دەسەڵاتدارانی توركیا؛ كودەتایەكی نوێ بەڕێوەیە
ئۆپۆزسیۆن دەڵێت بۆ داپۆشینی شكستیانە لەكوژانەوەی ئاگرەكان و زیانگەیاندن بەئابووری وڵات
3 ساڵ لەمەوپێش
نامۆ سەربەست
دەسەڵاتدارانی حزبەكەی ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمان دەڵێن كودەتایەك لەوڵاتەكەیاندا بەڕێوەیەو بۆ ئەو مەبەستەش دوای ئاگركەوتنەوەكەی توركیا سەدان كەس دەستگیركراون.
هیلال كاپلان مامۆستای دەروونناسی و رۆژنامەنوسی دیاری نزیك لەدەسەڵات و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی میدیایی تەرەتەی توركیی، لەڕۆژنامەی دەیلی سەباحدا وتارێكی بەو ناونیشانەوە بڵاوكردەوەو ئەوە بووە سەرەتای دەستپێكی هەڵمەتێكی راگەیاندن و سیاسییەكانی ئاكەپەو جەهەپە، كەئەگەری كودەتایەكی نوێ لەتوركیادا هەیە.
كاپلان لەوتارەكەیدا دەڵێت ئەو ئاگرانەی ماوەیەكە توركیای گرتووەتەوە:»دەكرێت وەك بیانویەك بەكاربهێندرێن بۆ هەوڵی كودەتایەكی سەربازیی».
نووسەرەكە ئاماژەی بەئەوە كردووە پێشبینییەكەی دوای ئەوە دێت كە ستفین كوك شارەزا لەسیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سێ رۆژ بەر لەدەستپێكردنی ئاگرەكان، لەوتارێكدا كە لەڕۆژنامەی فۆرین پۆلیسی بەناونیشانی (درزەكانی رژێمی ئەردۆغان لەزیاتربووندایە)، تیشكی خستەسەر خاڵە لاوازە بەرچاوەكانی حكومەتەكەی ئەردۆغان و لاوازبوونی زیاتری رژێمی توركیا و باسی لەوەشكرد توانای ئەردۆغان بۆ سەپاندن و پاراستنی دەسەڵاتەكەی لەسەرتاسەری توركیادا لاواز بووە و ئەوەش ئەگەری روودانی ناڕەزایی فراوان و زیاتربوونی توندوتیژی و كێبڕكێ سیاسییەكان زیاتردەكات.
كاپلان لەوتارەكەیدا دەڵێت:»ئەوانەی چاودێری دەزگا راگەیاندنە رۆژئاواییەكان دەكەن، دەزانن ستیفن كوك یەكێكە لەسێ دژترین نووسەرەكان بەتوركیا، ئەو نووسەرە وتارێكی نووسیوە بە ناونیشانی چۆن ئەردۆغان توركیای كردووەتە وڵاتێكی سوڵتەوی و هەوڵدەدات بیانوو بۆ كوشتنی 251 كەس بهێنێتەوە لەلایەن كودەتاچییەكانەوە «.
كاپلان كەسەرپەرشتیی چەند لیژنەیەكی ئەلكترۆنیی ئاكەپە دەكات بەناوی (گروپی ماسیخۆرە) و كاریان هێرشی ئەلكترۆنییە بۆ سەر ركابەر و ئۆپۆزسیۆنەكانی ئاكەپە، لەوتارەكەیدا نووسیویەتی:»هەمان فێل دووبارە دەكەنەوە بەوەی تۆمەتبارم بكەن بەبڵاوكردنەوەی تۆقاندن، وەك ئەوەی چوار مانگ پێش 15ی تەمموزی 2016 باسی ئەگەری كودەتام كرد، بەڵام من پێتان دەڵێم جوڵەی نامۆ هەیەو ئێمەش ئامادەین».
دوا بەدوای كاپلان محێدین ئەتامان، مامۆستای زانستە كۆمەڵاتییەكان لەزانكۆی ئەنقەرە و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی سەنتەری لێكۆڵینەوەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی، وتارێكی بڵاوكردەوە بەناونیشانی (ئایا ئاگری دارستانەكانی توركیا كودەتایەكی نوێیە دژی حكومەت؟). تیایدا باس لەوە دەكات ئاگرەكان بە ئەنقەست لەلایەن پەكەكەوە كراونەتەوە و بوونەتە بیانوو بۆ گێرەشێوێنان تا توركیا وەك دەوڵەتێكی لاواز نیشان بدەن و هەوڵی كودەتا بدەن.
لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا چەندین وتارو بەرنامەو راپۆرتی تەلەفزیۆنیی تریش نووسران و پێشكەشكران، دواتریش پارتی دادو گەشەپێدان لەشاری ئەستەنبوڵ، كۆڕێكی گرت بەناونیشانی، (نمونەی دادو گەشەپێدان لەبەمەدەنیكردنی دەوڵەتی توركیاو شكستپێهێنانی كودەتا سەربازییەكان) تیایدا چەندین سیاسیی و نووسەر بەشدارییانكرد. لەكۆڕەكەدا یاسین ئاكتای راوێژكاری رەجەب تەیب ئەردۆغان وتی:»كودەتا رێگایەكی ناشەرعییە بۆ گەیشتنە حكوم، چارەسەری راستەقینە بەڕێگای پەرلەمانی و سیاسی دەبێت».
هەروەها وتیشی:» كودەتا بەسەر دەستورو دامەزراوەكاندا دەبێت و ئەوەش سەری گەندەڵییە، چونكە كودەتا دزین و پێشێلكردنی هەموو پێوەر و نرخ و دەستورەكانە، گەلی توركیا لەكودەتا تێگەیشتووە و رەتی دەكاتەوە».
لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتەی دەسەڵاتدا، خەڵك و ئۆپۆزسیۆنی توركیاو چاودێرە دەرەكییەكان دەڵێن، ئەوانە تەنیا بۆ شاردنەوەی شكستی حكومەتە لەچارەسەری ئاگرەكاندا، بەتایبەتی ئەو رەخنانەی لەخودی ئەردۆغان گیران لەپای سەردانی بۆ ناوچە سوتاوەكان بەهێزێكی پاسەوانیی زۆرو دابەشكردنی كیسە چا بەسەریاندا.
لەلایەكی ترەوە هەوڵی دەسەڵاتە بۆ زیاتر بێدەنگكردنی دەنگە ناڕازییەكان و ئۆپۆزسیۆن بەناوی پشێوینانەوە و بڵاوكردنەوەی ترس و دژایەتیكردنی دەوڵەتەوە.
هاوكات بیانویەكی بەهێزە بۆ بەردەوامیی ئەردۆغان لە لەسەركارلابردنی ئەو فەرماندە سەربازییانەی گومانی لە وەلائیان هەیە بۆ خۆی، ئەوەبوو رۆژی 5ی ئاب و لەگەرمەی هەڵمەتەكەدا 30 فەرماندەی سەربازیی بەپلەی جەنەراڵ و ئەدمیراڵ خانەنشینكرد.
لە 27ی تەمموزەوە ئاگرەكانی دارستانەكانی توركیا بەردەوامە، جیاوازیی لێدوانی بەرپرسە توركەكان سەبارەت بەژمارەی ئاگرەكان و كوژاندنەوەیان، ناجێگیریی دەرونی خەڵكی ئەو وڵاتەی زیاتر كردووە. هەندێكیان دەڵێن 150 ئاگرەو هەندێك دەڵێن 210 ئاگرە و 200یان كوژێنراوەتەوە.
هەروەها 9ی ئاب بەكر باكدمیریلی وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا رایگەیاند، تەواوی ئاگرەكان كوژێندراونەتەوە، بەڵام فەخرەدین ئەڵتۆن سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی كۆمار وتی 239 ئاگر بووەو هێشتا 5 یان بەردەوامە.
بەوتەی ئەڵتۆن شەش هەزار كەس و 16 فڕۆكەو 9 درۆن و 65 هەلیكۆپتەرو 850 ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە، بەشدارن لەهەڵمەتەكەدا.
لەسەرەتای كەوتنەوەی ئاگرەكاندا (ئەوكات هێشتا ئاگر لە یۆنان نەكەوتبوەوە) حكومەتی یۆنان ئامادەیی بۆ هاوكاریكردنی توركیا دەربڕی و رایگەیاند ئەوان پێشتر چەند جارێك رووبەڕووی ئەو دۆخە بوونەتەوە و شارەزاییەكی زۆریان لەو بوارەدا هەیە، بەڵام توركەكان دەستپێشخەرییەكەی ئەوان و ئیسرائیلیشیان رەتكردەوە. لەبەرامبەردا سێ فڕۆكەی روسییان بۆ ماوەی 153 رۆژ بەبڕی 23 ملیۆن دۆلار بەكرێ گرت.
زیانەكانی ئاگرەكەی توركیا
تائێستا حكومەتی توركیا بەفەرمیی زیانەكانی ئاگرەكانی بڵاونەكردووەتەوە، بەتایبەتی زیانە ماددی و داراییەكان.
بەپێی ماڵپەڕی سەنتەری خێرخوازیی كارەساتەكان، تائێستا لەتوركیادا 95 هەزار هێكتار زەوی و دارستان سوتاون، لەكاتێكدا لە 12 ساڵی رابردوودا نێوەندی سوتانی ساڵانە 13 هەزار و 516 هێكتار بووە.
لەڕوی گیانییەوە 14 كەس مردون و 27 كەس هێشتا لە نەخۆشخانەكانن و سەدانی تریش دوای چارەسەر چوونەتە دەرەوە.
چەتین عوسمان بوداق، پەرلەمانتاری ئەنتاڵیا لە پارتی كۆماریی ئۆپۆزسیۆن، بەڕۆژنامەی جمهوریەتی توركی راگەیاند:»زیانی دارایی ئاگرەكان 300 ملیار لیرە (350 ملیۆن دۆلار) تێدەپەڕێنێت».
ئاماژەی بە ئەوەشكرد ئەو نرخە زیانەكانی كەرتی گەشتوگوزاریش لەخۆدەگرێت كە لەدەرئەنجامی ئاگرەكانەوە پێی دەگات.
پەرلەمانتارەكە راشیگەیاند:»رووبەری ئەو دارستانانەی سوتاون 10 هێندەی ئەو رووبەرەی ساڵی رابردووە كە سوتاوە هەزاران دۆنم زەوی دارستان و كشتوكاڵ و لەوەڕگاو ژیانی سروشتیمان لەدەستداوە، نرخی ئابوریی درەختە سوتاوەكانمان دەگاتە 200 ملیار لیرە».
«بەهۆی سوتانی دارستان و ناوچە گەشتوگوزارییەكانەوە، بڕی زیانەكان 300 ملیار لیرە تێدەپەڕێنێت، ساڵی 2019 داهاتی گەشتوگوزار تەنیا لەمانافاعاتی باشوری ئەنتاڵیادا 4.5 ملیۆن دۆلار بووە، ژمارەی گەشتیارەكانی سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن كەمدەكات و زیانەكانمان لەداهاتی گەشتوگوزار 100 ملیار لیرە تێدەپەڕێنێت، ئەوە بێجگە لە لەناوچوونی سامانی ئاژەڵ و هەنگوین»، چەتین عوسمان وای وت.
هاوكات ئاشكراشی كرد كە 48 هەزارو 300 دۆنم زەوی كشتوكاڵیی لەئەنتاڵیا سوتاوە، رووەكە بۆندارەكانی وەك مەریەمیە و غارو جاترە بەتەواوی لەناوچون و زۆر سەختە كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی لەو ناوچانەدا دەستپێبكاتەوە.
#یارمەتی توركیا بدەن
بەردەوامیی ئاگرەكان و ناڕونیی قوربانی و زیان و كاتی كوژانەوەیان، حكومەتی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر كردەوە. لەگەڵیدا هاشتاگی #helpturkey یارمەتیی توركیا بدەن، لە ئاگرەكە خێراتر تەشەنەی سەندو لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا زیاتر لەدوو ملیۆن و 500 هەزار تویت كرا.
بڵاوبوونەوەی ئەو هاشتاگە بووە مایەی نیگەرانیی و توڕەبوونی ئاكەپەو مەهەپەو بڵاوكەرەوەكانیان بەخیانەتكار لەقەڵەمداو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی:»ئەوە هەوڵی دوژمنانە تاوەكو توركیا وەك وڵاتێكی لاواز نیشانبدەن».
هەروەها دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپەش رایگەیاند:»كەسانێك هەن دەیانەوێت لەناومان ببەن و هەڵمانبوەشێننەوە، كارەساتەكان بەهێزو خۆڕاگریمان تێدەپەڕێنین، خۆبەدەستەوەدان ئەو خاڵە لاوازەیە لە سروشتی ئێمەدا بوونی نییە».
هاوكات نوسینگەی داواكاری گشتی لێكۆڵینەوەیەكی لەسەر ئەو هاشتاگە دەستپێكرد، كە بەوتەی ئەو ئامانجی»نانەوەی پشێوی و ترس و تۆقاندنی دانیشتوان و سەرزەنشتكردنی حكومەتە».
دوابەدوای ئەوە هەڵمەتێكی دەستگیركردنی چالاكوان و رەخنەگرەكان دەستیپێكردو تائێستا هەزاران كەس گیراون لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەو هاشتاگە و هەر پۆستێكی تری سۆشیال میدیا كە باس لەشكستی حكومەت و بەردەوامیی ئاگرەكان بكات.
تەنیا لەئەنتاڵیا، فەرماندەیی درك سكاڵای لەسەر 66 كەس تۆماركردووە و داوای راگرتنی 17 ماڵپەڕی كردووە.
لەگەڵیشیدا دەستەی رێكخستنی راگەیاندن هەڕەشەی غەرامەكردنی لەو كەناڵە تەلەفیزیۆنییانە كرد كەوێنەی راستەوخۆی ئاگرەكانیان دەگواستەوە، بۆیە زۆرێك لەكەناڵەكان روماڵكردنی ئاگرەكانیان راگرت.