بایدن بریاری وەرگرتنی ژمارەیەكی زیاتری كۆچبەری ئیمزا كرد

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى  

ئیدارەی کۆشکی سپی بە فەرمی بڕیاری بەرزکردنەوەی ژمارەی وەرگرتنی ساڵانەی پەنابەرانی دەرکرد. 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "من فەرمانێکی سەرۆکایەتی پەسند دەکەم بۆ دەستپێکردنی کاری زیاتر لەپێناو دووبارە کارکردن بە پرۆگرامی  هاوکاریکردنی پەنابەران وەک پێویستییەکی جیهانی. ئەم فەرمانە وا دەکات بچینەوە ئەو پێگەیەی کە بتوانین وەرگرتنی ساڵانەی کۆچبەران بگەڕێنینەوە بۆ 125 هەزار لە ئیدارەی بایدن - هاریسدا."

ئەو جووڵەیەی بایدن کۆتاییهێنان بوو بە سیاسەتێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە ژمارەی وەرگرتنی پەنابەرانی ساڵانەی بۆ تەنیا 15 هەزار کەمکردبووەوە.

لە هەنگاوی یەکەمدا بایدن ژمارەکەی بۆ 62 هەزار و 500 پەنابەر بەرزکردەوە، بڕیاریشی داوە ساڵی داهاتوو ئەمریکا وەرگرتنی ساڵانەی پەنابەران بگەیێنێتە 125 هەزار، واتە بۆ دۆخی پێش ترەمپ.

زیکە میلەر، رۆژنامەڤانە و دەڵێت، "سەرۆک بایدن، کاتێک چووە نووسینگەی سەرۆکایەتی و لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیشدا پەیمانی دابوو سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە کۆچبەری کۆتایی پێبهێنێت، کە ئەمە هەوڵی چوار ساڵەی ئیدارەی پێشوو بوو. بایدن پێی وایە وەرگرتنی پەنابەران خەسڵەتێکی ئەمریکایە و پێویستە قەبارەی وەرگرتنی ساڵانە بەرزبکرێتەوە." 

جگە لەو فەرمانە، بایدن پلانێکیشی سەبارەت بە هەمان پرۆسە بۆ کۆنگرێس ناردووە، بەپێی پلانەکە: 22 هەزار پەنابەر لە ئەفریقا، 6000 لە رۆژهەڵاتی ئاسیا، 4000 لە ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا، 5000 لە ئەمریکای لاتین و کاریبی، 13 هەزار لە باشووری ئاسیاوە و هەروەها  12 هەزار و 500 پەنابەری دیکەش لە شوێنە جیاوازەکانی دیکەوە وەردەگرێت. 

هەر بەپێی پلانەکەش لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتوودا ئەو ژمارانە دوو هێندە دەبنەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە  لە شەش مانگی رابردوودا بەپێی ئاماری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەنیا 2000 پەنابەر لە ئەمریکا وەرگیراون.

ئیدارەکەی بایدن دەبێت مامەڵە لەگەڵ کۆچبەرە نایاساییەکانیشدا بکات کە لە دەستبەکاربوونی بایدنەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 300 هەزار لە ئەمریکای لاتینەوە پەڕیونەتەوە بۆ وڵاتەکە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار