ئێران: هێرشەكان هەوڵە بۆ دەركردنی ئەمریكا لە هەولێر و تەواوی عێراق

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق  رایگەیاند " ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی هەوڵە هاوشێوەکانە کە لە سەرانسەری خاكی عێراق دژی سەربازانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن. گەلی عێراق بەتایبەت گەنجان، بوونی ئەمریکییەکان لە وڵاتەکەیان قبووڵ ناکەن".

حەسەن داناییفەڕ، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند "ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی هەوڵە هاوشێوەکانە کە لە سەرانسەری خاكی عێراق دژی سەربازانی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن. گەلی عێراق بەتایبەت گەنجان، بوونی ئەمریکییەکان لە وڵاتەکەیان قبووڵ ناکەن. بەپێی بڕیاری پەرلەمانی عێراق، سەربازانی ئەمریکی دەبێت خاکی عێراق جێبهێڵن. ئەمە لە کاتێکدایە ناوبەناو ئەمریکییەکان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا گفتوگۆ دەکەن و هەندێک بەڵێن دەدەن بەڵام هیچیان جێبەجێ ناکەن". 

باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغدا دەشڵێت، "رەنگە هەندێک کەس، ئەمریکییەکان زۆر بەهێز دابنێن، لەکاتێکدا ئەمە راست نییە. ئەمریکییەکان زۆر لاوازن و ئامرازەکانیان ئەوەندە پێشکەوتوو نین کە وابیر بکرێتەوە هەرشتێک لە دنیا رووبدات لەژێر چاودێریی ئەواندایە". 

هەفتەی رابردوو لە رێگەی درۆنی تی ئێن تیکراو هێرشکرایە سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەناو فڕۆکەخانەی هەولێر، داناییفەڕ دەڵێت، "ئەم هێرشانە ئەوە پێشاندەدەن بە چەک و کەرەستەی سادە دەتوانرێت ئەمریکییەکان تووشی کێشە بکرێن. پێدەچێت ئەمریکا بە بەکارهێنانی میدیا و بانگەشە توانیبێتی رووخسارێکی درۆینەی بەهێز پێشان بدات".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق دەڵێت، "ئەمریکا لە قۆناخێکدا بەهێزبوو و ئێستاش لە لاوازبووندایە و بەمزووانەش دەبێت ناوچەکە جێبهێڵێت. ئەمریکییەکان گوتوویانە هێزەکانیان لە ئەفغانستان دەکشێننەوە و هیچ بژاردەیەکی دیکەیان جگە لە کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراقیش نییە".

باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەر سەربازانی ئەمریکا بیانەوێت لە هەرێمی کوردستان جێگیربن و لەوێ بمێننەوە، ناسەقامگیری لەو هەرێمە زیاتر دەکات؟ دەڵێت، "هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدان کە لە ناوەراست و باشووری عێراق دژی ئەو بنکانە ئەنجامدەدرێن و بەو جۆرە نییە لە ناوچەیەک لەنێو عێراق هەمووان ئەمریکییەکانیان خۆشبوێت و لە ناوچەیەکی دیکە دژیان بن. بێگانە بێگانەیە و عێراقییەکان هێزەکانی ئەمریکا بە هێزێکی داگیرکەر سەیر دەکەن و خەڵکی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق رقیان لێیانە".  

دانایی فەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گوتوویەتی، ئەگەر ئەمریکییەکان بیانەوێت سەربازەکانیان زیاتر لە هەرێمی کوردستان و باکووری عێراق جێگیر بکەن، لەوێش وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق رووبەڕوویان دەبنەوە، چونکە گەنجانی عێراق رێگەنادەن سەربازانی بێگانە لە وڵاتەکەیان بن، بۆیە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار