نێچیرڤان بارزانی نامەیەک بۆ یوئین دەنێرێت
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوای زیاترکردنی رۆڵی نێودەوڵەتی دەکات لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە نامەیەکی فەرمی بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و 15 وڵاتی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ژمارەیەک داواکاری بە فەرمی ئاراستەی چەقی بڕیاری نێودەوڵەتی دەکات.
کورتەی داواکارییەکانی نێچیرڤان بارزانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی:
- نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت و رۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیری نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی کێشەی دابەشکردنی سامانە سرووشتییەکان و هەروەها جێبەجێکردنی ماددەی 140.
- سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە داواکارییەکەی حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ زیاترکردنی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و دڵنیابوون لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە عێراق بە باشی بەڕێوەبچێت دوور لە پێشێلکاری.
- لە نامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا داوای ئەوە دەکات کە لە دەقی پرۆژەبڕیاری نوێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربارەی عێراق پشتگیریی فەرمی ئەنجوومەنەکە هەبێت بۆ ئەو رێککەوتنەی کە لەم دواییە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان روویدا دەربارەی بودجە و دابەشکردنی سامانە سرووشتییەکان.
- نێچیرڤان بارزانی داوای هاوکاریی مرۆیی و پشتگیریی زیاتر دەکات بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژیانیان لەنێو کامپەکان.
