بایكۆت‌و سووتاندنی دەنگ؛ لەدەنگی حزبەكان زیاتربوو

رێكخراوێك: بایكۆت كاتێك براوە دەبێت كە لەسەر كارتی دەنگدانەكە بنووسرێت بایكۆت

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

لە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، بایكۆت و سوتاندنی دەنگ لەدەنگی حزبەكان زیاتر بووەو بەو هۆیەوە لایەنەكان بەژمارەیەكی كەمی دەنگەوە كورسییان بردووەتەوە.

لەهەڵبژاردنی ئەم جارەدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بایكۆتیان كرد و دەنگیان نەدا كە رێژەیان 59٪ی كۆی گشتی ئەو كەسانە بوو ناویان بۆ دەنگدان هاتبووەوە.

رۆژی 10/10/2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كرا كە لەكۆی 22 ملیۆن و 116 هەزار و 368 كەس كە ناویان بۆ دەنگدان هاتبووەوە، نۆ ملیۆن و 77 هەزار و 779 كەس دەنگیان دا كە 41٪ی هاووڵاتیان بەشداربوون.

هەڵبژاردن و بایكۆت و قسەی رێكخراوەكان:

چەندین رێكخراو چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان كرد كە لە 10ی تشرینی یەكەمی رۆژی یەكشەممە ئەنجامدرا، پەیمانگای كوردی بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان یەكێك بوو لەو رێكخراوانەی كە لەسنوری پارێزگای سلێمانی 403 چاودێریان هەبووە.

ئارام جەمال، ئەندامی پەرمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگای سلێمانی، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد بەپێی ئەو هەڵبژاردنانەی كە لە 2005وە تائێستا چاودێری دەكەن، یەكەم هەڵبژاردنە  كە هیچ تەزویرێكی وا نەبووە كەكاریگەری هەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، تەنیا هەندێك شتی ورد هەبووە، چونكە بەراورد بەهەڵبژاردنی 2018 زۆر جیاواز بووە.

ئارام جەمال وتیشی:» ناتوانین بڵێین بایكۆت براوە بووە، چونكە بایكۆت كاتێك براوە دەبێت كە لەسەر كارتی دەنگدانەكە بنووسرێت بایكۆت واتە لەو كاتەدا دەتوانین بڵێین زۆرینەیە، بۆیە كە خەڵكێك هەر ناچێت بۆ دەنگدان چۆن دەتوانین بڵێین بایكۆتی كردووە».

بەپێی ئاماری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژارنەكان  رێژەی دەنگدان  لەسەرتاسەری عێراق لەسەدا 37 بووە و  هەشت هەزار و 37 چاودێریان هەبووە.

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانەوە لەئامارێكی تۆڕەكەیاندا ئەوەیان باسكردووە كە 281 بنكە لەكاتی خۆیدا نەكراوەتەوە و 443 حاڵەتی وەستانی ئامێرەكان هەبووە، 783 بنكەو وێستگە چاودێران و نوێنەری پاڵێوراوەكان دورخراونەتەوە و 543 حاڵەتی بردنە ژوورەوەی موبایل تۆمار كراوە و ژمارەی ئەو كەسانەی دەنگیان داوە بەپێی ناسنامەی دووەم 703 حاڵەت بووە، راوەستانی بنكەی دەنگدان بەشێوەیەكی فەرمی 480 حاڵەت بووە كە پرۆسەكە وەستێنراوە و 387 حاڵەتی سوریان تۆمار كردووە كەدەچنە خانەی دەنگدانی بەكۆمەڵەوە.

هۆگر چەتۆ، رێكخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژارنەكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەڕاپۆرتی خۆماندا ئەوەمان خستۆتەڕوو كە هەڵبژاردنەكان بەئارامی بەڕێوەچووە و كۆمسیۆن لەبابەتی سەرپەرشتی كردنی پرۆسەكە سەركەوتوو بووەو  قەبارەی ئەو رووداوانەی كە ڕوویانداوە ناگاتە ئەو ئاستەی گومان بكاتەسەر دەرئەنجامەكان».

هۆگر چەتۆ پێشیوابوو كۆی سكاڵاكان لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت، لەسەدا 95ی دەرئەنجامەكان راگەیاندراوەو ئەو رێژەیەی كەباسكراوە كاریگەری دەبێت  بەپێی جۆری سكاڵاكە، وتیشی:» بۆیە سكاڵا هەیە لەناوچەیەكی جوگرافی كە ئیسپات بووە بەزۆر خەڵكیان دورخستۆتەوە لەدەنگدان ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەو ناوچەیە ئیلغاكراوەتەوە».

