روسیا 8 بەرپرسی ئەمریکا سزا دەدات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریدا 10 دیپلۆماتکاری روسی لەوڵاتەکەی دەربکات، لەبەرامبەردا مۆسکۆش سزای بەسەر 8 بەرپرسی ئەمریکادا سەپاندوە و سزاکانیش رێگریکردنە لەو بەرپرسانە بێنەناو خاکی روسیاوە.

وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هەر یەک لە مێریک گارلاند داواکاری گشتی ئەمریکا، مایکل کارفاخال بەڕێوەبەری نوسینگەی فیدڕاڵی بۆ دەستگیرکراوانی ئەمریکی،  ئەلیخاندرۆ مایورکاس وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، سۆزان رایس راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ سیاسەتی ناوخۆ، کریستۆڤەر رای بەڕێوەبەری نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی و ئافریل هێنس سەرۆکی دەستەی هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریکا خراونەتە لیستی سزاکان، چونکە بەشدارن لە گرتنەبەری "سیاسەتی دژی روسیا"  لەوڵاتەکەیاندا.

لەناو ئەو کەسانەی خراونەتە لیستی سزاکان دوو بەرپرسی پێشووش بوونیان هەیە کە ئەوانیش بریتین لە جۆن بۆڵتن راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و رۆبێرت ولسی بەڕێوەبەری پێشوی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی.

ئەوە لەکاتێکدایە 15ی ئەم مانگە کۆشکی سپی لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەسەر بڕیاری جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا 10 دیپلۆماتکاری روسیا لەوڵاتەکەیان دەرکراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، واشنتن مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بانکی ناوەندی، سندوقی نیشتیمانی و وەزارەتی دارایی ڕوسیا لەکۆمپانیاکان وڵاتەکەی قەدەغەکردوە.

هاوکات دوای ئەوەی کۆشکی سپی سەپاندنی سزای بەسەر 32 دیپلۆماتکار و لایەنی روسیادا سەپاند بەتۆمەتی دەستوەردان لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی  2020 وڵاتەکەیدا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدوای هەڵکشان و ململانێدا نییە لەگەڵ روسیا، بەڵام ئەگەر ئەو وڵاتە "بەردەوام بێت لە دەستوەردان لە دیموکراسییەتمان، هەنگاوی دیکەش دەگریبەر".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار