ئەمڕۆ پەرلەمان 19 داواکاری بۆ خزمەتی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەخاتەڕوو

5 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لەبارەی یادی 33 ساڵەی ئەنفال  بۆ رەخساندنى هەلى كار و پێشەنگى بە كچ و كوڕى شەهیدان و ئەنفالكراوان، و گەڕاندنەوەى روفاتى قوربانیانى تاوانى ئەنفال بۆ هەرێمی كوردستان کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14-04-2021، 13 ساڵ بەسەر ناساندنی ئەنفال وەکو جینۆساید لە پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت، بڕیارە پەرلەمانی کوردستان لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت بە کاروباری شاڵاوەکانی ئەنفال ئامادەکراوە، 19 داواکاری بخاتەڕوو. 

محمد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی درایی و كاروباری ئابوری، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت" كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لەبارەی یادی 33 ساڵەی ئەنفال  بۆ رەخساندنى هەلى كار و پێشەنگى بە كچ و كوڕى شەهیدان و ئەنفالكراوان، و گەڕاندنەوەى روفاتى قوربانیانى تاوانى ئەنفال بۆ هەرێمی كوردستان کۆدەبێتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد   داواکارییەکان لەبارەی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ ئەو ناوچانەن کە لە پرۆسەی ئەنفال زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها دابەشکردنی زەوی و ئاسانکاری لە دابینکردنی هەلی کار بۆ کەسوکاری شەهیدا و ئەنفالکراوان دەبن.

لە پرۆسەکەدا حكومەتى پێشووی عێراق، زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانی شەهید و بێسەروشوێن كردن، هەروەها زیاتر لە 4500 گوندى هەرێمی كوردستان سووتێنران و لەگەڵ زەویدا تەخت كران، بەمەش بەشێكى گرنگى بنەماى ئابووریى باشووری كوردستان وێرانكرا، لە رووى كشتوكاڵ و ئاژەڵدارى و دارستان.

ئەنفالی گەرمیان لە کۆتایی قۆناخی شاڵاوی سێیەمی ئەنفال بوو، بەڵام لە هەموو قۆناخەکانی دیکە کارەساتبارتر و زیانبەخشتر بوو، چونکە 70 بۆ 80 هەزار کەس تێیدا شەهید و بێسەروشوێن کران.

پرۆسەکە ئەم ناوچانەی گرتەوە (دوزخورماتوو، کفری، کەلار، دەربەندیخان، چیاکانی قەرەداخ، تەکیە، چەمچەماڵ، قەرەهەنجیر، قادرکەرەم، سەنگاو، تیلەکۆ، پێباز و ئاغجەلەر).

قۆناخی سێیەمی ئەنفال، لە 31ى ئادارى 1988 دەستیپێکرد و لە 14ى نیسانى 1988 گەرمیانیشی گرتەوە، تاوەکو 20ی نیسان بەردەوامبوو. نزیکەی 500 گوندی ئەم ناوچانەی گرتەوە، گوندەکانی گەرمیان تەخت کران و سوتێنران.

تەنیا لە 14ی نیسانی 1988 حکومەتی ئەو کاتی عێراق نزیکەی 20 هەزار ژن و منداڵ و پیاوی لە هەردوو گوندی کوڵەجۆ و ملە سوورە کۆکردنەوە و بۆ شارەدێی قۆرەتووی رەوانەکردن و پاشان شوێنبزری کردن.

ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە 14-04-2008 ئەنفالى وەکو جینۆساید ناساند. هەروەها دادگاى باڵاى تاوانەكانی عێراقیش لە 24-06-2007 ئەنفالى وەكو تاوانى جینۆساید ناساند. بەو پێیەش (عەلى حەسەن مەجید، هاشم حسین رەشید) سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا، سزای زیندانى هەتاهەتایش بەسەر کەسانی دیکە کە لە تاوانەکە بەشداربوون سەپێنرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار