کازمی: دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەكەین

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بکرێت و دەڵێت " ئامانج لەو کردەوە تیرۆریستییە کە لە مانگی رەمەزاندا کراوە تێکدانی ئاسایشە". 

لیوا یەحیا رەسوول، وتەبێژی فەرماندەی گشت هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند "مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریداوە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە پەلامارەکەی هەولێر و ناوچەکانی دیکە بکرێت".

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە کازمی دووپاتیکردووەتەوە، "ئاسایشی عێراق بەرپرسیاریێتی حکومەت و تەواوی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، ئامانج لەو کردەوە تیرۆریستییەش کە لە مانگی رەمەزاندا کراوە تێکدانی ئاسایشە، هەندێک هەوڵدەدەن پشێوی دروست بکەن و ئاسایش و سەقامگیری تێکبدەن، کە ئەمەش کارێکە رەتدەکرێتەوە و رووبەڕووی هێزی یاسا و هاوشانی گەلی عێراقی دەبێتەوە". 

دەوروبەری كاتژمێر09:50 خولەکی شەوی 14-04-2021 هێرشکرایە سەر بنکەی هاوپەیمانان لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند "هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە".

جگە لەو هێرشەی سەر هەولێر چەند مووشەکێک ئاراستەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک کران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار