مەسرور بارزانی: وه‌زیری ناوخۆم راسپاردووه بۆ بەسزاگەیاندنی تۆمەتباران
.jpg)
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند وه‌زیری ناوخۆی راسپاردووه بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی تۆمه‌تبار به سزای خۆی بگات.
مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ شەممە، 17 نیسانی 2021 لەپەیامێکیدا لە تویتەری خۆی؛ سه‌باره‌ت به كوژرانی ژنێكی گه‌نج له هه‌ولێر، كه دایكی سێ منداڵه رایگەیاند، "کۆمەڵگەی ئێمە، هەرگیز پێشناکەوێت ئەگەر نیوەی کۆمەڵگە نه‌توانێت به ئازادی و بەبێ ترس لە توندوتیژی بژی".
دەشڵێت، وه‌زیری ناوخۆی راسپاردووه بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی تۆمه‌تبار به سزای خۆی بگات.
هاوکات، جەخت لەوەدەکاتەوە کە، "لەم کابینەیەدا ئێمە هاوكاریمان بۆ شێڵته‌ره‌كان زیاد کردووە و پابه‌ندین بە ئەنجامدانی کاری زیاتر بۆ پاراستن و پشتگیریی كچان و ژنان له كوردستان".
ئێوارەی هەینی رابردوو، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر، پیاوێک هاوسه‌ره‌کەی خۆی بە گولـلە کوشت و ئێستا هەڵاتووە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن.
رووداوەکە وەک وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگه‌یاند، کاتژمێر چواری ئێوارە بووە و لە گەڕەکی باداوەی هەولێر بووە. ئەو پیاوە بە گولـلە هاوسه‌ره‌کەی خۆی کوشتووە کە تەمەنی 21 ساڵان بووە.
ئەو کەسەی کوژراوە ناوی (ز. ج)ـە و لەدایکبووی ساڵی 2000ـە. بە وتەی هۆگر عەزیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر پیاوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە هاوسه‌ره‌کەی کوشتووە.
ئێستا پیاوەکە کە تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی ئەو کەسەیە، هەڵاتووە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە. هۆگر عەزیز رایگەیاند، ناسراوەتەوە و پۆلیس هەوڵی ئەوە دەدات دەستگیری بکات و بیداتە دادگا.
