شێروان شێروانی؛ لەلایەن ئاسایشەوە ئەشكەنجە دەدرێت
«ئاسایشی هەولێر دوو هەفتەیە ئەشكەنجەی رۆژنامەنووسە سزادراوەكانی بادینانی دەستپێكردووە»
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
خێزانی شێروان شێروانی دەڵێت:» شێروان بەتەلەفون پێی وتم كە لەلایەن ئاسایشەوە ئەشكەنجە دەدرێن»، تیمی پارێزەران و كەسوكاری سزادراوانی دیكەش ئەو ئەشكەنجەیە دووپاتدەكەنەوە كە ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە بەردەوامە.
خێزانی شێروان شێروانی ئاماژە بەدەدات شێروان پەیوەندی كردووەو داوای كردووە قسەكانی بگەیەنێتە راگەیاندنەكان و پارێزەران و كەسانی مافپەروەر كەڕۆژانە ئەشكەنجەی دەرونی و جەستەیی دەدرێن.
روكەش جەباری، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» شێروان رۆژی شەممە حەوتی ئاب پەیوەندی كردووەو داوای كردووە قسەكانی بگەیەنرێتە پارێزەرەكەی و راگەیاندنەكان و رای گشتی كە ماوەی دوو هەفتەیە ئەشكەنجە دەدرێین».
هەروەها وتیشی:» شێروان وتی خواردنمان لێ دەگرنەوەو ساردیەكانمان لێ دەكوژێننەوەو لەگەرمایە وەزعمان زۆر خراپە بەپارێزەران بڵێ تا بەهانامانەوە بێن».
نوێنەری زیندانیانی بادینان دەڵێت:» لەدوای دادگایی كردنەكەی رۆژی 29ی مانگ كە شایەتیەكەیان هەڵوەشاندۆتەوەو وتوویانە متمانەیان بەئاسایشی پارتی و دادگا نەماوە لەتۆڵەی ئەوەدا لەو رۆژەوە تائێستا زیندانیان خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و ئەشكەنجە دەدرێن».
ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» هۆكاری ئەو سزادان و ئەشكەنجەدانانە، دوای ئەوە بووە كە لەدادگا زیندانیان وتوویانە ئێمە نەخێر متمانەمان بەئاسایشی پارتی نیە و متمانەمان بەدادگا نیەو ئەمانە پەنجەیان بەرزكردۆتەوەو رایانگەیاندووە بژی ئازادی و بمرێت دیكتاتۆرو قەرەباڵغی و دەنگەدەنگ دروست بووەو دوای ئەوە كە براون بۆ زیندان ئەشكەنجە دراون وەك تۆڵە سەندنەوەیەك لەدژی ئەو بەرخودان و ئازایەتیەی بەرامبەر خەڵك و پەرلەمانتارو كەسوكارەكانیان نیشانیانداوە».
نوێنەری زیندانیانی بادینان، زیاتر روونیكردەوە كەڕۆژی ٢٩ی مانگ دادگایی كردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشكی بوو زیندانیەكانی تر (شڤان سەعید و شێروان شێروانی و ئاریوان عیساو گۆدار زێباری) وەك شایەت لەسەریان هێنرابوو كە شایەتیان لەسەربدەن كە ئەمانە تێكدەرو تیرۆریستن و ویستوویانە تەقینەوە بكەن و ئەوانیش ئەو شایەتیەیان رەتكردووەتەوەو و رایانگەیاندووە «لەژێر فشاردا 50 وەرەقەیان پێ واژۆ كردووین كە نەمانزانیوە ئەمە چییەو رێگەیان نەداوە بیخوێنینەوە».
نوێنەری زیندانیانی بادینان، ئەوەشی دووپاتكردەوە هێشتنەوەی بەندكراوان لەدەرەوەی یاسایە و پێویستە ببرێنە چاكسازییەكان نەك تائێستا لە لای ئاسایشی هەولێر بمێننەوە.
هاوكات ئەم هەفتەیە تیمی پارێزەرانی چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان بانگەوازێكیان بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و دەڵێن « سزادراوانی بادینان (رۆژنامەنوس و چالاكوانان ) زۆر ئەزیەت دەدرێن و فشاری زۆیان بۆ دەهێنرێت»، تیمەكە داوای بەهاناوەچوونی كردووە.
بانگەوازەكەی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان، شەممە 7ی ئابی 2021، ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی پەرلەمان كوردستان، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان، فراكسیونە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق، دەستەی مافی مرۆڤ و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە.
تیمی پارێزەران داواشیكردوە بەزووترین كات سزادراوەكان بگوازرێنەوە بۆ چاكسازی گەورانی هەولێر یاخود چاكسازی زەڕكا لەدهۆك كە بەپێی یاسا دوای سزادانی هەر راگیراوێك دەبێت بگوازرێنەوە چاكسازی و وەك هەر زیندانیانی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و رادەستی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بكرێن.
محەمەد عەبدوڵا، تیمی پارێزەری زیندانیانی بادینان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «ئێمە لەڕێگەی هاوسەری شێروانەوە زانیاریمان پێگەیشتووە كە ئەشكەنجە دەدرێن و باری دەروونییان باش نیە».
وتیشی» نووسراومان ئاراستەی هەموو لایەنە بەرپرسەكان كردووە بەپیر بەندكراوانەوە بچن و ئەو ئەشكەنجەدانە راگرن».
ڕۆژی 29ی تەمموز رۆژی دادگایكردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشكی بوو كە لەناو هۆڵی دادگادا لەلایەن زیندانیان و كەسوكارو ئامادەبوانی ناو هۆڵی دادگاییەكەوە دروشمی بژی ئازادی و بمرێت دیكتاتۆر دەوترایەوەو دادگاییەكە دواخرا.