«بەپێی ئەو سكاڵایانەی ئێستا رەنگە كانیدەدكان ئاڵوگۆڕیان پێ بكرێت بەپێی ئەنجامەكان، بەڵام ئەنجامەكان ئەوەندە خراپ نەبووە تا كاریگەری لەسەر كۆی پرۆسەكە هەبێت»، رێكخەری تۆڕی شەمس وا دەڵێت.

لەلایەكی دیكەوە، ئەكرەم قادر، بەرپرسی گشتی هەڵبژاردن لەڕێكخراوی تەمموز، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»پێشێلكاری  هەر دەبێت و هەبووە، بەڵام زۆر كەمتر بووە  لەچاو هەڵبژادنەكانی پێشووتری عێراق و هەرێم، بەڵام لەهەمووی گرنگتر پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێم وایكرد كەبەشداری هاووڵاتیان بۆ دەنگدان زۆر كەمبێت، كەبەداخەوە كەمترین رێژە لەسلێمانی بوو كەگرنگترین هۆكاری نەگونجاوی هاوپەیمانەتییەكان و كێشەی لایەنە سیاسییەكان بووە».

پارتی لەسلێمانی و یەكێتی و كۆمەڵ لەهەولێر سكاڵا تۆمار دەكەن

هەندێك لەلایەنە سیاسییەكان لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان و پێش یەكلاكردنەوەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رایانگەیاند پێشێلكاری زۆر كراوەو تائێستا ژمارەیەك سكاڵایان تۆمار كردووە.

بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و یاسای هەڵبژاردنەكان لەماوەی 72 كاتژمێری دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان لایەنەكان دەتوانن سكاڵا پێشكەش بكەن و كۆمسیۆنیش لەو ماوەیە وەڵامیان دەداتەوە.

یەكێك لەو لایەنانەی كەزۆرترین سكاڵای تۆماركردووە پارتی دیموكراتی كوردستانە كەزیاتر لە 28 سكاڵای تۆماركردووە.

هاوار محەممەد، ئەندامی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی بەهاوڵاتى وت: «ئێمە لەسنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان  و نەینەوا سكاڵامان تۆماركردووە و ناوەڕۆكەكانیان زۆر بەهێزە، چونكە بەپێی ئەو راپۆرتەی لەلایەن كۆمسیۆنەوە بەبریكاری لایەنە سیاسییەكان دراوە، ئەنجامەكانی جیاوازن لەوەی كەئێستا لەلایەن كۆمسیۆنەوە راگەێندراوە».

هاوار محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەكرد سكاڵاكانیان بەڵگەی تەواو پشتڕاستكەرەوەیان هەیەو وتی:» بێگومان دەرئەنجامی زۆر كاریگەری لێدەكەوێتەوە كە بەشێوەیەكی راست و دروست لێكۆڵینەوەی تێدابكرێت».

لەهەمانكاتدا، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، جەخت لەوەدەكاتەوە لەهەندێك بازنەی هەولێر پێشیلكاری و خروقات كراوە و سكاڵایان تۆمار كردووە.

حاجی مەسیفی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەهەولێر  لەبەشی زۆری بنكەو وێستگەكان پێشێلكاری كراوەو پێشتر ئامادەكاری كراوە ئامێرو دەنگەكان ئامادەكراون، بەڵگەش بۆ ئەوە چاودێرەكان بۆ چەند كاتژمێرێك دەركراون و دواتر گەڕێنراونەتەوەو دەرئەنجامی میمۆری و سندوقەكان جیاوازی زۆرە و سكاڵامان كردووە».

حاجی مەسیفی، ئەوەشی دووپاتكردەوە كەچاوەڕێی وەڵامی كۆمسیۆنن بۆ سكاڵاكەیان و ئەنجامی دیاریكراویان دەوێت و بەڵگەی تەواویان لەبەردەستدایە.

هاوكات، بێستون حەمەساڵح، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى، هێمای بۆ ئەوەكرد كە بەهیچ جۆرێك لەپرۆسەی دەنگدان رازی نیین و دەنگەكانیان بەشێوازێكی راست و دروست نەگەڕاوەتەوە»چاوەڕێی ئەنجامی سكاڵاكانین و دوای ئەوەی گەیشتنە ئەنجامی واقیعی و دروست، هەڵوێستمان دەبێت».

بێستون حەمەساڵح پێشیوابوو لەبازنەی چواری هەولێر كاندیدەكەیان عەبدولستار مەجید كورسی بەدەستهێناوەو دەنگەكانیان زیاترە لەوەی راگەیاندراو

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار