وەزارەتی بەرگری روسیا: لەبۆردومانەکە 200 چەکداری سوری کوژران

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، رۆژی دوشەممە هێزەکانیان بنکەیەکی "تیرۆرستان"یان لەشاری تەدموور لەناوەڕاستی سوریا بۆردومانکردوە و لەئەنجامدا 200 چەکدار کوژراون.
ئەلکسەندەر کاربۆف، جێگری بەڕێوەبەری بنکەی حەميميم سەر بە وەزارەتی بەرگری روسیا لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی دروستکردنی بنکەیەک لەشاری تەدموور لەلایەن چەکدارانی دژی حکومەتی سوریا، کەلەناو بنکەکەدا بۆمبی چێنراو ئامادە دەکەن، فڕۆکەکانی روسیا ئەو بنکەیەیان بۆردومانکرد.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لەئەنجامی بۆردومانەکە 200 چەکدار کوژراون، 24 ئۆتۆمبێلی سەربازی ئەو چەکدارانە و 500 کیلۆگرامیش لەمادەی تەقینەوەی چەکدارەکان لەناوبراون.
جێگری بەڕێوەبەری بنکەی حەميميم ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو گروپە چەکدارییە پلانی هێرشکردنەسەر دەزگاکانی دەوڵەتی سوریایان هەبووە بۆ دروستکردنی نائارامی لەشارەکان، پێش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە 26 مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
