پەرلەمانتارێكی كورد لەبەغدا: وەزیری دارایی دەیەوێت باج لەسەر مووچە جێبەجێ بكرێت

5 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
ئەندامێكی كورد لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت:» لەبنەڕەتدا یاسای باج خستنەسەر موچەخۆران بوونی هەیەو وەزیری دارایی دەیەوێت بۆ لەمەودوا جێبەجێ بكرێت».
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد وەزیری دارایی عێراق لەدوایین نووسراویدا كەواژۆی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی لەسەرە پێشنیاز كراوە بۆ ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی رێنمایی دارایی ژمارە (1) ی ساڵی 2007 كارابكرێتەوەو لێبڕین لەسەر باجی بەدەستهاتوو لەكۆی داهاتی مانگانەی مووچە لەم مانگەوە بخرێتەبواری جێبەجێكردنەوە
هەروەها باسی لەوەشكرد ئەوە بۆچوونی وەزیری داراییەو ئەوە لەبنەڕەتدا یاسایەك هەیە، لەكاتی كابینەكەی مالیكی كەنرخی نەوت زۆر بەرز ببووەوە، ئەوكات بڕیار دراو ئەو لێبڕینە لابراو وتیان پێویستیان پێی نیە، بەڵام پێشتر ئەو باجە لەسەر موچەی فەرمانبەران هەبووە.
جەمال كۆچەر پێشیوابوو وەزیری دارایی عێراق بەنیازە ئەو یاسایە كارا بكاتەوە كە بەبڕیارێك وەستاوەو دەتوانێت كارای بكاتەوە، چونكە پێویستیان بەزیادكردنی داهات هەیە.
بەپێی پێشنیارەكەی وەزیری دارایی ئەوە خراوەتەڕوو پێشنیاز دەكەن دانانی باج لەسەر سەرجەم داهاتی موچە بێت، لەوانەش (مووچەی بنەڕەتی، دەرماڵە، هاندان، دەستكەوتی مانگانە، ساڵانە، پاداشت، ئیفادو هەر داهاتێكی دیكە)و بڕیارەكەش لەم مانگەوە بچێتە بواری جێبەجێكردەوە.
پێشنیازەكەی وەزارەتی دارایی كاردانەوەی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان، شەقام و هێزە سیاسییەكانی لێكەوتەوە، بەتایبەت كەعێراق بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت هەنگاو دەنێت و زۆرێك لەهاووڵاتیان بەهۆی بڕیاری دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بەدۆلار لەكڕینی كاڵاو مامەڵەكانیان زەرەرمەند بوون و لایەنەكان نایانەوێت لەوە زیاتر رێكار بگیرێتەبەر كەزیان لەپێگەی جەماوەرییان بدات.
