‌نده‌ڵى له‌ناو دامه‌زراوه‌کانى حکومه‌تدا. ژماره‌یه‌کى زۆرى هێزى ئاسایشى له سه‌رانسه‌رى عێراقدا هه‌ن و کار ده‌که‌ن. وه‌زاره‌ته‌کانى ناوخۆ و به‌رگرى و هه‌روه‌ها ده‌زگاى دژه تێرۆر "وه‌ک وه‌زاره‌تێک وایه" هێزه ئاسایشییه‌کانى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و سه‌رپه‌رشتیشیان ده‌که‌ن. هێزه چه‌کداره ئاساییه‌کان و هێزه‌کانى سه‌پاندنى یاسا له عێراقدا له هه‌وڵێکى چێ و پڕدان بۆ پاراستنى سه‌قامگیرى له وڵاته‌که‌دا. ئه‌م هێزانه‌هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ کۆمیته‌ى حه‌شدى شه‌عبیدا کار ده‌که‌ن {حه‌شد ئه‌و هێزانه‌ن که له نزیکه‌ى 60 هێزى میلیشیایى پێکهاتووه و ڕێکخراوێکى چه‌تریه و ده‌وڵه‌ت سه‌رپه‌رشتى ده‌کات} ئه‌م هێزانه‌ى حه‌شد له سه‌رانسه‌رى عێراقدا کار ده‌که‌ن به‌ڵام زۆر جار له ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌تدان و هه‌روه‌هاش پێچه‌وانه‌ى سیاسه‌ته‌کانى حکومه‌ت ڕه‌فتار ده‌که‌ن. زۆربه‌ى ئه‌ندامانى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبی، عه‌ره‌بى شیعه ئاینزان، له کاتێکدا یه‌که‌کانى عه‌ره‌بى سوننه، ئێزدییه‌کان کریستیانه‌کان و که‌مایه‌تییه‌کانى تریش یان له‌ناو یانیش له نزیک ناوچه‌کانى خۆیانه‌وه ئه‌رکه‌کان به‌جێده‌گه‌یه‌نن. هه‌موو یه‌که‌کانى حه‌شدى شه‌عبی، به فه‌رمى ڕاپۆرته‌کانى خۆیان به‌رز ده‌که‌نه‌وه بۆ کۆمیته‌ى حه‌شد و به‌ره‌نجامیش له‌ژێر سه‌رکردایه‌تى سه‌ره‌ک وه‌زیردان، به‌ڵام ژماره‌یه‌ک له‌م هێزانه‌ى حه‌شدى شه‌عبى له ڕووى کرده‌ییه‌وه فرمان و ڕێنوماییه‌کانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و پاسدارانى شۆڕشى ئیسلامى ئێران به‌جێده‌گه‌یه‌نن. دوو لایه‌نه سه‌ره‌کییه کوردییه‌که‌ش، پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتى نیشتمانى کوردستانیش؛ هه‌ر یه‌که‌یان بۆ خۆى ده‌زگاى ئاسایشى هه‌یه. به‌پێى ده‌ستورى عێراق، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان مافى هه‌بوونى هێزى ناوخۆیى ئاسایشى هه‌یه، به‌ڵام پارتى و یه‌کێتى به جیا کۆنترۆڵى هێزى پێشمه‌رگه‌یان کردووه له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌ى له ده‌ستوردا ئاماژه‌یان پێکراوه. ئه‌مه بێ له هێزى پۆلیس که ده‌بووایه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى وه‌زاره‌تى ناوخۆدا بووایه. به‌پێى ده‌ستور ڕێگه‌دراوه به ده‌زگایه‌کى ئاسایش، به‌ڵام له‌مه‌شیاندا پارتى و یه‌کێتى هه‌ر یه‌که‌یان ده‌زگاى ئاسایشى خۆیان هه‌یه. پارتى و یه‌کێتى به هه‌مان شێوه هه‌ر لایه‌نه و ده‌زگایه‌کى تایبه‌تى هه‌واڵگرییان هه‌یه، که ده‌بوایه له ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمه‌وه کاروباره‌کانیان ڕێکبخرایه. ده‌سه‌ڵاتى سیڤیلى فێدراڵی، کۆنترۆڵکردنێکى کاراى نییه به‌سه‌ر هه‌ندێک ده‌سته و تاقمى هێزه‌کانى ئاسایش‌دا، به‌تایبه‌تیش به‌سه‌ر یه‌که‌ى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبیدا که هاوپه‌یمانى ئێران و کۆمیته‌ى حه‌شدى شه‌عبین. ده‌ستنیشان نه‌کردنى سنوره‌کان و ناچه جێناکۆکه‌کان بوونه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌کى تر‌ى کێشه له نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى نێوه‌ندیدا و پشێوییه‌کى له تایبه‌تمه‌ندێتى نێوان هێزى ئاسایشى و دادگاکاندا دروستکردووه. ئه‌ندامانى هێزه ئاسایشییه‌کان به به‌ڵگه‌وه، ژماره‌یه‌کى به‌رچاو پێشێلکارییان کردووه. ژماره‌یه‌کى بێ‌شومار کێشه‌ى مافه‌کانى مرۆڤ هه‌ن، له‌وانه؛ کوشتنى نایاسایى و ناڕه‌وا و دڕندانه، بێسه‌روشوێن کردنى زۆره ملێیی، ئه‌شکه‌نجه‌دان، شێوازى ڕه‌فتارى نامرۆیى و دڵڕه‌قانه و سزاى قورسى له ڕاده‌به‌ده‌ر، ژیان و گوزه‌رانى سه‌خت و ناهه‌موار له زیندان و گرتوخانه‌کاندا، ده‌ستوه‌ردانه ژیانى تایبه‌ت و کۆتوبه‌ندکردنى ئازادییه‌کانى ڕاده‌ربڕین و ڕاگه‌یاندن و سنوردارکردنى ده‌ستڕاگه‌یشتن به تۆڕه‌کانى ئینته‌رنێت و توندوتیژى به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌وانان و هه‌ڕه‌شه لێکردن و توندوتیژى و ده‌ستگیرکردنى ناڕه‌واى ڕۆژنامه‌وانان و دادگایی‌کردنیان و چاودێریکردن و داخستنى ماڵپه‌ڕه‌کان، ده‌ستێوه‌ردان له مافى گردبوونه‌وه‌ى ئاشتیانه و کۆتکردنى یاساییانه‌ى ئازادى بزووتنه‌وه‌کانى ژنان، به زۆر گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌کان بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنیان له‌سه‌ر بووه و مه‌ترسى له‌سه‌ر ئازادییه‌کانیان هه‌بووه، گه‌نده‌ڵی، نه‌بوونى لێکۆڵینه‌وه و به‌رپرسیارنه‌کردنى ئه‌وانه‌ى تاوان به‌رامبه‌ر ژنان ده‌که‌ن، تاوانه‌کانى توندوتیژى به‌رامبه‌ر تاکه‌کانى که‌مایه‌تییه نه‌ژادییه‌کان، توندوتیژى به‌رامبه‌ر هاوڕه‌گه‌زخوازان، سنوردارکردنى مافى کارگوزاران، وه‌ک ڕێگه‌گرتن له پێکهێنانى سه‌ندیکا یان کۆمه‌ڵه‌ى سه‌ربه‌خۆ ، جیاوازیکردن له هه‌لى کار بۆ کۆچبه‌ران و هه‌روه‌ها خراپترین جۆرى خستنه به‌ر کارکردنى منداڵان. داعش، به‌رده‌وام بووه له پێشێلکارییه دڕندانه‌کانیدا، له‌وانه کوشتن له ڕێى هێرشى خۆکوژى و چاندنى بۆمب و مینه‌وه. حکومه‌ت لێکۆڵینه‌وه‌کانى خۆى ده‌کات و دادگایى گومانباران ده‌کات و زۆرجاریش دادگاییکردنه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و دۆسێیانه‌ى ده‌گوترێت داعشن، به یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تێرۆریزم ده‌کرێن.
* لێسه‌ندنه‌وه‌ى مافى ژیان و کرده‌ى کوشتنى ناڕه‌وا یان به‌هۆى مه‌به‌ستى سیاسییه‌وه:
ژماره‌یه‌کى زۆر ڕاپۆرت هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى حکومه‌ت و ئه‌ندامانى هێزه ئاسایشییه‌کان کرده‌ى نایاساییانه‌ى کوشتنیان ئه‌نجامداوه، به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌و میلیشیایانه‌ى سه‌ر به حکومه‌ت نین و هه‌روه‌ها هاوسۆزه‌کانى داعش ده‌ستیان هه‌یه له‌و کرده‌ى کوشتنانه‌دا.
* بێسه‌روشوێنکردن:
ڕاپۆرتێکى زۆر دراون له‌سه‌ر بێسه‌روشوێن کردن له‌لایه‌ن هێزه ئاسایشییه‌کانى حکومه‌ته‌وه یان له‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ى تر‌ى بۆ حکومه‌تى ئه‌نجام ده‌ده‌ن. یونامى و ئۆفیسى کۆمیسیۆنى مافه‌کانى مرۆڤ، سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ڕاپۆرته‌کانیاندا ئاماژه‌یان به‌وه کردووه له مانگى ده‌ى ساڵى 2019وه تا مانگى سێ یونامى 154 دۆسێى وه‌ک ده‌گوترێت دیارنه‌مانى خۆپیشانده‌ران و چالاکوانانى مافه‌کانى مرۆڤى به‌ده‌ست گه‌یشتووه و ئه‌و دۆسێیانه‌ش وه‌ها دانراون که ئه‌و که‌سانه یان گیراون یان ڕفێندراون.
ده‌سه‌ڵاتدارانى خۆجێیى له شه‌نگال، پارێزگاى نه‌ینه‌وا ڕاپۆرتیان داوه 70 که‌سى ئێزدى له‌لایه‌ن پارتى کرێکارانى کوردستانه‌وه ده‌ستگیرکراون. ده‌سه‌ڵاتدارانى خۆجێیى له‌و ناوچه‌یه ده‌ڵێن "له ساڵى 2019ه‌وه په‌که‌که زیاتر له 400 ژنى دانیشتوى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى ڕفاندووه و هێشتا چاره‌نوسیان نادیاره."
هێزه ئاسایشییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى عێراق کۆنترۆڵى ڕاسته‌خۆیان له‌و ناوچه‌یه‌دا نییه و ناتوانن پشتڕاستى ئه‌و ڕاپۆرتانه بکه‌نه‌وه.
له مانگى 7دا په‌که‌که 2 هاوڵاتى له شارى دهۆک ڕفاندووه و هێشتاش چاره‌نوسیان دیار نییه.
* ئه‌شکه‌نجه‌دان و شێوازى ڕه‌فتارکردن و سزاى قورس و نامرۆیى و ناپیشه‌ییانه:
ڕێکخراوه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ ڕاپۆرتیانداوه سه‌باره‌ت به‌وه‌ى کارمه‌ندانى سه‌ر به هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆ و به‌رگرى عێراق ئه‌شکه‌نجه‌ى گیراوه‌کانیان داوه.
به‌پێى ئه‌و ڕاپۆرتانه خۆپیشانده‌ره گیراوه‌کان ڕووبه‌ڕووى به‌دڕه‌فتارى جۆراوجۆر بوونه‌ته‌وه هاوکاتى لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌گه‌ڵیاندا، له‌وانه، لێدانى زۆر و قورس، به‌کارهێنانى وزه‌ى ئه‌لیکتریک وه‌ک به‌شێک له ئه‌شکه‌نجه‌دانیان، خستنه ناو ئاوى سارده‌وه، هه‌ڵواسینى گیراوه‌کان به سه‌ره‌وبنیش، هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتن و هه‌ڕه‌شه‌کردن له که‌سوکاریان و هه‌روه‌ها ڕه‌فتارى سوکایه‌تى پێکردنى گیراوه‌کان وه‌ک میز پێداکردن و وێنه‌گرتنیان به ڕووتوقوتی. له‌و ڕاپۆرتانه‌دا ئاماژه‌ش کراوه به‌و وتووێژانه‌ى له‌گه‌ڵ ژنانى گیراودا کراون و باسیان له‌وه کردووه لێیان دراوه و هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستدرێژى سێکسییان لێکراوه و هه‌ندێکیشیان وه‌ک ده‌ڵێن "ده‌ستدرێژى سێکسیان کراوه‌ته سه‌ر."
ڕێکخراوێکى ناحکومى له مانگى شه‌شدا ده‌یان دۆسێى ئه‌شکه‌نجه‌دانى تۆمارکردووه له گرتوخانه‌کانى پارێزگاکانى نه‌ینه‌وا و که‌رکوک و سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار و زیقاێ و هه‌روه‌ها به‌غداش.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م پێشێلکاریانه‌دا، په‌ناپارێزى دراوه به به‌رپرسانى حکومه‌ت و کارمه‌ندانى ده‌زگاکانى ئاسایش له‌وانه هێزه ئاسایشییه‌کانى عێراق و پۆلیسى فێدراڵى و هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى و هه‌ندێک له یه‌که تایبه‌ته‌کانى دامه‌زراوه ناوخۆییه ئاسایشییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى عێراقیش.
* ڕه‌وشى گرتوخانه و زیندانه‌کان:
ڕه‌وشى گرتوخانه و زیندانه‌کان زۆر خراپن و جار جاره‌ش مه‌ترسى ده‌که‌وێته سه‌ر ژیانى گیراو و زیندانیکراوه‌کان به‌هۆى که‌مى خواردن و ژماره‌ى زۆرى گیراوه‌کان و ئه‌شکه‌نجه‌دان و ڕه‌وشى نه‌گونجاوى ته‌ندروستى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارییه‌کى ئه‌وتۆى ته‌ندروستى و هه‌روه‌هاش به‌هۆى مه‌ترسییه‌کانى کۆڤید 19 و نه‌خۆشیه‌کانى تریشه‌وه.
له زیندان و گرتوخانه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى عێراقدا ڕه‌وشه‌که باشتر نییه.
ژماره‌ى گیراوه‌کان و زیندانیکراوه‌کان زۆر زیاتره له توانایى ئه‌و 6 زیندانه‌ى له هه‌رێمه‌که‌دا هه‌ن.
کۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆى مافه‌کانى مرۆڤ له هه‌رێمى کوردستان له ڕاپۆرتێکیدا ده‌ڵێت، زیندانى هه‌ولێر وه‌ها دروستکراوه که جێى 900 گیراوى تیادا ببێته‌وه به‌ڵام 1957 گیراوى تیادایه.
ئه‌م کۆمیسیۆنه سه‌ربه‌خۆیه ده‌ڵێت 3 گیراو له‌و زیندانه‌دا به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه مردوون به‌بێ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رییه‌کى ئه‌وتۆى ته‌ندروستى بۆ نه‌خۆشییه‌کانیان بکرێت به‌هۆى ئه‌و ژماره زۆره‌ى خه‌ڵکى گیراو له گرتوخانه‌که‌دا دانراون.
له‌ناو هه‌رێمى کوردستاندا "لێبوردنى گشتی" به شێوه‌یه‌کى گونجاو له‌گه‌ڵ یاساکانى سزاداندا یه‌کناگرنه‌وه و ئه‌و لێبوردنانه‌ش له واده‌ى گونجاو‌دا بڕیاریان لێنه‌دراوه.
به‌پێى یونامی، زیندانه‌کانى شاره سه‌ره‌کییه‌کانى هه‌رێمه‌که نۆژه‌نکراونه‌ته‌وه به‌ڵام هێشتاش ڕه‌وش له زیندان و گرتوخانه بچوکه‌کانى تردا هه‌ر خراپه که وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم سه‌رپه‌رشتییان ده‌کات.
له هه‌ندێک له گرتوخانه‌کانى ئاسایشى هه‌رێمه‌که‌دا و ئه‌وانه‌ش که پۆلیس سه‌رپه‌رشتییان ده‌که‌ن، جار جاره گیراوى ژێر ته‌مه‌ن 18 ساڵ له‌گه‌ڵ گیراوى سه‌رو ته‌مه‌ن 18 ساڵ داده‌نێن.
له مانگى نۆدا ده‌سه‌ڵاتداران زیاتر له 50 منداڵیان له "گرتوخانه‌ى هه‌ولێر بۆ ژنان و منداڵان" هێشتۆته‌وه له‌گه‌ڵ دایکه‌کانیاندا که زیندان کراون. یونیسێف، بودجه‌یه‌کى بۆ ئه‌و منداڵانه به جیا دابین کردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یانتوانیوه ده‌ستیان به خوێندن ڕابگات.
حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕێگه‌یه‌کى گونجاوى نه‌گرتۆته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و قسه و باسانه‌ى هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلکاریانه‌ى ئه‌فسه‌ره‌کانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم یان ئاسایش ده‌یکه‌ن.
له ڕاپۆرتێکى مانگى نۆى کۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆى مافه‌کانى مرۆڤ له هه‌رێمى کوردستاندا ئاماژه به‌وه کراوه هه‌ندێک له زیندان و گرتوخانه‌کان نه‌یانتوانیوه ڕێوشوێنه سه‌ره‌کییه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ بپارێزن یان فه‌راهه‌م بکه‌ن بۆ زیندانییه‌کان. له‌و ڕاپۆرته‌دا جه‌خت کراوه‌ته‌وه له‌وه‌ى زیندان و گرتوخانه‌ى نوێ دروست بکرێن و یاساى مافى گیراو و زیندانیه‌کانیش به‌جێبگه‌یه‌ندرێن.
* ده‌ستگیرکردن یان ده‌ستبه‌سه‌رکردنى هه‌ڕه‌مه‌کی:
ڕاپۆرتێکى زۆر هه‌ن له‌سه‌ر ده‌ستگیرکردنى هه‌ڕه‌مه‌کیانه‌ى خه‌ڵک و زیاتر هى عه‌ره‌بى سوننه، له‌وانه؛ ئاواره‌کانى ناوخۆى وڵاته‌که. له مانگى حه‌وتدا هێزه ئاسایشییه‌کان 20 که‌سى سوننه ئاینزایان ده‌ستگیرکردووه وه‌ک ده‌گوترێت گومانباربوون به‌وه‌ى ئه‌فسه‌رێکى باڵاى هێزه ئاسایشییه‌کانى عێراقیان کوشتووه هاوکاتى هێرشیکى داعش له ناوچه‌ى تارمییه.
ئه‌وانه‌ى که گیرابوون ده‌ستیان له‌و هێرشه‌دا نه‌بووه و ڕاپۆرتیش نه‌بووه له‌سه‌ریان که په‌یوه‌ندییان به داعشه‌وه هه‌بووبێت. پاش ئه‌وه‌ى سه‌ره‌ک وه‌زیر ڕاسته‌خۆ هاته سه‌ر خه‌ت، ئه‌وجا ئازاد کران.
له مانگى نۆدا هێزه ئاسایشییه‌کانى عێراق، دورغام مه‌جید، چالاکوانى ناودارى عێراقییان ده‌ستگیر کرد له‌گه‌ڵ 40 خۆپیشانده‌رى تر له شارى حلله پارێزگاى بابل. ڕۆژى دواتر ئازادیان کردن به‌بێ ئه‌وه‌ى هۆکارى ده‌ستگیرکردنیان باس بکرێت.
هێزه ئاسایشییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى عێراق به‌لانیکه‌م 50 خۆپیشانده‌ر و چالاکوان و ڕۆژنامه‌وانیان له شاره‌کانى زاخۆ و دهۆک ده‌ستگیرکردووه. زۆرێک له چاو‌دێر ئه‌و ده‌ستگیرکردنانه‌یان به "ده‌ستگیرکردنى هه‌ڕه‌مه‌کی" ناودێر کردووه.
ناودێرکردنى ده‌ستگیرکردنى ئه‌و به‌لانیکه‌م 50 که‌سه به‌وه‌ى هه‌ڕه‌مه‌کى بووه له‌به‌ر دوو هۆکاره ،یان ئه‌وه‌تا مافى خۆیان بۆ گردبوونه‌وه‌ى ئاشتیانه به‌جێگه‌یاندووه یانیش به‌هۆى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارن مافى ئه‌و گیراوانه‌یان فه‌رامۆش کردووه که ده‌بێت به‌پێى یاسا له‌ماوه‌ى 24 کاتژمێردا ببرێنه به‌ر دادگا.
* پرۆسه‌کانى ده‌ستگیرکردن و ڕه‌فتارکردن له‌گه‌ڵ گیراوه‌کاندا:
ڕێکخراوه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ ڕاپۆرتیان داوه که هێزه‌کانى سه‌ر به حکومه‌ت "هێزه ئاسایشییه‌کان، پۆلیسى فێدراڵی، هێزى ئاسایشى نیشتمانى حه‌شدى شه‌عبی، هێزى پێشمه‌رگه و هه‌روه‌ها ئاسایش" زۆر جار یاسایان فه‌رامۆش کردووه. میدیاى خۆجێیى و ڕێکخراوه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ، ڕاپۆرتیان داوه که ئه‌م هێزانه به‌بێ فرمانى دادوه‌ر له هه‌ڵمه‌ته ئاسایشییه‌کانیاندا گومانبارانیان ده‌ستگیرکردووه و یاساى دژه تێرۆریان به‌کارهێناوه. زۆر جار ئه‌م گیراوانه بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر له گرتوخانه هێڵراونه‌ته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ى گوناهبار بکرێن یان ناونوس بکرێن.
له مانگى پـێنجدا، ئه‌منیستى ئینته‌رناشناڵ ڕاپۆرتیداوه که چه‌کداره‌کانى ئاسایش له حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌ر ماڵى "به‌ده‌ل عه‌بدولباقى ئه‌بوبه‌کر" مامۆستا و چالاکوان له شارى دهۆک و به‌بێ فرمانى دادوه‌ر ده‌ستگیریان کردووه. دواتر "به‌ده‌ل" به خراپ به‌کارهێنانى ئامێره ئه‌لیکترۆنییه‌کان گوناهبار کراوه به‌هۆى ئه‌و ڕۆڵه‌ى هه‌یبووه له ڕێکخستنى خۆپیشاندانێکى ئاشتیانه‌دا له‌ڕێى تۆڕه‌کانى سۆشیال میدیاوه.
ژماره‌یه‌کى به‌رچاوى راپۆرت هه‌ن له‌سه‌ر ده‌ستگیرکردنى هه‌ڕه‌مه‌کیانه و نایاسایى له لایه‌ن هێزه‌کانى حکومه‌ته‌وه "هێزه ئاسایشییه‌کان و پۆلیسى فێدراڵی، ئاسایشى نیشتمانى و حه‌شدى شه‌عبى و پێشمه‌رگه و هه‌روه‌ها ئاسایش.
ئامارێکى متمانه پێکراو له‌به‌رده‌ستدا نییه سه‌باره‌ت به ژماره‌ى ئه‌و جۆره ڕه‌فتارانه یان ئه‌و ماوه‌یه‌ى گیراوه‌کان له گرتوخانه ده‌هێڵدرێنه‌وه.
زۆربه‌ى جار ده‌سه‌ڵاتداران که‌سوکارى گیراوه‌کانیان ئاگادار نه‌کردۆته‌وه له‌وه‌ى که که‌سێکیان گیراوه یان ئه‌وه‌ى له چ گرتوخانه‌یه‌ک هێڵراونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌هاى کردووه گیراوه‌کان له جیهانى ده‌ره‌وه داببڕێن.
ڕێکخراوه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ، ڕاپۆرتیان داوه و ده‌ڵێن له زۆر دۆسێدا ده‌سه‌ڵاتداران به گیراوه‌کانیش ناڵێن بۆچى ده‌ستگیرکراون یان گوناهبارکردنه‌که‌یان چییه، گیراوه‌کانیش نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌کانیاندا دابنیشن تا ڕۆژى دادگایی‌کردنیان.
ڕاپۆرتیش هه‌ن که هێزه‌کانى سه‌ر به ئێران له حه‌شدى شه‌عبیدا، هه‌ڕه‌مه‌کیانه و نایاساییانه، کورد و تورکمان و کریستیان و که‌مایه‌تییه‌کانى تر‌ى ڕۆژئاواى نه‌ینه‌وا و ده‌شتى نه‌ینه‌وا ده‌ستگیر ده‌که‌ن.
ده‌سه‌ڵاتداران ژماره‌یه‌کى زۆرى گیراوه‌کان بۆ چه‌ندان مانگ یان ساڵ به‌بێ دادگایی‌کردن ده‌هێڵنه‌وه، به تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى به یاساى دژه تێرۆر ده‌ستگیر ده‌کرێن.
ده‌سه‌ڵاتداران له حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک له ڕاپۆرته‌کاندا ئاماژه‌یان پێکراوه، گیراوه‌کان بۆ ماوه‌یه‌کى درێژخایه‌ن له گرتوخانه‌دا ده‌هێڵنه‌وه؛ هه‌رچۆنێک بێت زانیارییه‌ک نییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ژماره‌ى گیراوه‌کان له‌و گرتوخانه تایبه‌تانه‌دا چه‌ندن و ماوه‌ى چه‌ندیان تیادا به‌سه‌ربردووه.
سه‌رنجیش دراوه، کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ته‌گه‌ره و گرفت ده‌خه‌نه به‌رده‌م کارى دادپارێزان و پارێزه‌رانه‌وه یانیش دادگاییکردنه‌کان به‌بێ ئه‌وه‌ى پێویست بکات دوا ده‌خرێن.
ڕێوشوێنه‌کانى خۆپاراستن له په‌تاى کۆرۆنا بوونه‌ته زیادکردنى ته‌گه‌ره له‌به‌رده‌م پرۆسه دادوه‌رییه‌کاندا له ساڵى 2020دا.
به‌پێى ڕاپۆرتى کۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆى مافه‌کانى مرۆڤ له هه‌رێمى کوردستانى عێراق، هه‌ندێک له گیراوه‌کان له گرتوخانه‌کانى هێزه ئاسایشییه‌کاندا بۆ ماوه‌ى زۆر زیاتر هێڵدراونه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که فرمانى دادگاش هه‌بووه بۆ ئازادکردنیان.
* نه‌بوونى دادگاییه‌کى ڕه‌واى ئاشکرایانه:
ده‌ستورى عێراق، جه‌خت له هه‌بوونى ده‌سه‌ڵاتێکى سه‌ربه‌خۆى دادوه‌رى ده‌کاته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێک به‌ندى یاسایی، سه‌ربه‌خۆیى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى کۆتوبه‌ند کردووه. ڕه‌وشى ئاسایشى و مێژووى سیاسى عێراق وه‌هایان کردووه ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى لاواز بێت و پشت ببه‌ستێت به به‌شه‌کانى تر‌ى حکومه‌ت. گه‌نده‌ڵى و تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه‌کردن وه‌ک ڕاپۆرتى له‌سه‌ر دراون کاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر هه‌ندێک دادوه‌ر له دۆسێکانى تایبه‌ت به تاوان له کاتى دادگایی‌کردن و له‌کاتى پێداچوونه‌وه‌شدا به بڕیاره‌کانى دادگادا.
له هه‌رێمى کوردستانى عێراقدا، ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى کوردستان له ڕووى یاسایى و دارایى و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه، ئه‌نجومه‌نێکى سه‌ربه‌خۆیه و نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به وه‌زاره‌تى داده‌وه، به‌ڵام وه‌ک ڕاپۆرته‌کان ئاماژه‌ى پێده‌که‌ن، گه‌وره کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کاریگه‌رى سیاسی‌یان هه‌یه به‌سه‌ر دۆسێ هه‌ستیاره‌کانه‌وه. ده‌ستنیشانکردنى دادوه‌ره‌کان و بڕیاره‌کانیش، به‌پێى ڕاپۆرته‌کان له‌ژێر کاریگه‌رى به‌هێزترین لایه‌نه سیاسییه‌کانى هه‌رێمه‌که‌دان.
* زیندانیان و گیراوه سیاسییه‌کان:
حکومه‌تى عێراق هیچ که‌سێکى گیراو، به "زیندانیکراوى سیاسی" ناودێر ناکات و وه‌هایان ده‌ناسێنێت که تاوانبارن و سه‌رپێچى یاسایان کردووه.
پشتڕاستکردنه‌وه‌ى ئه‌م جۆره پێناسه‌کردنه‌ى حکومه‌ت ئاسان نییه و کارێکى قورسه به‌هۆى نه‌بوونى ڕوونى و ئاشکرایى و گه‌نده‌ڵییه‌کانى هێشتنه‌وه‌ى گیراوه‌کان له به‌ندیخانه‌کاندا و خاووخلیچکى له ڕێوشوێنه دادوه‌رییه‌کاندا و هه‌روه‌هاش ده‌ستڕاگه‌یشتنێکى سنوردار به گیراوه‌کان، به تایبه‌تیش له نێوه‌نده‌کانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تێرۆریزم و هه‌واڵگرى و هه‌روه‌ها له‌شکر.
دژه‌به‌رانى سیاسى حکومه‌ت وه‌ک ده‌ڵێن "حکومه‌ت خه‌ڵک له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕى سیاسى زیندان ده‌کات له‌سه‌ربنچینه‌ى گوناهبارکردنیان به تاوانه‌کانى گه‌نده‌ڵى و تێرۆریزم و کوشتن."
ڕاوێژکارێکى یاسایى ڕێکخراوێکى ناحکومى مافه‌کانى مرۆڤ، ئاماژه‌ى به بێسه‌روشوێنکردنى به‌لانیکه‌م 75 چالاکوانى مافه‌کان و چالاکوانى سیاسى کردووه که له مه‌یدانه‌کانى خۆپیشاندانه‌کانه‌وه ڕفێندراون له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌نه‌ى که مه‌زه‌نده ده‌کرێت سه‌ر به ئێران بن.
یاساى لێبوردنى گشتى له ساڵى 2016دا په‌سه‌ند کرا و له ساڵى 2017دا چاکسازى تیادا کرا تا لێبوردنه‌کان ئه‌وانه‌ش بگرێته‌وه که له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى دارایى ده‌ستگیرکراون، به‌و مه‌رجه‌ى پاره دزراوه‌کان بگێڕدرێنه‌وه. ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان و سیاسییه‌کانیش گازه‌نده‌یانه له‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتداران ئامانجى ئه‌م یاسایه‌یان جێبه‌جێنه‌کردووه که بریتیه له ئازادکردنى ئه‌وانه‌ى به‌هۆکارى تایفه‌یى یان به گوناهبارکردنى هه‌ڵه له زیندان و گرتوخانه‌کاندا هێڵدراونه‌ته‌وه.
* پێشێلکارییه‌کان له قه‌یرانه ناوخۆییه‌کاندا:
ڕێکخراوێکى ناحکومى ئاماژه به‌وه ده‌کات له ساڵى ڕابردوودا 828 که‌سى سیڤیل به‌هۆى قه‌یران و کێشه ناوخۆییه‌کانه‌وه کوژراون له کاتێکدا له ساڵى 2019دا ژماره‌ى کوژراوه‌کان 2392 که‌س بوون. به‌پێى ڕاى ڕێکخراوى عێراقى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ ده‌شێت ئه‌م که‌مبوونه‌وه‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سنورداربوونى خۆپیشاندانه‌کان به‌هۆى ڕێوشوێنه‌کانى خۆپاراستن له کۆڤید 19.
هه‌رێمى کوردستانى عێراق له مانگى نۆدا ڕایگه‌یاند هێشتاش 2880 ئێزدى بێسه‌روشوێنن له‌سه‌رجه‌م ئه‌و 6417 ئێزدییه‌ى له ساڵى 2014دا داعش ڕفاندبوونی.
هێزه‌کانى سه‌ر به حکومه‌ت "پۆلیسى فێدرالی، ئاسایشى نیشتمانی، حه‌شدى شه‌عبی، هه‌روه‌ها ئاسایش له هه‌رێمى کوردستان" ئه‌شکه‌نجه و سزادان و ده‌ستدرێژیى جه‌سته‌ییان به‌کارهێناوه دژ به زیندانى و گیراوه‌کان و به‌تایبه‌تیش عه‌ره‌به سوننه‌کان، به‌پێى ڕاپۆرته‌کانى ڕێکخراوه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ.
* ئازادى ڕاده‌ربڕین:
توانراوه ڕه‌خنه له حکومه‌ت بگیرێت به ئاشکرایى یان به شێوه‌ى تر‌ى تایبه‌ت، به‌ڵام له هه‌مانکاتیشدا مه‌ترسى تۆڵه لێکردنه‌وه‌ش هه‌بوه.
به‌هۆى سزا نه‌دانى ئه‌وانه‌ى توندوتیژى و ده‌ستدرێژى ده‌که‌نه سه‌ر ڕۆژنامه‌وانى و نه‌بوونى ده‌سه‌ڵاتێکى سه‌ربه‌خۆى دادوه‌ریى و نه‌بوونى ده‌سته‌یه‌کى ڕێکخستنى کاروبارى ڕۆژنامه‌وانی، وه‌هایان کردووه چالاکى ڕۆژنامه‌وانى سنورداربێت.
هێزه‌کانى حکومه‌تى نێوه‌ندى و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش، خۆپیشانده‌ران و چالاکوانانى ڕه‌خنه‌یان لێ‌گرتوون ده‌ستگیرکردووه و له گرتوخانه و زیندانه‌کاندا هێڵدراونه‌ته‌وه.
* ئازادى ڕاگه‌یاندن و میدیا و میدیاى ئه‌لیکترۆنی:
وێڕاى ئه‌وه‌ى به‌پێى ده‌ستور ئازادییه‌کانى ڕاده‌ربڕین پارێزراوه، به‌ڵام حکومه‌تى نێوه‌ندى عێراق و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى عێراقیش چاودێرى و سانسۆر و هه‌ندێک جاریش ده‌ستێوه‌ردان ده‌که‌ن له کاروبارى میدیاکاندا. ئه‌م ده‌ستێوه‌ردان و سانسۆره، چه‌ند جارێک بوونه‌ته هۆکارێک بۆ داخستنى هه‌ندێک له میدیاکان و سنوردارکردنى ڕاپۆرته‌کان و ڕێگه‌گرتنیش له ده‌ستڕاگه‌یشتن به زانیارییه گشتییه‌کاندا. هه‌ردوو حکومه‌تى نێوه‌ندى و هه‌رێمیش ده‌ستێوه‌ردان ده‌که‌ن له خزمه‌تگوزارییه‌کانى ئینته‌رنێتدا.
له هه‌رێمى کوردستانى عێراق، پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان، ده‌ستڕاگه‌یشتن به زانیارییه‌کانیان تایبه‌ت کردووه به میدیاکانى خۆیان.
له ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتیدا، ته‌له‌فزیۆنه‌کانى ڕووداو Rudaw و کوردستان24 K24ده‌ستیان ده‌گات به هه‌موو دامه‌زراوه گشتییه‌کان و زانیارییه‌کانیشدا، له کاتێکدا له ناوچه‌کانى قه‌ڵه‌مڕه‌وى یه‌کێتیدا ته‌له‌فزیۆنه‌کانى کوردسات نیوز Kurdsat News و گه‌لى کوردستان GK هه‌مان ئه‌و باڵاده‌ستییه‌یان هه‌یه.
میدیاکانى ئۆپزسیۆن ده‌ستڕاگه‌یشتنێکى سنورداریان هه‌یه به زانیارییه گشتییه‌کان له هه‌رێمى کوردستاندا.
یاساى ڕۆژنامه‌وانى له هه‌رێمى کوردستانى عێراقدا، ده‌سه‌ڵاتى نه‌داوه به حکومه‌ت تا دامه‌زراوه میدیاییه‌کان دابخات، به‌ڵام له مانگى هه‌شتدا حکومه‌تى هه‌رێمه‌که ئۆفیسه‌کانى که‌ناڵى ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنى نالیایNRT داخست له شاره‌کانى هه‌ولێر و دهۆک، به‌هۆى ڕووماڵکردنى شه‌پۆلى ناڕه‌زاییه‌کانه‌وه.
له مانگى نۆدا، دیندار زێبارى ڕێکخه‌رى کاروبارى نێونه‌ته‌وه‌یى له حکومه‌تى هه‌رێم، داکۆکى له‌و بڕیاره‌ى حکومه‌ت کرد و ئاماژه‌ى به‌وه کردبوو که ئێن ئاێ تی، پێچه‌وانه‌ى به‌ندى 2ى یاساى ژماره 12ى ساڵى 2010 کردووه. ئه‌م به‌نده تایبه‌ته به قه‌ده‌غه‌کردنى هاندانى پشێوى نانه‌وه‌ى گشتى و زیانلێدانى پێکه‌وه ژیانى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌پێى یاساکه‌ى هه‌رێمى کوردستان.
هێزه‌کانى حکومه‌ت، هه‌ندێک جار ڕێگه‌یان له ڕۆژنامه‌وانانیش گرتووه له‌وه‌ى ڕووماڵى ڕووداوه‌کان بکه‌ن له‌به‌ر هۆکارى ئاسایشی. هه‌ندێک له میدیاکان ڕاپۆرتیان داوه له‌سه‌ر هه‌راسان کردن و ده‌ستگیرکردنى ڕۆژنامه‌وانان و هه‌روه‌هاش له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کانى حکومه‌ت بۆ ڕێگه‌گرتن له ڕووماڵکردنى ڕووداوه سیاسییه هه‌ستیاره‌کان، له‌وانه دۆسێکانى تایبه‌تن به ئاسایش و گه‌نده‌ڵى و دۆسێکانى شکستى حکومه‌ت له دابینکردنى خزمه‌تگوزارییه بنچینه‌ییه‌کان.
* توندوتیژى و هه‌راسان کردن:
ڕاپۆرته‌کانى ڕێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ و هه‌روه‌ها ئه‌منیستى ئینته‌رناشناڵ ئاماژه به ژماره‌یه‌کى بێشومارى پێشێلکارى ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئازادى ڕاگه‌یاندن و ئازادى ڕاده‌ربڕین هاوکاتى شه‌پۆله به‌رفراوانه‌کانى ناڕه‌زایى ده‌ربڕین له وڵاته‌که‌دا.
میدیاکاران ڕاپۆرتیان داوه که سیاسه‌تمه‌داران و کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌ت و هێزه ئاسایشییه‌کان و گه‌وره‌کانى عه‌شره‌ت و تیره‌کان و کارداره‌کانیش، فشاریان خستۆته سه‌ر ڕۆژنامه‌وانان تا ڕاپۆرتى ڕه‌خنه ئامێز له‌سه‌ریان بڵاونه‌کرێته‌وه.
ڕۆژنامه‌وانان ڕاپۆرتیان داوه له‌سه‌ر توندوتیژییه‌کانى حکومه‌ت و لایه‌نى سیاسى و تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتن و هه‌راسان کردن، ده‌شڵێن ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌شیان لێکراوه ئه‌گه‌ر بێتوو قسه له‌سه‌ر دۆسێکانى تایبه‌ت به مافه‌کانى مرۆڤ بکه‌ن و پێیان گوتراوه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن ئه‌وا ناویان زیاده‌کرێته سه‌ر ئه‌و لیسته ڕه‌شه‌ى ده‌زگاکانى هه‌واڵگرى له وڵاته‌که‌دا ئاماده‌ى ده‌که‌ن.
له هه‌رێمى کوردستانیش ڕاپۆرت هه‌ن له‌سه‌ر لێدان و ده‌ستگیرکردن و هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتن له‌سه‌ر میدیاکاران.
له هه‌ندێک دۆسێدا ئه‌وانه‌ى هێرشیان کردۆته سه‌ر میدیاکاران به‌رگى له‌شکر یان پۆلیسى حکومه‌تى هه‌رێمیان پۆشیوه.
به تایبه‌تى ڕۆژنامه‌وانه‌کانى کار بۆ NRT ده‌که‌ن، زیاتر ده‌ستگیر ده‌کرێن.
ڕێبوار کاکه‌یی، به‌ڕێوبه‌رى ئۆفیسى NRT له شارى هه‌ولێر ده‌ڵێت "ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم به‌بێ هیچ گوناهبارکردنێک ڕۆژنامه‌وانان ده‌ستگیر ده‌که‌ن و ده‌ستده‌گرن به‌سه‌ر ئامێره‌کان و ناسنامه‌کان و ته‌له‌فونه مۆبایله‌کانیاندا."
هه‌ندێک له داگاکانى هه‌رێمى کوردستان یاساى سزادانى عیراقى به‌کارده‌هێنن له‌و دۆسێیانه‌ى تایبه‌تن به ڕۆژنامه‌وانان له‌برى ئه‌وه‌ى یاساى یاساى ڕۆژنامه‌وانى هه‌رێم به‌کاربهێنن.
له نۆ مانگى یه‌که‌مى ساڵى پاردا، کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له دامه‌زراوه جیاوازه‌کانى حکومه‌تدا 8 داواى یاساییان دژى ڕۆژنامه‌وان هێمن مامه‌ند تۆمارکردووه، پاش ئه‌وه‌ى له تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یس بووک وتارێکى ڕه‌خنه ئامێزى نوسى سه‌باره‌ت به ڕێکاره‌کانى حکومه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى کۆرۆنا.
هێمن مامه‌ند، 2 جار ده‌ستگیر ده‌کرێت له مانگى سێ و له مانگى چواریشدا. ئه‌م ڕۆژنامه‌وانه 34 ڕۆژ له گرتوخانه هێڵدراوه‌ته‌وه به تاوانى خراپ به‌کارهێنانى ئامێره ئه‌لیکترۆنییه‌کانى په‌یوه‌ندیکردنه‌وه.
ڕووماڵکردنى ڕووداوه‌کان له‌و ناوچانه‌ى له داعش ڕزگار کراون هێشتاش جێى مه‌ترسییه. ڕۆژنامه‌وانانى ڕووماڵى قه‌یرانه چه‌کدارییه‌کان ده‌که‌ن هێشتاش ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسییه‌کى زۆرى پارێزراوى ژیانیان ده‌بنه‌وه.
* سانسۆر و کۆتوبه‌ندکردن:
نێوه‌ندى داکۆکیکردن له ئازادى ڕاگه‌یاندن له عێراق له مانگى حه‌وتدا ڕاپۆرتێکى بڵاوکردۆته‌وه و ورده‌کارى کۆتوبه‌نده‌کانى سه‌پێندراونه‌ته سه‌ر دامه‌زراوه میدیاییه‌کان له ماوه‌ى 10 ساڵى ڕابردوودا خراونه‌ته ڕوو. له‌و ڕاپۆرته‌دا ئاماژه به داخستنى 128 میدیا کراوه و هه‌روه‌هاش ڕاگرتنى مۆڵه‌ته‌کانى کارکردنى ژماره‌یه‌ک له ده‌زگا میدیاییه‌کان و سزادانى میدیاکان و له‌کار ده‌رکردنى ژماره‌یه‌ک میدیاکارانى تایبه‌ت.
له‌هه‌رێمى کوردستان، ڕۆژى 22ى مانگى نۆ، پۆلیس له شارى سلێمانی، ڕۆژنامه‌وان به‌هرۆز جه‌عفه‌ر ده‌ستگیر ده‌کات، دواى ئه‌و داوا یاساییه‌ى به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆکى عێراق له‌سه‌رى تۆمار کردبوو به تاوانى ناوبانگ زڕاندن.
* ئازادى ئه‌کادیمیایى و بۆنه کلتورییه‌کان:
حکومه‌ت کۆتوبه‌ندى هه‌یه له‌سه‌ر ئازادى ئه‌کادیمیایى و هه‌روه‌ها بۆنه کلتورییه‌کان. فشارى سیاسى و ئاینى و کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌سه‌ر ئازادى بژاره هه‌یه بۆ ئه‌و دۆسێیانه‌ى تایبه‌تن به کاروبارى ئه‌کادیمیایى و کلتوریشه‌وه.
ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان له هه‌رێمى کوردستانیش ڕاپۆرتیان داوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، سه‌رۆکى زانکۆکان و ڕاگرى کۆلیژه‌کان و پۆسته باڵاکانى زانکۆ بۆ ئه‌وانه ئاسانتره به ده‌ستى بێنن که په‌یوه‌ندییان به پارتى و یه‌کێتییه‌وه هه‌یه. ئه‌وانه‌ش که له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌و دوو لایه‌نه‌دان له پێشترن بۆ خوێندنى باڵا و به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى باڵا.
* ئازادى هاتوچۆکردن:
نمونه هه‌ن له‌سه‌ر پێشێلکردنى ئازادى هاتوچۆکردنى ئاواره‌کان، ده‌سه‌ڵاتداران ڕێگه‌یان گرتووه له‌وه‌ى ئاواره‌کان له ئۆردوگاکاندا به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن بچنه ده‌ره‌وه‌ى ئۆردوگاکه، ئه‌مه‌ش یانى سنوردارکردنى ده‌ستڕاگه‌یشتن به بژێوى ژیان و خوێندن و هه‌روه‌ها خزمه‌تگوزارییه‌کانیش. زۆرێک له‌و ناوچانه‌ى له داعش ڕزگارکراون دووچارى کێشه‌ى کۆتوبه‌ندکردنى هاتوچۆ هاتوونه‌ته‌وه به‌هۆى ئه‌و بنکه‌ى پشکنینانه‌ى حه‌شدى شه‌عبى و هێزه‌کانى تر‌ى حکومه‌ت دایانده‌نێن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ڕه‌وشى هه‌ندێک ناوچه، ڕوو له باشییه، به‌ڵام ئه‌و ئاوارانه‌ى گه‌ڕاونه‌ته‌وه، چوونه‌ته‌وه سه‌ر خانوى داڕماو و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و بژێوى ژیان، ئه‌مانه بێ له‌وه‌ى هێشتاش مه‌ترسى ئاسایشییان هه‌ر ماوه به‌هۆى بوونى یه‌که‌کانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه و له ناوچه‌یه‌کى وه‌ک شه‌نگال به‌هۆى ئه‌و هێزه چه‌کدارانه‌ی، وه‌ک ده‌گوترێت هاوپه‌یمانى پارتى کرێکارانى کوردستانن.
ژماره‌یه‌ک ڕێکخراوى ناحکومى ڕاپۆرتیان داوه، یه‌که‌کانى حه‌شدى شه‌عبى و هه‌روه‌ها هێزى پێشمه‌رگه‌ش ڕێگه‌یان له خه‌ڵکى سیڤیل گرتووه به‌تایبه‌تى عه‌ره‌بى سوننه و که‌مایه‌تییه نه‌ژاده‌کانى تر له‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه زێدى خۆیان پاش ئه‌وه‌ى حکومه‌ت شکستپێهێنانى داعشى ڕاگه‌یاندووه.
حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، کۆتوبه‌ندى خستۆته سه‌ر هاتوچۆى ئه‌وانه‌ى دانیشتووى ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆى نین.
ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم داواده‌که‌ن ئه‌وانه‌ى دانیشتووى هه‌رێم نین خۆیان له ئۆفیسه‌کانى ئاسایش ناونوس بکه‌ن و مۆڵه‌تى مانه‌وه وه‌ربگرن. هاوڵاتیانى پاشخانێکى نه‌ژادى و تایفه‌یى جیاوازیان هه‌یه به کوردیشه‌وه، که له ناوچه‌کانى تر‌ى عێراقه‌وه سه‌ردانى هه‌رێم ده‌که‌ن ده‌بێت پشکنینى وردیان بۆ بکرێت. حکومه‌ت هه‌مان جۆرى کۆتوبه‌ندى له‌سه‌ر ئاواره‌کانى پارێزگاى نه‌ینه‌وا و ناوچه جێناکۆکه‌کانیش داناوه. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له هه‌ندێک ناوچه‌دا کۆتوبه‌ندى زیاترى داناوه به به‌راورد به هه‌ندێک ناوچه‌ى تر.
ڕه‌وشى ئاواره‌کان و گوزه‌رانیشیان له‌م ڕاپۆرته‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکادا به درێژى و وردى باسکراوه و تیایدا هاتووه که سه‌دان هه‌زار ئاواره له عێراقدا هه‌ن، بێ له‌وه‌ى ده‌یان هه‌زار په‌نابه‌ر و ئاواره‌ى تریش له وڵاتانه‌وه له عێراقدا ده‌ژین و ژیان و گوزه‌رانیشیان مایه‌ى سه‌رنجه وه‌ک له ڕاپۆرته‌کانى یونامى و ی‌و ئێن ئێچ سى ئاڕدا ئاماژه‌یان پێکراوه.
* ئازادى به‌شدارى له پرۆسه‌ى سیاسی‌دا:
ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له مانگى یازده‌دا یاساى نوێى هه‌ڵبژاردنى په‌سه‌ند کرد، به‌پێى ڕاى شیکه‌ره‌وه، ئه‌م یاسا نوێیه سه‌ربه‌خۆییه‌کى زیاتر و ده‌رفه‌تى زیاتر ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ سه‌رکه‌وتنى کاندیده‌کان له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقدا.
ئاواره‌کانى ناوخۆ له‌م یاسا نوێیه‌ى هه‌ڵبژاردندا، دوورخراونه‌ته‌وه له‌سه‌ر بنچینه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌بێت کارتى ده‌نگده‌رانیان هه‌بێت به‌پێى سیسته‌مى بایۆمیتری.
ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان نیگه‌رانى خۆیانیان ده‌ربڕیوه له‌وه‌ى ده‌شێت ئه‌مه ببێته مایه‌ى ئه‌وه‌ى له هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى عێراقدا مافى ده‌نگدانیان نه‌بێت.
له هه‌رێمى کوردستانى عێراقدا، کۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان، هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى ساڵى 2018ى په‌رله‌مانى به‌ڕێوه‌برد. زۆربه‌ى چاودێران که‌موکوڕییه‌کى که‌میان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا تۆمار کردبوو، به‌ڵام لایه‌نه‌کانى ئۆپزسیۆن وه‌ک ده‌ڵێن ده‌نگده‌ران ترسێندراون و فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ى به به‌رنامه کراوه وه‌ک پڕکردنه‌وه‌ى سندوقه‌کانى ده‌نگدان.
دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ساڵى 2018ڕێکخراوى قه‌یرانه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ڕاپۆرتى داوه له‌سه‌ر ئه‌و قسه و باسانه‌ى له هه‌ڵبژاردنى که‌رکوکدا کرا و ئاماژه‌ى به‌وه کردووه " یه‌کێتی" هه‌ڵبژاردنى له هه‌ندێک ناوچه‌ى ئه‌و پارێزگایه‌دا بردۆته‌وه که له ڕووى مێژووییه‌وه پشتیوانى تیادا زۆر که‌مه بۆ یه‌کێتى له‌کاتێکدا به‌شدارى له ناوچه کورد نشینه‌کاندا که‌م بووه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه عه‌ره‌ب و تورکمان نشینه‌کاندا.
* گه‌نده‌ڵى و نه‌بوونى ڕوونى و ئاشکرایى له حکومه‌تدا:
گه‌نده‌ڵی، ته‌گه‌ره‌ى سه‌ره‌کییه له‌به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌کى باش و گونجاو‌دا له عێراق. بوونى میلیشیا چه‌کداره‌کان که ڕاسته‌وخۆ ده‌ستیان له گه‌نده‌ڵیدا هه‌یه، ڕۆڵیان هه‌یه له پاراستنى کاربه‌ده‌ستانى گه‌نده‌ڵدا، ئه‌مه‌ش وه‌هاى کردووه درێژه‌دان به ئه‌رکى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ئێجگار قورس بێت.
"ڕۆژنامه‌ى ئیندپێنده‌نت"ى به‌ریتانى له ڕاپۆرتێکدا ئاماژه‌ى به‌وه کردووه بڕى 300 ملیار دۆلار له‌و پڕۆژانه‌دا به‌کارهاتووه که بوونیان نییه له‌سه‌ر زه‌وی.
لێکۆڵینه‌وه له گه‌نده‌ڵییه‌کان ئازاد نه‌بوون و له‌ژێر کاریگه‌رى سیاسیدان.
گه‌نده‌ڵى بنکه‌کانى سه‌ر سنور، کێشه‌یه‌کى تره. له مانگى حه‌وتدا سه‌ره‌ک وه‌زیرى عێراق هه‌ڵمه‌تێکى ده‌ستپێکرد بۆ کۆنترۆڵکردنى سنوره‌کانى ئێران و هه‌روه‌ها وڵاتانى تر‌ى دراوسێى عێراق.
* هه‌ڵوێستى حکومه‌ت سه‌باره‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌سه‌ر پێشێلکارییه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ:
ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان له عێراقدا کێشه‌ى گه‌یشتنیان هه‌یه به کاربه‌ده‌ستان، وه‌ک به‌ره‌نجامێکیش نه‌توانراوه پارێزراوبن، نه‌توانراوه داراییه‌کى ئه‌وتۆیان بۆ دابین بکرێت و زۆر به ده‌گمه‌ن (ئه‌گه‌ر هه‌بووبێت) حکومه‌ت پڕۆژه‌ى داونه‌تێ و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێک ناوچه‌ى وڵاته‌که‌شدا بۆیان نه‌بووه کارى ڕۆژانه‌ى خۆیان بکه‌ن.
له هه‌رێمى کوردستانیش، ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان زۆربه‌یان کوردین و زۆربه‌شیان په‌یوه‌ندییان به لایه‌نه سیاسییه‌کانه‌وه هه‌یه و ئه‌و لایه‌نه سیاسیانه بودجه‌یان ده‌ده‌نێ. وه‌ک له ڕاپۆرته‌کاندا ئاماژه‌یان پێکراوه، له ساڵى 2013وه حکومه‌ت هیچ پاره‌یه‌کى بۆ ئه‌و ڕێکخراوانه دابین نه‌کردووه.
* ده‌ستدرێژى سێکسى و توندوتیژى خێزانی:
به‌پێى ڕاپۆرتى یونامی، له بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى کۆرۆناوه، ده‌ستدرێژیکردنى سێکسى و توندوتیژى خێزانى و ئازاردانى جه‌سته‌یى خود و هه‌راسان کردنى ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان له ژێر 18 ساڵیه‌وه‌یه زیادیان کردووه، هۆکارێکى تریش خراپ بوونى ڕه‌وشى ئابورییه. ئه‌م دیارده‌یه له هه‌رێمى کوردستانى عێراقیشدا هه‌یه و به‌پێى ڕاپۆرته‌کان به‌هۆى ئه‌و ڕه‌وشه‌وه خه‌ڵکانیک هه‌ن بیر له خۆکوشتن ده‌که‌نه‌وه.
* هه‌ڵوێسته زیانبه‌خشه‌کانى تر به‌هۆى نه‌ریته‌وه:
کوشتن به ناوى شه‌ره‌فه‌وه، هێشتاش کێشه‌یه‌کى سه‌ره‌کى و مه‌ترسیداره له عێراقدا. به‌پێى به‌نده‌کانى یاسا، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر دۆسێى کوشتن له په‌یوه‌ندى به شه‌ره‌فه‌وه ده‌گیرێت، سزاى هه‌تا 3 ساڵ زیندانیکردنى به‌سه‌ردا ده‌درێت.
به‌پێى ڕاپۆرته‌کانى یونامی، ساڵانه سه‌دان ژن ده‌کوژرێن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف. هه‌ندێک له خێزانه‌کانیش وه‌ک ئاماژه‌ى پێده‌کرێت ئه‌و جۆره کوشتنه وه‌ها نیشان ده‌ده‌ن که کارێکى خۆ کوشتن بووه.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى به‌رامبه‌ر ژنان که سه‌ر به وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستانه، تا مانگى نۆى ساڵى پار 3 دۆسێى کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌فى پشتڕاست کردۆته‌وه له نێو 26 دۆسێى کوشتنى ژناندا له هه‌رێمه‌که‌دا، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ک له ی‌و ئێن ئاماژه‌ى کردووه به‌وه‌ى کوشتنه‌کان به‌ناوى شه‌ره‌فه‌وه زۆر زیاتره له‌وه‌ى باس ده‌کرێت.
ڕاپۆرتیش هه‌ن له‌سه‌ر به‌کارهێنانى ژنان و کچان بۆ کارى سێکسى له ڕێى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى کاتییه‌وه و له‌به‌رامبه‌ردا پاره ده‌درێته ماڵى کچه‌که یان ژنه‌که.ڕاپۆرت له‌سه‌ر هه‌راسانکردنى سێکسیش هه‌ن و به هه‌مان شێوه‌ش له سه‌ر جیاوازییه‌کانى نێوان نێر و مێ له کۆمه‌ڵگه‌دا. بۆ نمونه له داگاکاندا گه‌واهیدانى ژنان به نیوه‌ى گه‌واهیدانى پیاوان داده‌نرێت له هه‌ندێک له دۆسێ یاساییه‌کاندا و له هه‌ندێکى تریشدا یه‌کسانه.
له هه‌رێمى کوردستانیش هه‌ندێک پارێزراوى زیاترى ژنان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م پارێزراویه به شێوه‌یه‌کى ڕێکخراو نییه. هه‌ندێک له یاساکان له‌و هه‌رێمه‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى یاساکانى حکومه‌تى فێدراڵه. له هه‌رێمى کوردستان ژن مافى هه‌یه داواى جیابوونه‌وه له هاوسه‌ره‌که‌ى بکات، به‌و مه‌رجه‌ى پێش هاوسه‌رگیرییان ئه‌و مه‌رجه‌یان دانابێت.
* مافى منداڵان:
ڕێکخراوه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ ڕاپۆرتیان داوه سه‌باره‌ت به کێشه‌ى فره لایه‌نه‌ى منداڵه‌کانى داعش و ئه‌و منداڵانه‌ى له ناوچه‌کانى داعش داگیریان کردبوو، له‌وانه پێنه‌دانى دۆکیۆمێنتى له‌دایک بوون. وه‌ها مه‌زه‌نده ده‌کرێت 45 هه‌زار منداڵ له ئۆردوگاکاندا ده‌ژین و هیچ دۆکیۆمێنتێکیان نییه، ئه‌م کێشه‌یه‌ش منداڵه ئاواره‌کانیشى گرتۆته‌وه، ئه‌وانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى ئۆردوگاکاندا ده‌ژین.
به‌پێى ڕاپۆرتى یونسێف، به‌لانیکه‌م؛ یه‌ک ملیۆن و 640 هه‌زار منداڵ له عێراقدا که نیوه‌یان کچن، هه‌ر هیچ نه‌بێت پێویستیان به جۆرێک له جۆره‌کانى پارێزراوى هه‌یه.
هاوسه‌رگیرى به زۆره‌ملێیى کچان به هاوسه‌رگیریى کاتییشه‌وه له سه‌رانسه‌رى وڵاته‌که‌دا هه‌یه.
له هه‌رێمى کوردستانى عێراقیش نابێت هاوسه‌رگیریى منداڵان هه‌بێت، به‌ڵام یاساکانى هه‌رێم ڕێگه‌یان به دادوه‌ر داوه، تا مێردمنداڵى ته‌مه‌ن 16 ساڵیش ماره‌بێ بکه‌ن ئه‌گه‌ر بڕیارى خۆیان بێت و ڕه‌زامه‌ندى باوانیشیان وه‌رگیرابێت.
* دژایه‌تى ئاینى جوو:
ئه‌ندامانى پێکهاته‌ى جوو ناتوانن به ئاشکرایى سروته ئاینییه‌کانى خۆیان بکه‌ن به‌هۆى سزادان و جیاوازیکردن و هه‌روه‌هاش توندوتیژى کاراکته‌ره توندڕه‌وه‌کانه‌وه. به‌ڵام له ساڵى پاردا، ڕاپۆرت نه‌دراوه له‌سه‌ر ڕه‌فتارى دژه جوو له عێراقدا.
* ئه‌ندامانى پێکهاته نه‌ژادى و ئاینییه‌کان:
پێکهاته‌ى عێراق بریتییه له عه‌ره‌ب و کورد و تورکومان و شه‌به‌ک و کلدان و ئاشورى و ئه‌رمینیایى و ئێزدى و سابیئه‌ى مه‌ندانى و به‌هایى و کاکه‌یى و ژماره‌یه‌کى که‌مى جوو. له عێراق ژماره‌یه‌کى که‌مى ڕۆمانیش هه‌ن که به "دۆم" ناسراون، وه‌هاش مه‌زه‌نده کراوه، یه‌ک ملیۆن و نیو بۆ دوو ملیۆن هاوڵاتى به ڕه‌گه‌ز ئافریکایى له پارێزگاى به‌سره و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى نیشته‌جێن. قورسه بزانرێت ڕووداوه‌کان و ژیانیان چۆن بووه به تایبه‌تیش له ڕووى جیاوازیکردنى ئاینى و نه‌ژادییه‌وه.
له مانگى حه‌وتدا ڕێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ، ڕاپۆرتێکى بڵاوکردۆته‌وه و تیایدا ئاماژه به‌وه ده‌کات حکومه‌تى هه‌رێم ڕێگه‌ى گرتووه له خێزانه عه‌ره‌به‌کان تا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌کانى خۆیان له پارێزگاى دهۆک، هه‌روه‌هاش ڕێگر بووه له گه‌ڕانه‌وه‌ى خێزانه‌کان بۆ شارۆچکه‌ى ڕه‌بیعه له پارێزگاى نه‌ینه‌وا. ڕێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ ده‌ڵێت حکومه‌تى هه‌رێم ته‌نها ڕێگه‌ى داوه خێزانه کورده‌کان بگه‌ڕێنه‌وه.
* پێشیلکارییه‌کان به‌رامبه‌ر هاوڕه‌گه‌زخوازان:
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له مانگى پێنج‌دا ناڕه‌زاییه‌کى توندى ده‌ربڕى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به "دابونه‌ریت و به‌هاى کۆمه‌ڵگه" ناودێرى ده‌کات، پاش ئه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ى یه‌کێتى ئه‌وروپا، ئاڵاى په‌لکه ڕه‌نگینه‌ى هه‌ڵکرد (سیمبۆلى هاوڕه‌گه‌زخوازان) له ڕۆژى نێونه‌ته‌وه‌یى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى دژایه‌تى کردنى هاوڕه‌گه‌زخوازان به هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه.
چه‌ند ڕۆژێک دواتر ڕاپۆرته‌کانى میدیا باسیان له کوژرانى کوڕێکى هاوڕه‌گه‌زخواز ده‌کرد له شارى سه‌در له به‌غدا و هه‌روه‌هاش له‌سه‌ر کوژرانى که‌سێکى تر له پارێزگاى بابل.
له هه‌رێمى کوردستانیش به هه‌مان شێوه، هاوڕه‌گه‌زخوازان له ترس و دڵه‌ڕاوکێدا ده‌ژین و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره و توندوتیژى و جیاوزیشیان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت. هاوڕه‌گه‌زخوازان ده‌ڵێن ناتوانن خۆیان ئاشکرا بکه‌ن له ترسى خێزانه‌کانیان و ناسیاوه‌کانیان و خه‌ڵکى تر‌ى نه‌ناسراویش.
