چەند هەڵوێستێکی جوامێرانەی ساڵانی ١٩٦٠ـەکان

ئاوات نامیق ئاغا

4 ساڵ لەمەوپێش



ئاوات نامیق ئاغا- سلێمانی 

حوزەیرانی ٢٠٢١

تا ساڵی ١٩٨٥ لە سەرشەقامی سلێمانی لەگەڵ خێزانی حەمە سەعید ئاغای ئامۆزای باوکمدا کە هاوسەری ناهیدەخانی خوشکی باوکم بوو لەو حەوشە گەورە دوو دیوەدا ئەژیاین کە لە باب و باپیرانمانەوە بۆمان مابوەوە. (١) ئێمە لە دیوێکی خانوەکەدا سەربەخۆ بووین و ئەوانیش لە دیوەکەی تردا و هەموو یەک ماڵ بووین. زۆرجار نانخواردنیشمان یەک بوو، شەوانیش تا داڵەکە تێكڕا سەیری تەلەفیزیۆنمان ئەکرد. گەرچی ئەوان نێوانیان لەگەڵ مام ڕەمەزاندا زۆر خۆش نەبوو، کەچی پارشێویشمان پێکەوە ئەکرد.

من لە دایکمەوە کچەزای (شێخ عەبدولڕەحمانی شێخ ڕەشیدی سەرزەل) م. باپیرەم لە سەرەتای ١٩٦٠ کانەوە دێیەکی خۆی لە قەرەداغ جێهێشت و لە گوندی داریکەلی بازیان لە جێگە ماڵەکەی شێخ مەحمودی نەمردا گیرسایەوە و گەورەو تەنیا شێخی دێ بوو. ڕووناک خانی خوشکی دایکم، مارەبڕاو و دەزگیرانی کاک سیروانی میرزا ئەحمەد خەفافی (٢) پورزای خۆی بوو، بە واتایەکی تر یەکێکیان لادێ نشیین و ئەوی دیکەیان شاری بوو.

کۆتایی ساڵانی١٩٦٠کان شۆڕش لەوپەڕی ماڵوێرانی و سەختیدا بوو. جەلالییەکان (حزبییەکان- باڵی مەکتەبی سیاسی) لە ناو شارەکاندا بوون و هەرچی مەلاییەکان (پارتییەکان. باڵی لیژنەی مەرکەزی) یشە لە دێهاتەکان و دەری شار بوون. میللەت بە تەواوی بووبوون بە دوو بەرەی ناکۆکی دژ بەیەک.

کاک سیروان، سەر بە باڵی مەکتەبی سیاسی (حزبی- جەلالیی) بوو، و لەگەڵ کاک (نەوزاد عەلی قادر) دا (٣) دوو فەرماندەی مەفرەزەی باڵا دەست و چالاک و دیاری ناوشار بوون، و بە دوو پیکابەوە بە ناو سلێمانیدا ئەسوڕانەوە. بەو هۆیەوە کاک سیروان نەیئەتوانی سەردانی ماڵی باپیرەم، واتە خاڵۆی خۆی بکا، و پورم ببینێ مەگەر زۆر بە نهێنی و بەدزییەوە نەبووبێ. دێتە یادم جارێک کاک کەریمی مەنمی (٤) کە سەر لقی ٣ ی بازیانی ‌‌هێزی قەرەداخی پارتی (مەلاییەکان) بوو بە هاتنی ئەمی زانیبوو و خێرا خاڵەکانمی ئاگادار کردبووەوە کە ' ئەو ئەزانێ کاک سیروان لە داریکەلی لە ماڵیانە بۆیە تکای لێکردبوون ئاگاداری بکەن تا زووە لەو ناوە نەمێنێ، چونکە ناوچەکە هێزێکی زۆری لە بادینانەوە تێهاتووە و بەردەست بکەوێ ئەفەوتێ!'.

ماڵی ئێمە بنەی ماڵی باپیرەم بوو، هەموو کە ئەهاتنە سلێمانی لای ئێمە ئەمانەوە. پوریشم، بۆ بینینی دەزگیرانەکەی کە دیارە یەکدیان زۆر خۆش ئەویست جار جارە بە بیانووی نەخۆشی و سەردانی (دکتۆر عبدالرحمن الریس)(٥) وە ئەهاتە شار و هەر لای ئێمە بارگەی ئەخست. ئیتر کاک سیروانیش کە بە هاتنەکەی ئەزانی بەپەلە ئەهات، و تا درەنگانێک سەریان ئەکرد بەیەکدا و خواخوای بوو نەڕواتەوە! بەو جۆرە زۆربەی بەیانیان، هەر شەبەقی لە بۆنی مەنجەڵە گیپە یان جگەری برژاو خەبەرمان ئەبۆوە و ئێمەیش نانمان ئەکەوتە ڕۆنەوە! حەمە سەعید ئاغاش کە هەمیشە بە ڕووە گەشەکەی و لەبزە شیرین و قسە خۆشەکانی ئەناسرایەوە، خێرا خێرا لێی ئەپرسی، 'ڕووناک خان گیان، مەعیدەکەت چۆن بوو؟ یا خوا، خوا ڕەحمت پێ بکا!' و ئەبووە بە بەزمی پێکەنین.

ئێوارەیەک کاک سیروان کە پەیدابوو زۆر شپرزە و بەپەلە بوو، وا دێتە یادم سینییەک کەبابیشی لەگەڵ دەستییدا هێنابوو، و ویستی خێرا بڕوا و بەنگ نەبێ. تومەس ئەو ڕۆژە زمان لە عەبدوڵڵا ئاغای حەمە ئەمین ئاغای زییە (٦) ی سەر بە باڵی مەلاییەکان درابوو، کە بەنهێنی خۆی کردۆتەوە بە ناو شاردا و ئەمیش ڕاسپێردرابوو لە هەرکوێیەکە دەستگیری بکات!

کاک سیروان جگە لە پەیوەندی خزمایەتی، هاوتەمەن و هاوڕێی نزیکی کاک نیاز و کاک نەورۆزی حەمە سەعید ئاغای پورزاشم بوو(٧). بۆیە ئەو ڕۆژە کە پێیان زانی لە ماڵی ئێمەیە، بەمندا وەڵامیان بۆ نارد کە بێت و لەودیو کۆنکەن بکەن. وەڵامەکەی ئەمیش ئەوە بوو کە ناتوانێ و پەلەیەتی ئەبێ بڕوا.

دواتر پاش چەند جارێک ئەم سەر و ئەوسەر، ناچار خۆیان هاتن بە شوێنیدا و بەگاڵتەیەکەوە وتیان ' دە وەرە ئەودیو، هەی ژنانی!'. ئەم نەیئەویست پێیان بڵێ کە پەلەپەلییکەی لەبەر چییە، و فەرمانی گرتن (امر بالقبض)ی عەبدوڵڵا ئاغای پێیە، چونکە ئەیزانی کە ئاغا هاوڕێی خوێندن و نزیکی هەردووکیانە بەڵام سەرەڕای ئەوە دڵی نەشکاندن و وتی 'ئێوە بڕۆن وا منیش دێم!' ئەوان پێشکەوتن و ڕۆیشتنەوە ئەو دیو، ئەمیش هەر ئەوەندەی جگەرە خۆڕێکی پێ نەچوو گەیشتە لایان!

کە کاک سیروان چووە ئەو دیو، بینی وا لە ژووری پشتەوەیان کاک نیازو کاک نەورۆز دانیشتوون و لەگەڵ عەبدوڵلا ئاغا پێکەوە خەریکی کۆنکەنن! دیارە بۆ ماوەیەک ئاغا و خەفاف سەرسامی دایگرتن و پەشۆکان، بەڵام بێگومان بوونی هەردووکیان لەو ماڵەدا و لێکدانەوەی کەسێتی و کوردبوون هەموو هاوکێشە حیزبیە بەرتەسکەکانی پێچەوانە کردەوە. دوای ماوەیەک بێدەنگی و ئەنجا سڵاو و یەکتر بەخێرهێنان، کاک سیروانیش چوارمەشقی لەگەڵیان دانیشت، وەرەقەیان بۆ ئەویش کردەوە و یاری گەرم بوو.

ئەوشەوە دوور لە باس و خواستی سیاسەت تا بەرەبەیان چوار قۆڵی لەو ژوورەدا کۆنکەنیان کرد. تاریک و ڕوون، دوای خواحافیزی گەرم و گوڕ کاک سیروان بە ئاغای وت لە کوێوە بڕواتەوە، سەلامەتە و کەمینی لێ نییە!

من نازانم بۆ هەموو جار ئەم ڕووداوە چیرۆکی(ناوبژی کردنەکەی دایکم)ی فریتز فینیکنی چیرۆکنووسی ئەڵەمانیم بیر ئەخاتەوە کە مامۆستا تەها بابان لە گۆڤاری (المختار) وە لە عەرەبیەوە وریگێراوە و ساڵی ١٩٧٧ لە کتێبی 'فریشتەکانی سەرزەمین' دا بڵاوی کردەووە؟! ئەو خانمە هەژارەی لەگەڵ کوڕەکەیدا، گەرمەی جەنگی جیهانی دووەم لە جەژنی لە دایکبوونی مەسیح ساڵی ١٩٤٤ لە دێیەکی تەریکی یەکماڵەدا، خواردنێکی گەرم و ساکار لە ئێوارە بەفرین و تووشەدا ئامادە ئەکا و لە ژێر بنمیچی کوخەکەیدا بەبێ کێشە سەربازەکانی سوێندخۆران و نازییەکان پێکەوە بۆ خوانەکەی کۆئەکاتەوە و دواتر بە دۆعاخوازی لێک جوێ ئەبنەوە و هەرکەس بە ڕێی خۆیدا ئەڕوا!

ئەم بەسەرهاتانە بۆ خۆیان وانەی گرنگن بۆ ئەوانەی ئێستا لە بری کوردایەتی، حیزبایەتی ئەکەن تا تێبگەن لە ساتە هەرە دژوار و تاریکەکانیشدا با دەسەڵاتداریش بین و لێکیش زویر بین، ئەتوانین مرۆڤ بوون و هاوخوێنی و کورد بوون پێش هەمو شت بخەین، و هەمیشەش بەشی دۆستایەتیی و ئاشتبونەوەی تێدا بهێلینەوە. بۆیە ئەشێ لە بیروڕادا جودا بین کەچی یەکدیشمان خۆش بوێ و پێکەوە بژین!

پەراوێز:

(١) حەوشەی سەرشەقام هێندە دڵگیر و گەورە بوو، هەمیشە لە خزم و میوان و درواسێ جمەی ئەهات. پێشتر ماڵی ئیبراهیم ئاغای مامیشم هەر لەو حەوشەیەدا بوون و دواتر چوونە گەڕەکی سەرکارێز، ئەنجا قادر ئاغای ئامۆزای باوکم هاتە جێگەیان بەڵام ئەویش بەهۆی گواستنەوەی وەزیفەکەی بە خێزانی دەوروبەری ١٩٦٧ چوونە بەسرە.

(٢) ڕووناک خان، (١٩٤٦- دیسەمبەری ٢٠٢٠). کاک سیروان خەفاف، (١٩٤١- مارتی ٢٠٠٣) کەسێکی نهێنی پارێزو خۆ دەرنەخەر بوو. ئەو پیاوە بۆ تەنها جارێكیش بەسەرنەکرایەوە، و زۆر بە هێمنی و بێناز سەری نایەوە.

(٣) کاک نەوزاد عەلی قادر ئاغا (نەبەز) دواتر ساڵی ١٩٦٩ لە شاخی هەلاج لە شەڕی براکوژیدا ٢/١٠/١٩٦٩ شەهید کرا و تەرمەکەی ماوەی شەش مانگ بۆ خۆراکی قەل و داڵ بە کێوەوە مایەوە، دوای ڕێکەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە تورەکەیەکدا ‌هێنایانەوە سلێمانی.

(٤) کاک کەریمی مەنمی: (کەریم حەمە شاکر)، برای حاجی مستەفای لەنجاوە بوو. کەسێکی بەڕێزو بە هەیبەت و قۆزی چوارشانە و چاوکاڵ بوو. سێپتەمبەری ١٩٨٤ لە سلێمانی وەفاتی کرد.

(٥) دکتۆرعبدالرحمن الریس، دکتۆری نەشتەرگەریی و هەناو، خەڵکی میسر بوو، هاوسەرەکەی دکتۆرعائدە نوری خەڵکی سلێمانی بوو، یەکێک بوو لە کەسە دڵسۆزەکانی شار و نۆرینگەکەی لەسەر شەقامی پیرەمێرد سەروو شیرینی هەورامان، تەنیشت ستودیۆ گۆیژە بوو، بە داخەوە خۆی و هاوسەرەکەیشی کۆچی دواییان کردووە.

(٦) عەبدوڵڵا ئاغای حەمە ئەمین ئاغای زییە، برای هەریەک لە فەتاح ئاغای فەرماندەی قارەمانی پێشمەرگە کە ساڵێ ١٩٨٠ شەهید کرا، و دکتۆر ڕزگار کەلە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا لە خازر شەهید کرا. عەبدوڵڵا ئاغا ئەندازیاری مەدەنی و فەرماندەی پێشمەرگەی پارتی، پایزی ١٩٨٧ بە نهێنی لە ماڵێکی گەڕەکی بەختیاری، سلێمانی حەشار درابوو، ناپاکی لێکراو هەر لە ناو ماڵەکەدا شەهیدیان کرد.

(٧) کاک نیاز حەمە سەعید ئاغا دوا وەزیفەی بەرپرسی بەشی سیاسی ئاسایشی گشتی هەرێم بوو و ئێستا فەریقی خانەنشینە، و لە هەولێر دائەنیشێ، کاک نەورۆز حەمە سەعید ئاغا ئەندازیارە و دوا وەزیفەی ١٩٩٠-١٩٩٦ سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بوو، و ئێستا خانەنشینە.

رووناک شێخ عه‌بدوره‌حمان

کریم حمە شاکر مەنمی

شەهید عەبدوڵلا حمە میناغای زییە

نیاز و نه‌ورۆز حه‌مه‌ سه‌عید ئاغا

سیروان خه‌فاف

نه‌وزاد عه‌لى قادر ئاغا(نه‌به‌ز)

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار