بەزۆر دەستدرێژی دەكرایە سەرم‌و ئازارەكەی وەسف ناكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

«سێ جار كڕین و فرۆشتنم پێوە كراو حەوت جار هەوڵی هەڵهاتنم داو 90 حەپم خوارد تا بمرم و لەدەست داعش رزگارم ببێت، بەزۆر دەستدرێژی دەكرایەسەرم كە لەوە ناخۆشتر نییە دەستدرێژی بكرێتەسەر شەرەف كە چۆنێتییەكەی و ئازارەكەی وەسف ناكرێت».

حەلا سەفیل ، كچێكی رزگاربووی دەستی داعشە ، زیاتر لەسێ ساڵ لەژێر ئەشكەنجەو مامەڵەی خراپی داعشدا بووە، ئەو هەشت جار هەڵاتووە لەژێر دەستی داعش رزگاربكرێت، جاری هەشتەم توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە سوپای عێراق و رزگاری ببێت.

حەلا سەفیل، خەڵكی كۆمەڵگای تل قەسەبە سەر بەقەزای شەنگال لەدایكبووی 1996، رۆژی 2ی ئاب 2014 لەناوچەی (قنێ) كە حەوت كیلومەتر دوورە لەناوەندی شەنگال، لەگەڵ دایك و باوك و خوشك و براكانی دەكەوێتە دەست چەكدارانی داعش، دوای دەستگیركردنیان ژن و پیاو لێك جیاكرانەوە، دواتر ژن و كچیان گواستنەوە بۆ تەلەعفەر.

 دوای سێ رۆژ مانەوە لەتەلەعفەر دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی بادۆش لەسنوری شاری نەینەوا، لەزیندانی بادۆش دووبارە دایك و كچەكانیان لێك جیاكرانەوە، ئینجا كچیان گواستەوە بۆ ماڵی ئەسێل نوجەیفی لەناوەندی موسڵ، وەك حەلا سەفیل  بۆ پەیامنێرەكەی هاوڵاتی باس كرد.

«كاتێك ئێمەیان گواستەوە بۆ ماڵی ئەسێل نوجەیفی لەوێ ناخۆشترین شت لەژیانی مندا دەستپێكرا ئەویش كڕین و فرۆشتنی كچان بوو ، لەوێ هەندێك چەكداری داعش دەهاتن 10 كچیان دەكڕی، هەندێكی تر پێنج كچیان دەكڕی بەپێی حەزو خواستی خۆیان، دوای كڕین دەیانبرد بۆ شاری رەققە، تەلەعفەر، بەعاج ، ئیتر هەركەسێك بەئارەزوی خۆی بۆ چ شوێنێكی بردبا»، حەلا سەفیل وا دەڵێت .

«سێ جار كڕین و فرۆشتنم پێكراوە، دوو لەو چەكدارانە بە رەگەز سعودی بوون و ئەوەی تر عێراقی، ناخۆشترین شت هەر ئەوەبوو كە بەزۆر دەستدرێژییان دەكردەسەرم، لەوە ناخۆشتر نیە دەستدرێژیی بكرێتەسەر شەرەف كە لەهەموو شتێك گرنگترە، هەموو شتێكی خراپیان دەكرد ناتوانم وەسفی بكەم».

حەلا باس لەچۆنیەتی خواردنی 90 حەب دەكات تابمرێت و لەژێر دەستی ئەوان رزگاری بێت، وتی:» زۆر بێزاربووم لە چەكدارانی داعش، زۆر شتمان تاقیكردەوە تا بمرین، چەند جارێك هەوڵی خۆ خنكاندنم دا، بەڵام زوو زوو دەیانزانی و رێگەیان بەئێمە نەدەدا خۆمان بكوژین، جارێك دەستی خۆم بڕی، دواینجار لەماڵی كریستیانەكان سێ كارتۆنی حەبی (مقەوی)م بەدەستهێنا، تەنها لەیەك كاتدا 90 حەبی (مقەوی )م خوارد، دوای خواردنی حەب لەهۆش خۆم چووم، هێندە زانیم لەنەخۆشخانەم».

حەلا باس لەوەدەكات كە بەو حەبانە نەمردو ئێستاش بەهۆی خواردنی ئەو حەبانە تەندروستیی باش نیە، وتیشی:»كە زانیان حەبم خواردووە یان هەر جارێك هەوڵی خۆ كوشتنم دەدا ئێمەیان لەكارەبا دەداو دەیان سزادانی تر، هەشت جار هەوڵی هەڵهاتنمدا سوودی نەبوو ، لەكۆی ئەو هەوڵانە حەوت جار چەكدارانی داعش زانیان دووبارە منیان دەستگیردەكردو سزایان دەدام بەقورسترین و ناخۆشترین شت كە باس ناكرێت».

حەلا كاتی هەڵهاتنی لەدەست چەكدارانی داعش دەخاتەڕوو كاتێك فیرقەی زێڕینی لەشكری عێراق دەگەنە موسڵ ، حەلا بۆ جاری هەشتەم هەوڵدەدات خۆی رزگار بكات»لەبەری چەپی موسڵ بووم، زانیم سوپای عێراق هاتووەتە ناو سەنتەری موسڵ، هەوڵی هەڵاتنمدا بەچەند قۆناغێك خۆم گەیاندە بەری راستی موسڵ و یەكسەر خۆم رادەستی سوپای عێراق كرد، پێش ئەوەی بگەمە بەری راست لە رێگا هەر كەسێك پرسیاری لەمن كردبا نەمدەگووت ئێزیدیم تاگەیشتمە خاڵێكی سوپای عێراق، لە رێكەوتی 1/ 7/ 2017 بەتەواوی لەژێر دەستی داعش رزگاربووم».

حەلا سەفیل، پێنج براو سێ خوشكی هەیە، دوای حەوت ساڵ هێشتا چارەنووسی دایك و باوك و سێ برای حەلا دیار نیەو بێسەروشوێنن، حەلا لەگەڵ سێ خۆشكی خۆی و برایەكی لەكەمپی بێرسیف لەسنوری قەزای زاخۆ ژیان دەگوزەرێنێت .

حەلا لەدوای رزگاربوون لەژێر دەستی چەكدارانی داعش  لەكەمپی بێرسیف لەگەڵ برایەك و سێ خوشكی ژیان دەگوزەرێنێت و دوای وەرگرتنی چارەسەری دەروونی بۆ ماوەی دوو مانگ، لەگەڵ رێكخراوێك كاری (پاككەرەوە) دەكات لەنەخۆشخانەی كەمپی بێرسیف، وتی:» بەداخەوە لەدوای ئەو هەموو ناخۆشییانە ئیشی پاككەرەوە دەكەم، هەرچەندە ئیشكردن شەرم نیە و شەرەفێكی گەورەیە بۆ من، بەڵام عەیب و شەرمە بۆ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان كە بەهەموو شێوەیەك ئێمەیان «قوربانیانی ئێزیدییەكانیان پشتگوێخستووە».

«كەیسی شەنگال و رزگاربووانی دەستی داعش وەكو یاری منداڵانی لێهاتووەو یاری بەئێسك و پروسك و نەخۆشییەكانی ئێمەوە دەكرێت، هەندێكجار بەناچارییەوە باس لەكەیسی شنگال دەكەن، هیچ شتێك بۆ ئێمە نەكراوە»، حەلا وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار