سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: ئەنبار لە روی ئاوەدانکردنەوە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لێدەكەین

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند هەوڵدەدات ئەنبار لە روی ئاوەدانکردنەوەدا هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لێبکات. هاوکات دەشڵێت، "گرووپە چەکدارەکان لە دەوڵەت مووچە وەردەگرن و بە ئۆتۆمبێلی حەشدی شەعبی نمایش دەکەن".
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 14-4-2021، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "دامەزراندنی هەرێمی ئەنبار نەخراوەتەڕوو، بەڵام ئایا هەرێمەکان دەستوورین یاخود نادەستوورین؟ ئەو هێزە سیاسیەی دەستووریان نووسیوەتە ئێستا رێگە لە هەر پارێزگایەک دەگرن کە داوای هەرێم بوون دەکات، هەرێمبوون بابەتێکی دەستوورییە، هەرێمیش کاریگەری ناکاتە بەوەی بەغدا ناوەند بێت.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختلەوەدەکاتەوە، "بیرۆکەی هەرێم لە ئەنبار نییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەنبار و هەر پارێزگاکایەکی دیکە سازش لەسەر ئەو مافەیان بکەن، ئەگەر ناوەند نەتوانێت خزمەتگوزارییان بۆ رێکبخات. ئەمڕۆ بەسرە داوای هەرێم دەکات. ئەو سۆنگەی هەرێمی بەسرە قبووڵە، بەڵام ئەگەر بەیانی سەلاحەددین داوای هەرێم بکات، ئەوا دەڵێن نەخێر و رێگری لێدەکرێت، دەگوترێت ئەمە لە دەرەوە پشتیوانی دەکرێت، ئەگەر وابێت بۆچی لە پارێزگاکایەک پشتیوانی دەرەوەی لێدەکرێت لە پارێزگاکای دیکە لێی ناکرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا حەلبووسی دەڵێت، "هەرێمەکان لە عێراق ئەوکات دروستدەبن، کە عێراق لە دۆخێکی باش بێت، نەک لەنێو کێشە و گرفت بێت. من دژی هەرێم نیم بەڵکو لەوکاتەدا لەگەڵی نیم، بەڵکو لەگەڵ ئەوەم کاتێک عێراق سەقامگیربوو، هەرێم دروستبکرێت".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، دەیانەوێت پارێزگای ئەنبار لە رووی ئاوەدانکردنەوەی بگەیێننە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، دەسەڵاتی خۆی بەکارهێناوە بۆ دواخستنی لێپرسینەوە لەگەڵ د. عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی، بەهۆی ئەوەی عێراق لە دانوستاندن بووە لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و نێوەندە جیهانییەکان. حەلبووسی پێیوایە زۆری لێرسپینەوە پێوەری سەرکەوتنی پەرلەمان نییە، هاوکات دەشڵێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاستەنگ لە بەردەم هیچ لێپرسینەوەیەک دروستناکات.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی لە کاژێر 1ـی دواینیوەڕۆ بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە بەیانییەکەی پەرلەمانتاران سەرقاڵن بەوەی بەدواداچوون بۆ کاری هاووڵاتیان دەکەن لە سەردانی فەرمانگەکان. هاوکات دەپرسێت، "کەی بۆچی کەس رەخنە لەوە ناگرێت کاژێر 4 کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچن، لەکاتێکدا کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کاژێر 1ـی دواینیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت".
هەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، گرووپە چەکدارەکان مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن و بە ئۆتۆمبێلەکانی حەشدی شەعبیش نمایش دەکەن. ئەگەر ئەمانە سەر بە حەشدی شەعبین ئەوا پێویستە حەشد لێپرسینەوە دەستگیریان بکات، ئەگەرنا دەبێت مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات.
