سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری: ڕوبەڕوى گروپە توندڕەوەکان بوینەتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری رایگەیاند:" دەزگا ئەمنییەکانى کوردستان بەپشتیوانیى وڵاتانى هاوپەیمان و بەشێک لە وڵاتانى ئیقلیمیى ڕوبەڕوى تیرۆریزم و گروپە توندڕەوەکان بوینەتەوە".

ئەمڕۆ یەكشەممە، 12 ئەیلولی 2021، ئەژی ئەمین، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری لە نوسینێکدا بەناونیشانی "هێرشی 11ى سێپتەمبەر، تیرۆر فیکر و کارو کاردانەوەیە" رایگەیاندوە: "دواى 20 ساڵ لە هێرشە تیرۆریستییەکانى 11ى سێپتەمبەر، هێشتا تیرۆر مەترسییەکى گەورەیە، وەکو بیرکردنەوە هەمیش بەهۆى ئەو پێگە جیۆسیاسییەى کە هەرێمەکەمان خۆى تێدا دەبینێتەوە".

سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری باسی لەوەشکردوە، "تیرۆریزم لە چەند ساڵى نزیکى ڕابردودا، زیاتر سودى لە تەکنەلۆژیاى مۆدێرن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتوە، گروپە تیرۆریستییەکان لەڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکانى نوێ دەخەنە ڕیزەکانیانەوە، ئایدیۆلۆژیاکەیان بڵاودەکەنەوە و پروپاگەندەى بێبنەما دروست دەکەن". 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەزگا ئەمنییەکانى کوردستان بەپشتیوانیى وڵاتانى هاوپەیمان و بەشێک لە وڵاتانى ئیقلیمیى ڕوبەڕوى تیرۆریزم و گروپە توندڕەوەکان بوینەتەوە، ئەم گروپانە لە هەر زەمان و پێگەیەکى جوگرافیدا بەشێوەى جیاواز دەرکەوتون، دەتوانین بڵێین ساڵ بۆ ساڵ میتۆدى نوێتریان گرتوەتەبەر بۆئەوەى کردە تیرۆریستییەکانیان ئەنجام بدەن و ناسەقامگیرى کۆمەڵایەتى، سیاسى و ئابورى دروست بکەن". 

دەشڵێت، "ناسەقامگیرى سیاسى و کۆمەڵایەتى، قەیرانى دارایى و پشێویەکانى ناوچەکە هۆکارى دیکە بون کە گروپە تیرۆریستى و بزوتنەوە توندڕەوەکان لێى سودمەند بون لەناوچەکەدا، هەربۆیەشە قوڵبونەوەى قەیرانە سیاسییەکان و دۆخى ناهەموارى دارایى وادەکات گروپە تیرۆریستییەکان مۆڵگەى نوێ دابنێن".

سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری رونیکردوەتەوە، "سەرەڕاى هۆکارە ناوەکییەکان، هەندێجار تیرۆریزم هەناردە دەکرێت بەپشتیوانیى ئەو دەوڵەتانەى تیرۆریزم بەرهەمدەهێنن یاخود ئەجێنداکانیان لەڕێگەى گروپە تیرۆریستییەکانەوە بەدیدەهێنن، کاتى ئەوە هاتوە بەشێوازێکى دیکە ڕوبەڕوى تیرۆریزم ببینەوە، سەرەڕاى ڕێکارە ئەمنییەکان، دەستبخەینە سەر برینە ناوەکییەکان، کۆتایى بە ناسەقامگیرى سیاسی و تەنگژە داراییەکان بهێنین، دەبێت شەرعییەتى ئاینیى لە گروپە تیرۆریستییەکان وەربگرینەوە، لە رۆحى ئاینەوە، لەڕێگەى مامۆستایانى ئاینییەوە پەیامێک دور لە مەرام و بەرژەوەندى سیاسى بەشێوەیەکى تەندروست بڵاوبکرێتەوە".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "گروپە تیرۆریستییەکان ئایین بۆ مەرامى خۆیان بەکاردەهێنن، هەر کەس و لایەنێک لەدەرەوەى ئەو تێگەیشتنە ئاینییەى خۆیانەوە بێت، ڕاستەوخۆ دەکرێتە ئامانج، ئیتر بەلایانەوە گرنگ نیە کە سەر بە کام مەزهەب و ئاین و تێگەیشتنێکە، بەهەمانشێوە گروپە تیرۆریستییەکان نیشتمانیان نیە، کاتێک هاوڵاتییەک هەستى نیشتمانپەروەرى لاواز دەبێت، قۆناغێک نزیکتر دەبێتەوە لەوەى لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە مێشکى بشۆرێتەوە، کاتى ئەوەیە نیشتمان ببێتە لانکەى ئاسودەیى و گۆشکردن و خزمەتکردنى هاوڵاتیانیى بۆئەوەى لەلایەن گروپە توندئاژۆکانەوە بەئامانج نەگیرێن، نە خۆیان ببنە قوربانى و نە بکرێنە قوربانى، دەبێت دەست لەناودەست ڕوبەڕوى هەر مەترسییەک ببینەوە کە ڕودەکاتە نیشتمانەکەمان".

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار