بەریتانیا: گروپە چەکدارەکان لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نەبن عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و بەعشیقە دەکا.
ستیفن هیکی، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، لە هەژماری تایبەتیی خۆی نووسیویەتی: ”بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و بەعشیقە دەکەم، ئەم هێرشانە ترس و دڵەڕاوکێ لەناو عێراقییەکان بڵاو دەکەنەوە و تاوەکو گرووپە چەکدارەکان لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نەبن عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ“.
هەروەها دەڵێ: ”ئێمە وەکو بەریتانیا پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ هەوڵەکانیان لە رێگریکردن لەو هێرشانە و بەسزاگەیاندنی تاوانباران“.
دەوروبەری كاتژمێر09:50 خولەکی شەوی 14-04-2021 هێرشکرایە سەر بنکەی هاوپەیمانان لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند "هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە".
جگە لەو هێرشەی سەر هەولێر چەند مووشەکێک ئاراستەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک کران.
