عێراق بووەتە فریـادڕەسی ئێـران‌و ریـفۆرمــخوازان

عێراق تەنیا پردی پەڕینەوەی ریفۆرمخوازانی ئێرانە بۆ گەیشتنی بەڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكاو رۆژئاوا

4 ساڵ لەمەوپێش




 

هاوڵاتى

 

كۆماری ئیسلامی ئێران لەدوای رووخانی سەدام حسێن لەعێراق هەموو هەوڵێكی بۆ سەپاندنی هەیمەنی خۆی لە رێگەی سوپای قودسەوە داوەو تەنانەت باڵیۆزەكانیشی سەر بەو سوپایە بوون، بەڵام لەئێستادا یەكێك لەمەرجە سەرەكییەكانی ئەمەریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی و لابردنی سزاكانی سەر ئێران كەمكردنەوەی ئەو هەیمەنە سەربازییەیە.

چارەنووسی كۆبوونەوە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا لەنەمسا راستەوخۆ بەئەنجامی دانوستانە نهێنی و ئاشكراكانی ئێران و سعودیە لەبەغدا گرێدراونەتەوە و یەكێك لە مەرجەكانی دیكەی ئەمەریكا، دڵنیاكرنەوە و كەمكرنەوەی دەستوەردانە سەربازییەكانی ئێران لەعێراق و  گرژییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی كەنداو كە لەمەشدا عێراق نێوەندگیری سەرەكی و پێشەنگی رێكخستنی دانوستان و گفتوگۆیە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران.

دور نییە هەوڵە سەربازیی و چەكدارییەكانی ئێران بەفشاری ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی بگۆڕدرێت بەهەوڵێكی سیاسی و دیپلۆماسیی و ئەمەش دانوستانێكی راستەقینە دەبێت لەنێوان باڵی ریفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ واشنتۆن كە ئاماژەكانی لە گەشتەكەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق و هەرێم دەردەكەوێت و بەزمانێكی سادە ستراتیژی نوێی ئێران لەعێراق لەسەربازیی و جەنگەوە بۆ دیپلۆماسی و ئاشتیی دەگۆڕدرێت و ئەمەش بۆ بەئامانجگەیاندنی رێككەوتنی ئەتۆمیی پێویستییەكە بۆ باڵی ریفۆرمخوازان و سەنگی مەحەكە بۆ مانەوەیان لەحكومەت و جومگەكانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە.

زەریف بە سەردانی شوێنی كوشتنی قاسم سولەیمانی لەبەغدا پەیامێكی ئاماژەداری بۆ گۆڕانكاریی لەسیاسەتی رابردوو ستراتیژی نوێی ئێران راگەیاند، چونكە ئەوە چوارەم گەشتی زەریف بوو بۆ عێراق و پێشتر سەردانی ئەو شوێنەی نەكردبوو.

ئەگەرچی شارەزایان پێیانوایە بڵاوبونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییەی كە تێیدا زەریف، قاسم سولەیمانی بەجێبەجێكاری سیاستی روسیا لەناوچەكەدا ناودەهێنێت و دەڵێت ئەو لەعێراق و سوریا لەژێر كۆنتڕۆڵی حكومەت و دەسەڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا نەبوە، بوەتە هۆی كاردانەوەی توندی بەرپرسانی محافزكاران لەئێران و ئەویش بە ناچاری وەك رێزلێنانێك خۆی گەیاندوەتە شوێنی كوشتنی قاسم سولەیمانی بۆ ئەوەی فشارەكان لەسەر خۆی كەم بكاتەوە بەڵام بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ زەریف پێش بڵابوونەوەی تۆمارە نهێنییەكەی بڕیاری سەردانی ئەو شوێنەی داوە.

 

ئەوەی گرنگە بۆ ریفۆرمخوازان و بەشیكی بەرچاو لەخەڵكی ئێران بوژاندنەوەی ئابوریی وڵاتەكەیە، چونكە هەر هەنگاوێكی ریفۆرمخوازان بۆ رێككەوتن و دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا دەتوانێت دەستكەوتێكی ئابوریی گرنگ بەدوای خۆیدا بێنیت و بەمەش ئاستی بەشداریی خەڵك لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوی ئەو وڵاتە لە (18/6/2021) بەرز دەبێتەوە و ئەگەری سەركەوتنی ریفۆرمخوزان و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماریی بۆ ئەو باڵەی كۆماری ئیسلامی ئێران مسۆگەر دەكات.

عێراق فریادڕەسی ئێران و ریفۆرمخوازانە

لە رابردودا زۆربەی بەرپرسانی ئێران باسیان لە (32) ملیار دۆلار پارەی ئێران لەعێراق كردوە كە لەلایەن ئەمەریكاوە بلۆك كراوەو ئەمەش پارەیەكی زۆرە بۆ رزگاركردنی ئەو وڵاتە لەو دۆخە قەیرانیاوییەی كە بەهۆی فشارو سزاكانی ئەمەریكاوە گیرۆدەی بوەو ئاماژەكان دەریدەخەن ئێران هەوڵی زۆر دەدات بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانە، بەڵام ئەمەریكا نایەوێت بێبەرامبەرو بەئاشكرا رێگە بە ئازادكردنی پارەكان بدات.

لە رابردودا و لەسەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشوتری ئەمەریكا لەساڵی (2016) رۆژنامەنوسێكی ئەمەریكی-ئێرانی بەناوی جیسۆن رەزاییان و سێ كەسی دیكەی ئەمەریكی كە زیاتر لەساڵێك زیندانیی كرابون لەبەرامبەر پێدانەوەی یەك ملیار و (700) ملیۆن دۆلار بەئێران ئازادكران و ئەمەش كاردانەوەی لەئەمەریكا لێكەوتەوەو بەئابڕوچونی و لاوازیی واشنتۆن لە بەرامبەر ئێران لەقەڵەم  درا.

ئەمەریكا دەیەوێت لە بەرامبەر گۆڕانكاریی لەسیاسەتی ئێران لەعێراق و ناوچەكەو جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئەو پارانە لەچەند قۆناغێكدا ئازاد بكرێن و ئاماژەكانی ئەم بەڵێنەش لە راگرتنی لێدوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەو (32) ملیار دۆلارە لەعێراق بەدی دەكرێت.

پێشتر بەرپرسان و راگەیاندنەكانی ئێران بە بەردەوامیی لێدوان و  هەواڵیان لەسەر ئەو پارە بلۆككراوانە بڵاودەكردەوە، بەڵام دوای دەركەوتنی مەرجەكانی ئەمەریكا زۆربەی بەرپرسان و میدیاكان تەنها باسی قەرزێكی پێنج ملیار بۆ حەوت ملیار دۆلاریی فرۆشتنی غاز و كارەبا بەعێراق دەكەن وەك ئەوەی ئەو (32) ملیارە نەمابێت یان ئێران پارەی بلۆككراوی لە عێراق نەبووبێت.

ریفۆرمخوازان گرەویی سەرەكییان لە (12) ساڵی رابردودا لەسەر چارەسەری پرسی ئەتۆمیی و دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا بوە و ئەگەر ئاوڕێكی خێرا بۆ مێژوی دانوستانی نهێنی و ئاشكرای نێوان ئێران و ئەمەریكا بدرێتەوە، دەردەكەوێت ( عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی، حەسەن رۆحانی، محەمەد خاتەمی، محەمەد جەواد زەریف و .. ) هەموو ئەم بەرپرسانەی كۆماری ئیسلامی ئێران كە پێشەنگی دانوستان و گفتوگۆی نەهێنی و ئاشكرابون لەگەڵ ئەمەریكا سەر بە باڵی ریفۆرمخوازان ئەژمار دەكرێن بۆیە بۆچونێكی باو هەیە كە ریفۆرمخوازان بەرەو رۆژئاوا هەنگاو دەنێن و محافزكاران بەرەو رۆژهەڵات لە كاتێكدا دروشمی سەرەكیی كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1979) واتە ئەو كاتەی دەسەڵاتی پاشایەتیی لەئێران كۆتایی پێهات (نە رۆژئاوا نە رۆژهەڵات، كۆماری ئیسلامی ئێران) بوو ئەوەی ئێستا دوای (42) ساڵ لە حوكمڕانی و سیاسەت لەو وڵاتە روودەدات پێچەوانەی دروشمە سەرەكییەكەیە چونكە لەلایەك باڵی ریفۆرمخواز بە رێككەوتنی ئەتۆمیی دانوستان و گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاوا و لەلایەكی دیكەشەوە باڵی محافزكار رێككەوتنی (25) ساڵە لەگەڵ چین و رێككەوتنی درێژخایەن و پێنج ساڵە كە (نوێ دەكرێتەوە) لەگەڵ روسیا دەكەن.

ئەوەی گرنگە بۆ ریفۆرمخوازان و بەشیكی بەرچاو لەخەڵكی ئێران بوژاندنەوەی ئابوریی وڵاتەكەیە، چونكە هەر هەنگاوێكی ریفۆرمخوازان بۆ رێككەوتن و دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا دەتوانێت دەستكەوتێكی ئابوریی گرنگ بەدوای خۆیدا بێنیت و بەمەش ئاستی بەشداریی خەڵك لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوی ئەو وڵاتە لە (18/6/2021) بەرز دەبێتەوە و ئەگەری سەركەوتنی ریفۆرمخوزان و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماریی بۆ ئەو باڵەی كۆماری ئیسلامی ئێران مسۆگەر دەكات.

عێراق تەنها پردی پەڕینەوەی ریفۆرمخوازانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ گەیشتنی بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاوا، بۆیە ئەمەریكا بەوردی و بەدیدێكی جیاواز و پێچەوانەی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا، دەیەوێت ئێران ناچار بكات بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی مل بۆ داواكارییەكانی واشنتۆن بدات و لە رێگەی باڵی ریفۆمخوازەوە دەستی باڵی محافزكارو سوپای قودس لەعێراق كورت بكاتەوە، دیپلۆماسی و ئاشتی ببێتە جێگرەوەی پلان و جمۆجۆڵە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكەدا.

 

سەرچاوەكانی هەواڵی عێراق لەزاری چەند بەرپرسێكی ئاگاداری دانوستانەكان لە بەغدا رایانگەیاندوە؛ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق راستەوخۆ رۆڵ دەگێڕێت بۆ نێوەندگیریی نێوان سعودیە و ئێران و هاوكات بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە دیدارێكی لەگەڵ دامەزراوەی (بەیروت ئەنیستیوت) كە راستەوخۆ بەئۆنلاین پەخش دەكرا، ئاماژەی بە خولی نوێی گفتوگۆكانی ئێران و سعودیە كردوەو رایگەیاندوە كە عێراق زیاتر لەجارێك میوانداریی ئەو دو وڵاتەی كردوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوانیاندا.

عێراق ئاو دەكات بەئاگری جەنگدا

عێراق بە رێكخستنی دانوستانی نهێنیی نێوان بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگریی سعودیە و ئێران لە رێككەوتی (9/4/2021) لەبەغدا هەلێكی گەورەی بۆ ئەو دوو وڵاتە رەخساند كە بتوانن گفتوگۆ لەسەر كێشە و گرژییەكانی پێنج ساڵی رابردویان بكەن چونكە لەساڵی (2016) و دوای هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران پەیوندییەكانی ئەو دو وڵاتە بە تەواوەتی راگیرابوو بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتەش بە بەردەوامیی لێدوانی توند و هەڕەشەئامێزیان دژی یەكتر دەدا بەڵام عێراق بە رێكخستنی ئەو دانوستانانەی كە بڕیارە بەردەوام بێت ئاوی كرد بەئاگری جەنگی نێوان ریازو تاراندا.

شاندی ئێران لەكۆبونەوەی نهێنیی نێوان ریازو تاران لەبەغدا پێنج كەس بون كە بەرپرسێكی باڵای سوپای قودس-ی تێدابوە و نوێنەری عەلی شەمخانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی كۆماری ئیسلامی ئێران سەرپەرشتیی تیمی دانوستانكار ئێرانی كردوەو لەبەرامبەردا وەفدی بەرپرسانی سعودیە شەش كەس بون كە لەلایەن خالید حومەیدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سعودیەوە سەرۆكایەتی كراوە.

بەرپرسانی عێراق ئاشكرایان كردوە كە ئەو كۆبونەوەی نێوان تاران و ریاز زۆر ئەرێنیی بوە، تەنانەت دور لەچاوەڕوانی هەردوو لایەنەكە بوە، بۆیە بڕیارە لەهەفتەی داهاتودا جارێكی دیكە خولی دوەمی ئەو كۆبونەوەیە لەبەغدا بەڕێوەبچێت و ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوای كۆبونەوەو دانوستانی بەرپرسانی هەواڵگریی و ئاسایشیی ریاز و تاران لەبەغدا تائێستا هیچ هەواڵێكی دانیشتن و كۆبونەوەی دیكەی نێوان بەرپرسانی سعودیە و ئێران بڵاونەبوەتەوە.

سەرچاوەكانی هەواڵی عێراق لەزاری چەند بەرپرسێكی ئاگاداری دانوستانەكان لە بەغدا رایانگەیاندوە؛ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق راستەوخۆ رۆڵ دەگێڕێت بۆ نێوەندگیریی نێوان سعودیە و ئێران و هاوكات بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە دیدارێكی لەگەڵ دامەزراوەی (بەیروت ئەنیستیوت) كە راستەوخۆ بەئۆنلاین پەخش دەكرا، ئاماژەی بە خولی نوێی گفتوگۆكانی ئێران و سعودیە كردوەو رایگەیاندوە كە عێراق زیاتر لەجارێك میوانداریی ئەو دو وڵاتەی كردوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوانیاندا.

رۆژنامەی (نیۆیۆرك تایمز)ی ئەمەریكی بەپشتبەستن بەچەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری عێراق ئاشكرای كردوە كە پێدەچێت گفتوگۆو دانوستانەكانی خولێكی دیكەی نێوان ئێران و سعودیە لەبەغدا بەردەوام بێت و دانوستانەكان لەئاستی باڵیۆزەكانی ئەو دو وڵاتەدا بەڕێوەبچێت.

ئێران لە دانوستانەكەی رابردویدا داوای لەسعودیە كردوە فشارەكانی بۆسەر هێزە چەكدارەكانی نزیك لە كۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق و سوریا رابگرێت و دەستبەرداری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ببێت و دژایەتیی رێككەوتنی ئەتۆمیی نەكات و لە بەرامبەردا ئێران بەڵێن بە سعودیە دەدات لە رێگەی ئەو كاریگەرییەی كە لەسەر هێزە چەكداراە حوسییەكانی یەمەن هەیەتی، هەوڵ دەدا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و رێككەوتن لەگەڵ سعودیە و لایەنەكانی دیكە لەیەمەن.

سەرچاوەكانی هەواڵی ئێران بە رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزیان راگەیاندوە ئەو گفتوگۆیانە لە ئەنجامی فشارەكانی ئەمەریكا لەبەرامبەر سعودیەدا بوە چونكە ئەمەریكا دەیەوێت ناكۆكییەكانی ناوچەكە بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێن و سەرنجی واشنتۆن لەسەر روبەڕوبونەوەی چین بێت بەڵام كێشە و ململانێكانی نێوان سعودیە و ئێران زۆر قوڵەو بەم زووانە چارەسەر ناكرێت.

خەونی ریفۆرمخوازان لە عێراق..

زەریف لە هەفتەی رابردودا دوای كۆبونەوەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان گەشتی بۆ (قەتەر،عوممان، كوەیت) كردو لەتویتێكیدا رایگەیاند:» هاوكات لەگەڵ گفتوگۆكانی ڤیەننا پێنج رۆژم لەچوار پایتەختی وڵاتانی عەرەبی تێپەڕاندوە، گفتوگۆی بەرهەمدارم لەگەڵ خۆشەویستان و براكانمدا ئەنجامداوە و هەمومان بەرەو دروستكردنی پەیوەندیی دولایەنی بەهێز و پەیوەندیی بونیادنەری ناوچەیی هەنگاو دەنێین».

لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا) بەناونیشانی (عێراق سەرەكیترین ئامانجی ستراتیژیكی ناوچەییە بۆ ئێران) راپۆرتێكی شیكاریی بۆ گەشتەكەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەروەی ئێران لەعێراق بڵاوكردوەتەوەو نوسیویەتی: زەریف هەوڵی دا بەسازكردنی دیدار لەگەڵ بڕیاربەدەستەكانی عێراق پەیامی ئاشتیخوازانەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەسعودیە و جیهان بگەیەنێت و ستایشی رۆڵی بەغدا بكات بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە.

محەمەد جەواد زەریف لەگەشتە دوو رۆژیەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ زۆربەی كاربەدەست و بەرپرسە باڵاكان و كەسایەتییەكانی (شیعە، سوننە، كورد) كۆبوەوە و لەگەڵ كەسایەتییە شیعەكانی وەك عەمار حەكیم و حەمود هومام دیداری كردوە وهاوكات لەگەڵ (نوری مالیكی، عادل عەبدولمەهدی، حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی پێشو و پێشوتری عێراق كۆبوەتەوەو لەو كۆبونەوەیەشدا حەنان فەتلاوی و هادی عامری ئامادەبون.

زەریف لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری دەرەوە چاوپێكەوتنی كردوەو چاوی كەوتوە بە خەمیس خەنجەر و ژمارەیەك سەرۆك خێڵی سوننە لەعێراق و دوای كۆبونەوە لەگەڵ نوخبەكانی زانكۆ لەعێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی) و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبوەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بارزانییەكان رایگەیاند؛ هەوڵدەدەن كە ئاستەنگەكان بۆ بەرفراوانبونی پەیوەندیی هەمەلایەنەی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان لابەرن و رێگریی بكرێت لەخۆشكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان.

پەیامەكەی زەریف بۆ كۆبونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم و هەروەها دانوستانی سعودیە و ئێران ئاماژەیەكی رونە كە كۆماری ئیسلامی ئێران و بەتایبەت باڵی ریفۆرمخواز پێش ڤیەننا هیوایان لەسەر بەغداو قوڵبونەوەی پەیوەندییەكانییان لەگەڵ عێراق و هەرێم هەڵچنیوە و ئامانجە سەرەكییەكانی ئەم گەشتەش لەبوژاندنەوەی ئابوریی ئێران و  زیندوكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان خۆی دەبینێتەوە بۆیە بەغدا بوەتە شوێنێك بۆ بەدیهاتنی خەونی ئێران بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە قوڵە سیاسی و ئابورییەكانی.

عێراق پردی پەڕینەوەی ستراتیژیە بۆ ئێران

گەشتەكەی زەریف كە بە چوارەم گەشتی وەزیری دەروەی ئێران لەماوەی هەشت ساڵی رابردو و لەدوو خولی كابینەی ریفۆرموخوازان بەسەرۆكایەتی حەسەن رۆحانی بۆ عێراق ئەژمار دەكرێت، دەرخەری ئەو راستیەیە كە باڵێكی كۆماری ئیسلامی ئێران لەژیر فشاری ئەمەریكا یان فشاری ئابوریی و سیاسیی ناوخۆدا پەنا بۆ گۆرانكاریی سیاسی و ستراتیژیی وڵاتەكەی بە هاوكاریی عێراق دەبات و دەیانەوێت بەستراتیژێكی نوێ لەسەر بنەمای كەمكردنەوەی گرژییە سەربازیی و سیاسییەكان، لەلایەك دراوسێكانی ئێران و لەلایەكی دیكە وڵاتانی رۆژئاواو ئەمەریكا دڵنیا بكەنەوەو بەم دڵنیایی و گۆڕانكارییە سیاسی و دیپلۆماسییە بەرەو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی و سەركەوتن لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوی وڵاتەكەیان بپەڕنەوە كەبێگومان دەبێتە هۆی بوژاندنەوەیەكی گەورەی ئابوریی بۆ ئێران.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار