بابه‌كر زێبارى: لەتۆڵەی هێرشەكەی هه‌ولێر دەبوایە هاوپه‌یمانان 20جار ئه‌و هێزه‌یان بۆردومان بكردایه
.jpg)
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند لەتۆڵەی ئەو هێرشه‌ى كرایه‌سه‌ر هه‌ولێر دەبوایە هاوپه‌یمانان 20جار ئه‌و هێزه‌یان بۆردومان بكردایه، "به‌ڵام نه‌یانكردو مه‌ترسیه‌كانیش به‌رده‌وامده‌بن".
بابه‌كر زێبارى راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێم ئەمڕۆ شەممە، 17نیسانی 2021 رایگەیاند" ئەو ھێزەى په‌لاماره‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێرى ئه‌نجامداوه ئیمکانیاتی زۆری ھەبووەو پشتگیریشیان دەکرێت، بۆیە تا لەسنووری نێوان پێشمەرگەو سوپا دورنەخرێنەوە، مەترسی بەردەوامدەبێت".
دەشڵێت" ئه‌و هێزه دەیەوێت دۆخی ھەرێم تێکبدات‌و ھاوپەیمانانیش دەکەنە ئامانج".
به‌وته‌ى زێبارى، ئه‌و هێزه‌ى هێرشه‌كه‌ى كردوه توانای زۆری ھەیە، "چونكه فڕۆکەیان ناردووەو تەقەمەنییان بەرداوەتەوەو لەو شوێنەی مەبەستیشیان بووە تەقیوەتەوە، ئەوەش لەکامێراکان دەرکەوتووە، بۆیە ئەوان چەکی باشیان ھەیەو پشتگیری‌یان دەکرێت".
په‌یامێكیش ئاراسته‌ى هاوپه‌یمانان ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەوکارە له‌سنوری نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دەکرێت‌و ھاوپەیمانان دەکەنە ئامانج، بۆیە پێویستبوو بێدەنگنەبن‌و کاردانەوەیان ھەبێت‌و لەتۆڵەی ئەوە ده‌بوو 20 جار ئەوانیان بۆردومان بكردایه، به‌ڵام نه‌یانكردو مەترسیەكه‌ش بەردەوامدەبێت".
