باج و رسوماتی حكومەتی هەرێم نرخی بەنزینی بەرزكردووەتەوە
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی:
3 ساڵ لەمەوپێش
ماردین نورەدین
لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا هەرسێ جۆرەكەی بەنزین بۆ هەر لیترێك (25) دیناری دیكە زیادكرا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كە باج و رسوماتی حكومەتی هەرێم نرخی بەنزینی بەرزكردووەتەوە.
لەئێستادا بەرمیلێك خاوی برێنت بە (74) دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت، بەڵام نرخی بەنزین تادێت لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەكرێت، بەشێوەیەك لەدوو هەفتەی رابردوودا یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لەبەنزینخانەكاندا بە (750) دینارو موحەسەن بە (825) دینارو سوپەر بە (875) دینار بوو، بەڵام لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا هەرسێ جۆرەكەی بەنزین هەر لترێك (25) دیناری دیكەی خراوەتەسەر بەبێ ئەوەی نرخی نەوتی خاو بەرزتر ببێتەوە.
ئازاد حەمەئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێززگای سلێمانی بە هاوڵاتى راگەیاند» ئێستا پاڵاوگەكانی هەرێم نەوتی خاو لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە وەرناگرێت واتا نەوتی خاو لەعێراق وەردەگرن و بەرهەمەكەشیان دەدرێت بەو لایەنانەی كەنەوتی خاویان دەدەنێ لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەمە خاڵێكی گرنگ و سەرەكییە».
هەروەها وتیشی:» خاوەن هەموو بەرهەمە هاوردەكان باج و رسوماتی لەسەر دانراوە، بەنزین مادەیەكی سوتەمەنییە كە بەڕێژەیەكی زۆر بەكاردەهێنرێت تەنیا لەسلێمانیدا زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو لیتر بەكاردەهێنرێت، ئەمەش بەهەمان شێوە حكومەتی هەرێم باج و رسوماتی دەخاتە سەر، ئەم دوو خاڵە راستەوخۆ پەیوەندی بەحكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە».
هەروەها سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ هاوڵاتى دەڵێت:» وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لێی بەرپرسەو ئامادە نییە دەعمی دارایی بەنزینخانەكان بكات یان نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەكان».
نافیز مستەفا سەرۆكی لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتیشی:» وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەرپرسیارە، دەتوانن رێنمایی بۆ پاڵپشتی دارایی بۆ بەنزینخانەكان رێكبخەن لەبەرئەوەی ئێستا لەلای حكومەتی عێراق لیترێك بە (450) دیناردەفرۆشرێت و دەعمی داراییان دەكات، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكان حەوت ساڵە پاڵپشتی دارایی راگرتووە».
سەبارەت بەچۆنیەتی چارەسەركردن و دابەزاندنی نرخی بەنزین نافیز مستەفا پێیوابوو كە چارەسەری خێرا ئەوەیە كە حكومەت خۆی نەوت بۆ پاڵاوگەكان دابین بكات، بەنرخێكی گونجاو بدرێتەوە بە هاووڵاتیان.
هاوكات ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێیوابوو كە حكومەتە خۆجێییەكان دەتوانن دەستیان تێیدا هەبێت و تەدەخولی بازاڕ بكرێت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین.
رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە هاوڵاتى راگەیاند:» حكومەتە خۆجێییەكان دەتوانن دەستیان تێیدا هەبێت، هیچ نەبێت تەنیا بۆ راگرتنی باڵانس یان تەنیا بەو رێژەیە بەرزبێتەوە كە لەبازاڕەكانی دەرەوە بەرزدەبێتەوە، ئەو هۆكارەنە بریتین لەتەداخولكردنی بازاڕ بۆ بەنزین و سوتەمەنی و دەرمان و پێداویستی پزیشكی و گەنم و بەرهەمەكانی».
زەكی جەختی لەوەشكردەوە كە ئەو ماددانە پێویستە جێنەهێڵدرێت بۆ كەرتی تایبەت و بازرگان و سەرمایەدارەكان بڕیاری نرخی تێدا بدەن، بەڵكو حكومەت تەداخولی راستەوخۆی تێدابكات كەپەیوەندی بەئاسایشی نەتەوەیی و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە.
رێكەوتن زەكی ئەوەشی دووپاتكردەوە لەڕێگەی تەدەخولكردنی بازاڕەوە رێژەی قازانج بۆ بازرگانەكان دیاری بكرێت و كارئاسانی بكرێت بۆ هاوردەكردنی بەنزین» ئەو دەسەڵاتی كۆنتڕۆڵكردنە زیاتر لای حكومەتە خۆجێیەكانە بەتایبەتی دەسەڵاتی هێنان و پێدانی مۆڵەتی داخڵكردنی سوتەمەنی لای پارێزگارەكانە»