‌سوپای توركیا لەبادینان تەقەو هەڕەشە لەخەڵك دەكات

كونسوڵی توركیا لەبارەی تەقەكردن لەهاووڵاتیانی گوندەكانی بادینان وەڵامی پارێزگاری دهۆك ناداتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



پ. دهۆك

سوپای توركیا لەماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 11 خاڵی سەربازیی لەسنوری ناحیەی كانێ ماسێ جێگیركردووەو لەم هەفتەیەدا تەقەو هەڕەشەیان لەهاووڵاتیانی گوندی هرور كردووەو كونسوڵی توركیا لەهەرێمیش وەڵامی پارێزگاری دهۆك ناداتەوە.

هاووڵاتیەكی گوندی هرور دەچێتە دەوروبەری گوند بەمەبەستی كردنی هەندێك گژوگیا بۆ مەڕو ماڵاتەكەی، سوپای توركیا تەقە لەو كەسە دەكەن و دوای ماوەیەك شوێنەكە بەجێدەهێڵێت، دووری شوێنی ئەو دانیشتووەی گوندی هرورەو ناوەندی گوند تەنها 300 مەتر بووە.

هەروەها جاری دووەمیش دوو كەسی دیكەی گوندی كێستە بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی بۆری ئاوی گوندەكەیان دەچن، بەڵام سەربازانی توركیا رێگەیان نەداوە بچنە ناو گوندەكەو بۆری ئاوی گوندەكیان نۆژەن بكەنەوە، هەڕەشەی كوشتنیان لێكردوون ئەگەر جارێكی دیكە بگەڕێنەوە.

ئەدیب موسا، تەمەن 59 ساڵ، دانیشتووی گوندی هرور باسی رووداوەكە بۆ هاوڵاتى دەكات و وتی:» لەگەڵ كوڕێكم رۆیشتین بۆ دەوروبەری گوند بەمەبەستی كردنی هەندێك گژوگیاو بڕینی چلی لەداری بەڕوو، دوای چەند خولەكێك سەربازانی توركیا بەچەكی سووك تەقەیان لەئێمە كرد، یەكسەر شوێنەكەمان بەجێهێشت و گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە، ئەگەر زوو شوێنەكەمان بەجێنەهێشتبا یان بریندار دەبووین یان دەیانكوشتین».

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد پێش دوو رۆژ هەر لەگوندەكەیان هاووڵاتیەك دەچێتە سەر جوگەی ئاوی گوند بەمەبەستی ئاودانی باخەكەی، بەڵام سوپای توركیا تەقەی لێدەكەن و دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بەم شێوەیە باخەكەی وشك بووە، وتیشی:» لەگوندی كێستەش كە نزیكە لەئێمە سوپای توركیا هەڕەشەی كوشتن لەدوو كەس دەكەن، ئەو دوو كەسە بەنیاز بوون بچن بۆ گوند بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی بۆری ئاو، بەڵام سەربازانی توركیا رێگا بەئەوان نادەن و هەڕەشەی كوشتنیان لێدەكەن» .

ئەدیب موسا ئەوەشی خستەڕوو كە زیاتر لەسێ مانگە بەردەوام ناوچەكەیان بۆردوومان دەكرێت، «تائێستا سەرووی هەزار تۆپ لەدەوروبەری گوند دراوە ، نزیكەی 55 خێزان لەناو گوندی هرور دەژین، تائێستا هیچ كەسێك گوندەكەی بەجێنەهێشتووە، هیچ شتێكمان ناوێت تەنها دەمانەوێت واز لەئێمە بێنن بۆ خۆمان بژین، بەداخەوە هیچ كەسێك قسە ناكات، بەرپرسانی هەرێم و بەغدا بێدەنگن وابڕوات مەترسی زیاتر دەبێت بۆ سەر دانیشتوانی گوندەكانی سنوری ناحیەی كانێ ماسێ«.

سوپای توركیا دەیان كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی داگیركردووەو دەیان گوند چۆڵكراون و دانیشتوانی چەند گوندێكی دیكەش لەترسی بۆردومان ناتوانن بچنە سەر كارەكانیان.

سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «پێنج رۆژە چوار گوندی سنوری ناحیەی كانێ ماسێ بێ كارەبا ماونەتەوە، ئەوانیش (ئەدنێ، دێشیش، سەرەرۆ، ئورە ) چەند جارێك تیمەكانمان سەردانی ئەو گوندانەیان كردووە بەمەبەستی چاككردنەوەی كارەباكەیان، بەڵام لەبەر بەردەوامی شەڕی توركیاو پەكەكە، سوپای توركیا تەقەشیان لەتیمەكانمان كردووەو ناچاربوون بگەڕێنەوە».

بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ ئەوەی دووپاتكردەوە كەسوپای توركیا تەقە لەدانیشتوانی گوندی هرور دەكات، وتیشی:» لەهەمووشی خراپتر خەڵكی ئێمە بەتایبەت لەگوندی هرورێ دەچنەناو باخەكانیان، بەڵام سوپای توركیا تەقەیان لێدەكەن و ناتوانن ئیشەكانی خۆیان بكەن».

«لەسەر تەقەكردنی سوپای توركیا لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ ئەوەی بزانین هۆكاری تەقەكردنی ئەوان چیە، ئاگاداری قایمقامیەتی قەزای ئامێدیشمان كردووە ئەوانیش ئاگاداری پارێزگای دهۆكیان كردووە، بەرپرسانی پەیوەندیدار ئەم بابەتەیان گەیاندووەتە كونسڵی توركیا لەهەرێمی كوردستان، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووەتەوە» سەربەست سەبری وای وت.

بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ هێما بۆ زیانەكانی شەڕی نێوان سوپای توركیاو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەكات كە لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەكە 22 هەزارو پێنجسەد دۆنم زەوی ئاوی و وشكانی سووتاونو   زیاتر لەحەوت ملیار دیناریش زیانی دارایی خەمڵێندراوە .

حكومەتی عێراق دوای هێرش و داگیركارییەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم لەناوچەكانی بادینان چوار خاڵی سەربازیی داناوە، بەڵام نەتوانراوە رێگری لەهێرش و داگیركارییەكانی سوپای تورك بگیرێت.

بەڕێوەبەری ناحییەی كانێ ماسێ ئەوەی دووپاتكردەوە كە بۆ رێگەگرتن لەتەقەی جەندرمەی توركیا لەدانیشتوانی گوندەكانی بادینان پاسەوانی سنوری عیراق خاڵێكی دیكەی سەربازیی دادەنێت، بەڵام هێشتا تۆپباران و گرژییەكان بەردەوامەو ژیانی دانیشتوانی گوندەكان ئاسایی نەبووەتەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار